بەرپرسێکی سوێدی نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ستۆکهۆڵم دەردەبڕێت

21-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای سوێدی نیگەرانیی خۆی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سوێد دەردەبڕێت. 
 
کارڵ بیڵت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تویتێکدا لە بارەی کشاندنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆکهۆڵم دەڵێت، "ئەمە زۆر جێگەی نیگەرانییە. پەیوەندییەکانی نێوان سوێد و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە باش بوون و بەستەری بەهێز و مرۆیشیان هەبووە." 
 
سیاسەتڤانە سوێدییە 74 ساڵانەکە لە تویتێکی دیکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ وەستاندنی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەردەبڕێت. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە پۆلیسی سوێد، سەلوان مۆمیکا، هەمان ئەو پەناخوازە عێراقییەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووز، دووبارە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لەو شارە، بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کرد، کە ئەوەش ناڕەزایی تووندی حکومەتی عێراق و بەشێکی وڵاتانی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتەوە. 
 
عێراق بڕیاریدا هەڵسوڕێنەری کاروباری خۆی لە ستۆکهۆڵم بکشێنێتەوە و داوای لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد عێراق بەجێبهێڵیت.
 
هەمان رۆژ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەڵپەساردنی کارەکانی نوێنەرایەتیی لەو وڵاتە راگەیاند و گوتی، "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بێڕێزییە دەکات کە بۆ دووەم جارە بەرامبەر قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوێد دەکرێت؛ هاوکات پەلاماردانی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا سەرکۆنە دەکات کە ئەمەشیان دژی نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێکەوتننامەی ساڵی 1961ـی ڤیەننایە."
 
بەرەبەیانی پێنجشەممە، لایەنگرانی رەوتی سەدری چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، ئەوەش نیگەرانی سوێد، ئەوروپا و ئەمریکای لێکەوتەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد.
 
هەروەها دامەزراوەی ئەزهەر لە میسر لە هەمان رۆژدا سەرکۆنەی سوێدی کرد لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بۆ سووتاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز و داوای لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و زۆرینە موسڵمان کرد، هەموو کاڵایەکی سوێدی بایکۆت بکەن. 
لەو بارەیەوە، کارل لە تویتێکدا دەڵێت: "ئەمە خەریکە دەبێتە شتێکی زۆر جیدی."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست