رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی یەکێتیی چێشتلێنەران لە شاری لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا رێپێوانیان کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەربڕی، دەیانەوێت خەڵک رازی بکەن دەنگ بە ترەمپی کۆماری نەدەن.
تێد پاپاجۆرج، ئەمینداری سندووقی یەکێتیی چێشتلێنەران دەڵێت، "هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیمان لەپێشە. پشتیوانیی بایدن دەکەین. باشترین سەرۆک بووە بۆ چینی کرێکار و خێزان و یەکێتییەکان کە لە ژیانمدا بینیبێتم. دۆناڵد ترەمپ، ئاشکرایە ئەو چۆنە. ئەو پلانێکی جیاوازی بۆ خەڵکی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار هەیە کە بۆ ئەندامانی ئێمە ناگونجێت."
یەکێتییەکە 60 هەزار ئەندامی هەیە و پێکدێن لە چێشتلێنەر، کارمەندی گازینۆ، هۆتێل، کافتریا و یانەکانی شەوانە. بڕیاریان داوە، لە رۆژی هەڵبژاردن لە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ 500 ئەندام تەرخان بکەن، بۆئەوەی لە دەرگەی خەڵک بدەن و لەسەر شەقام قسەیان لەگەڵ بکەن تاوەکو دەنگ بە بایدن بدەن.
ئەمینداری سندووقی یەکێتیی چێشتلێنەران ئاماژە بەوە دەکات، "توانیومانە دوایین سێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ببەینەوە. لە خولی دووەمی ئۆباما بردمانەوە، لە 2016 بۆ هیلاری کلینتۆن بردمانەوە و لە 2020ـیش بردمانەوە."
هەرچەندە ترەمپ ئێستا چەند دۆسیەیەکی تاوانکاریی لەسەرە و دادگەیی دەکرێت، بەڵام ئەو لە 9ی شوبات توانی لە ویلایەتی نیڤادا 99.2%ی دەنگی کۆمارییەکان بباتەوە و دەنگی 26 نوێنەر بەدەستبهێنێت.
دوایین راپرسی لەو ویلاتە ئەوە دەردەخات کە ترەمپ 47.5% و بایدن 44.3%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و جیاوازییان 3.2%ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ