رووداو دیجیتاڵ
عەتائوڵڵا تارەر، وەزیری زانیاری و گەیاندنی پاکستان دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە گفتوگۆکانی ئاشتیی ئیسلامئابادی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار و هێشتا چاوەڕێی وەڵامی تارانن.
تارەر لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، تاوەکو ئێستا وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر، چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی لایەنی ئێرانییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەشداریکردنی شاندەکەیان لە گفتوگۆکانی ئاشتی. وەزیرەکە گوتی، پاکستان بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە پەیوەندیدایە.
بەپێی زانیارییەکانی تارەر، ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاژێر 4:50ـی بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسان (بە کاتی پاکستان) کۆتایی پێ دێت. واتە کاژێر 2:50ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر.
وەزیرەکە گوتی، بڕیاری ئێران بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان بەر لە تەواوبوونی ئەو کاتە، کارێکی "یەکجار گرنگ و یەکلاییکەرەوەیە".
تارەر گوتی: "پاکستان هەوڵی یەکجار زۆری داوە بۆ رازیکردنی سەرکردایەتیی ئێران تاوەکو بەشداری لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکاندا بکەن، ئەم هەوڵانەشمان تاوەکو ئێستا بەردەوامن."
ئەم لێدوانانەی بەرپرسە پاکستانییەکە لە کاتێکدا دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە ئاگربەست درێژ ناکاتەوە و ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە. ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر تارانن تاوەکو بزانرێت ئایا پێش بەرەبەیانی سبەی شاندەکەیان رەوانەی ئیسلامئاباد دەکەن یان ناوچەکە بەرەو شەپۆلێکی نوێی جەنگ هەنگاو دەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ