گرژی لەنێوان باڵیۆزەکانی ئەمریکا، چین و رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دروستبوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو گرژی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بوو، دوای ئەوەی باڵیۆزەکانی ئەمریکا و چین یەکدییان بە هاوکاریکردنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا تۆمەتبار کرد، ئەمەش وەڵامێکی خێرای لەلایەن مۆسکۆوە لێکەوتەوە.
 
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنە نائاساییەکەی تایبەت بە ململانێی ئۆکراینادا، رایگەیاند، "داوا لە چین دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە دابینکردنی ئەو کاڵا و کەرەستانە بهێنێت بۆ رووسیا کە بەکارهێنانی دووفاقییان هەیە و توانای جەنگیی ئەو وڵاتە بەهێز دەکەن."
 
هەروەها نێردەکەی ئەمریکا؛ رووسیا و ئێرانی بە رێککەوتنی ژێربەژێر و پێشکێشکردنی پاڵپشتیی سەربازی بە یەکدی تۆمەتبار کرد.
 
برووس گوتی، "پاڵپشتییە سەربازییەکانی رووسیا بۆ ئێران ئاسایشی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو دەخاتە مەترسییەوە. داوا لە رووسیا دەکەین پابەندی بڕیارەکانی ئەم ئەنجوومەنە بێت."
 
لای خۆیەوە، چین ئەمریکای بە دووبارەکردنەوەی "قسەی سواو" و پەنابردنە بەر "هەڵمەتی ناوزڕاندن" تۆمەتبار کرد.
 
سون لێی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "چین دروستکەری ئەم قەیرانە نییە. لەوەتەی قەیرانەکە سەریهەڵداوە، بەردەوام و بۆ ماوەیەکی درێژ چەک رەوانەی گۆڕەپانی جەنگ کراوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ درێژکردنەوەی جەنگەکە."
 
هاوکات نێردەی رووسیا باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکراینا "نمایشێکی هەرزانی پلە دوو" دەکەن، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن سەرنجی جیهان بگوازرێتەوە سەر قەیرانەکانی دیکە.
 
هەروەها رەخنەی تووندی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت بەهۆی ئەوەی لە رێگەی بەردەوامبوون لە پڕچەککردنی ئۆکراینا ململانێکە ئاڵۆزتر دەکەن و ئەو بانگەشانەشی رەتکردەوە کە باس لە پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن رووسیاوە دەکەن، لەبری ئەوە گوتی، هێزەکانی ئۆکراینا چەندین جار ئەو ئاگربەستەیان پێشێلکردووە کە بەمدواییە راگەیێندراوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری ئۆکراینا بانگەشەکانی مۆسکۆی رەتکردەوە و گوتی، ئەوانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتری چەواشەکاری. ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی رووسیا لە رێگەی بەکارهێنانی درۆن، مووشەک و بۆمبی ئاسمانییەوە بەردەوامن لە بەئامانجکردنی ژێرخانی سڤیل، ئەمەش بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەربڵاو و کەوتنەوەی قوربانی.
 
نێردەکەی ئۆکراینا ئەوەشی گوت، ئەو بانگەشانەی رووسیا دەیکات سەبارەت بە گەیاندنی زیان بە خەڵکی سڤیل لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە، ناتوانرێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێنەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە کیێڤ هێرش ناکاتە سەر خەڵکی سڤیل.
 
ئەم تۆمەتبەخشینەوەیە لە میانی کۆبوونەوەی ئاستبەرزی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو لەژێر ناوی 'پاراستنی ئاشتی و ئاسایش لە ئۆکراینا'، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ململانێ بەردەوامەکە و لێکەوتە جیهانییەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتیی ئەورووپا

یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوێکی دیکە دەنێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا

یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا چڕتر دەکاتەوە و پێشنیازی دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هاوکاریی نێوانیان دەکات؛ ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ قۆناخی دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.