رووداو دیجیتاڵ
لەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان کرد.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکە، یۆهان وادپۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە" و لە داهاتوو راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان کرد."
دواتر مایکی رۆژنامەڤانان بردرایە بەردەم دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و لەبارەی کۆبوونەوەکەی جنێڤ گوتی: "ئێمە راشکاوین، نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت."
بە گوتەی دەیڤد لامی، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ "بەردەوامیدان" بە دانوستاندن [لەنێوان ئیسرائیل و ئێران.]
ئەو وەزیرە بەریتانییە راشیگەیاند: "هانی ئێران دەدەین لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێت."
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە، لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکرێت پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بکرێت."
ژان نوێل بارۆ باسی لەوەشکرد: "لە داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە [بۆ دانوستاندن] لەسەر هێڵ دەبین."
ئەو وەزیرە فەرەنسییە باسی لە هەڵوێستی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکان کرد و گوتی: "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ بەردەوامیی ئەم کۆبوونەوانە."
"ئێران ویستی خۆی بۆ دانوستاندن لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی پێ راگەیاندین." ئەمە بە گوتەی ژان نوێل بارۆ و هەروەها راشیگەیاند: " ئێمە لێرەین لەپێناو دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
دواتر کایا کالاس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "دەبێت دەرگای دانوستاندن لەگەڵ ئێران بە کراوەیی بهێڵینەوە و رێککەوتین گفتوگۆ لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی و کێشەکانی دیکەش بکەین."
🔴 کۆبوونەوەکە تەواو بوو؛ عێراقچی چی بە بەرپرسانی ئەورووپا گوتووە؟ زنار شینۆ لە جنێڤەوە ئاشکرای دەکات pic.twitter.com/Gp1ZjxYqJ4
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 20, 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ