رووداو-ئەنقەرە
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی شاندی وەزارەتی بەرگری تورکیا بۆ واشنتن و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند: پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و تورکیا لەکاتێکدایە کە شاندێکی سەربازی بە سەرۆکایەتی خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لە ئەمریکایە، مژاری گەرمی گفتوگۆکانیشان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا پرسی سووریا دەبێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، هەرچەندە لەلایەن کۆشکی سپی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە کورتی باسی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ کراوە، بەڵام مژاری گەرمی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو دیدار و پەیوەندییەکاندا پرسی سووریا و دروستکردنی ناوچەی ئارامە لەو وڵاتە، هەردوولاش لەسەر ئەم پرسە لە لێدوانەکانیاندا ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بەرپرسیاریێتی خۆیان بەجێبهێنن و لەسەر ئەو پرسە کۆکن، ئەو بابەتە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە و هەردوولاش بەرژەوەندییەکانی یەکدی بپارێزن، واتە هەم ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، هەمیش تورکیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت، ئاماژە بەوەش دەکرێت کە لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا هەیە.
لەڕووی بازرگانیشەوە تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پەرە پێبدات و بیگەیێنێت بە رێژەی 75 ملیار دۆلاری ئەمریکی، لەمبارەیەشەوە دانوستاندن لەنێوان تورکیا و ئەمریکا بەردەوامە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو هەر لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، کە دوای پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا 200 سەربازیان وەکو هێزی ئاشتی پارێز لە سووریا دەمێننەوە، دیارە لەسەر ئەو بابەتە تورکیا رازیکراوە کە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بمێننەوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ناکۆکی لەنێوان ئەمریکا و تورکیا بەتایبەتی لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام هەیە، لە کۆنفرانسی میونشن ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ناوچەی ئارام دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام تورکیا لەوبارەیەوە نیگەرانی خۆی پیشانداو خوازیاری ئەوەیە ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا بێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ