رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپرسیی رۆیتەرز/ئیپسۆس، ئاستی جەماوەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە خولی ئێستای سەرۆکایەتیدا، ئەمەش دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و دروستبوونی گومان لەسەر باری دەروونی و رەفتارەکانی.
راپرسییەکە کە ماوەی شەش رۆژی خایاندووە و ئەنجامەکەی رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە تەنیا 36%ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی ترەمپ رازین. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بەرزترین ئاستی پشتگیری هەبوو کە 47% بوو.
جەنگی ئێران و نرخی سووتەمەنی
دۆناڵد ترەمپ لەژێر گوشارێکی زۆردایە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیدارەکەی و ئیسرائیل لە شوباتی رابردوودا جەنگیان دژی ئێران راگەیاند، ئەوەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخی سووتەمەنی.
راپرسییەکە دەریخستووە کە تەنیا 26%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران شایەنی ئەو تێچووە زۆرە بوون، هاوکات تەنیا 25%ی بەشداربووان پێیان وایە ئەم جەنگە ئەمریکا پارێزراوتر دەکات.
گومان لە توانای ژیریی ترەمپ
بەشێکی بەرچاوی ئەمریکییەکان، تەنانەت لەنێو لایەنگرانی پارتی کۆماریش، نیگەرانییان لەبارەی هاوسەنگی و باری دەروونیی سەرۆکە تەمەن 79 ساڵەکەی ئەمریکا هەیە. 51%ی ئەمریکییەکان دەڵێن لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانای ژیریی ترەمپ "بەرەو خراپی" چووە.
تەنیا 26%ی بەشداربووان ترەمپ بە کەسێکی "هێمن" دەبینن. لایەنگرانی ترەمپ خۆشی لەسەر ئەم پرسەدا دابەش بوون؛ 53٪ـی کۆمارییەکان پێیان وایە کە سەرۆکەکەیان خاوەن رەفتارێکی هاوسەنگە و 46٪ـیان پێیان وایە پێچەوانەکەی راستە. تەنیا 7%ی دیموکراتەکان ترەمپ بە خاوەن دەروونێکی هاوسەنگ دەبینن.
رەخنەگرتن لە پاپای ڤاتیکان و هەڕەشە لە هاوپەیمانان
ترەمپ بەم دواییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی "سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران"ی کردووە و رەخنەی لە پاپا لیۆش گرت و بە بێهێز ناوی برد، ئەوەش دوای ئەوەی پاپا رەخنەی لە جەنگی ئێران گرت.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پاپا لیۆ لەنێو ئەمریکییەکاندا کەسێکی رێزلێگیراو و خۆشەویستە؛ 60%ی خەڵک پاپایان خۆشدەوێ، لەکاتێکدا ئەو رێژەیە بۆ ترەمپ تەنیا 36%ـە.
وەک لە راپرسییەکەدا هاتووە، تەنیا 16%ی ئەمریکییەکان پشتگیری لە کشانەوەی وڵاتەکەیان لە هاوپەیمانیی ناتۆ دەکەن، کە ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لەو جۆرەی کردبوو.
بژێوی ژیان و باری ئابووری
لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی بەهۆی جەنگەوە، تەنیا 26%ی ئەمریکییەکان لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ دۆخی ئابووری و گرانی رازین، کە ئەمەش نزمترین ئاستی پشتگیرییە بۆ کارە ئابوورییەکانی لەوکاتەوەی بووەتە سەرۆک.
ئەم راپرسییە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەیە و بڕیارە بەیانی کۆتایی پێدێت. کۆشکی سپیش تاوەکو ئێستا هیچ کۆمێنتێکی لەسەر ئەنجامی راپرسییەکە نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ