ترەمپ: لەگەڵ زیلینسکی قسەم کرد و بەڵێنی کۆتاییهێنانی جەنگم پێدا

20-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە و بەڵێنی پێداوە جەنگی ئۆکراینا بوەستێنێت.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی کە بە Truth ناسراوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆک زیلینسکی دەکەم بۆ پەیوەندی پێوەکردنم. وەک سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشتی بۆ جیهان دەهێنم."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، دەتوانێت جەنگی ئۆکراینا بوەستێنێت و دەڵێت، "ئەو جەنگە دەوەستێنم کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و خێزانێکی زۆر بوونەتە قوربانی. دەبێت هەردوولا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکەن کە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە."
 
زیلینسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، پیرۆزبایی لە ترەمپ کردووە بۆ بوون بە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی.
 
ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە بایی دەیان ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا کردووە.
 
ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوا بە خێرایی کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت. 
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانیا گوتی، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا "کارکردن لەگەڵی قورس دەبێت".
 
تاوەکو ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بایی نزیکەی 400 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکراینایان کردووە، لەو بڕە نزیکەی 120 ملیاری هاوکاری سەربازی بووە. 
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20٪ی خاکی ئۆکراینا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە