نەتەوە یەکگرتووەکان: پار نزیکەی 8000 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پار نزیکەی 7900 کۆچبەر لە رێگە جیاوازەکانی کۆچی نایاساییدا لە جیهان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. بەمەش ژمارەی کۆی گشتیی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێبوون لە رێگەی کۆچ لە ساڵی 2014وە 80 هەزار کەسی تێپەڕاند.
 
رۆژی سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، نەبوونی رێگەی سەلامەت و یاسایی، وای لە خەڵک کردووە پەنا بۆ گەشتە مەترسیدارەکان ببەن. هەرچەندە ژمارەی قوربانیانی ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی 2024 (کە 9200 کەس بوو) کەمیکردووە، بەڵام رێکخراوەکە دەڵێت ئەمە بەهۆی "کەمکردنەوەی هاوکارییەکان و سنووردارکردنی زانیارییەکانە"، نەک ئەوەی رێگەکە سەلامەت بووبێت.
 
کۆچ بەرەو باکوور لە رێگەی ئەمریکای ناوەڕاستەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. رێکخراوەکە هۆکارەکەی بۆ "گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتەکانی کۆچی ئەمریکا و داخستنی سنوورەکان" لەلایەن ئیدارەی واشنتنەوە دەگەڕێنێتەوە.
 
هەرچەندە ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئەورووپا کەمیکردووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 3400 حاڵەتی مردن و بێسەروشوێنبوون لە رێگە دەریاییەکانی ئەورووپا تۆمارکراون. لە گۆڕانکارییەکی نوێدا، کۆچبەرانی بەنگلادیشی بوونەتە گەورەترین گرووپی کۆچبەر کە دەگەنە ئەورووپا، لە کاتێکدا رێژەی کۆچبەرانی سووری کەمیکردووە.
 
ساڵی 2025 بە "خوێناویترین ساڵ" بۆ پەنابەرانی رۆهینگیا دادەنرێت؛ نزیکەی 900 کۆچبەر لە کەنداوی بەنگال و دەریای ئەندامان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
 
ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند: "لە پشت ئەم ژمارانەوە چیرۆکی ئەو مرۆڤانە هەن کە گەشتی ترسناکیان کردووە و ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئێستاش چاوەڕێی هەواڵێکن و رەنگە هەرگیز پێیان نەگات."
 
رێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 340 هەزار کەس لە کەسوکاری کۆچبەران بەهۆی بێسەروشوێنبوونی ئازیزانیانەوە تووشی کێشەی دەروونی، یاسایی و ئابووریی قورس بوونەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کە ئیرادەیەکی سیاسیی جیدییان هەبێت بۆ پاراستنی ژیانی کۆچبەران و دابینکردنی رێگەی سەلامەت بۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیم کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە

تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، دەست لەو پۆستە دەکێشێتەوە کە لە ستیڤ جۆبس بۆی مابووەوە، بەمەش کۆتایی بە سەردەمێکی نزیکەی 15 ساڵە دەهێنێت کە تێیدا بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە زیاتر لە 3.6 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەوە.