لە بەریتانیا کوردێک بەهۆی چەقۆی وردکردنی خەیار و تەماتەوە دادگەیی دەکرێت

23-05-2025
هێمن عەبدوڵڵا
دیمەنێکی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
دیمەنێکی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەریتانیا پیاوێکی کوردی تەمەن 52 ساڵ رووداوێکی سەیری لەسەر گۆشت برژاندن بەسەردێت. بەزمێک کە وانەیە بۆ زۆر کوردی دیاسپۆرانشینی بڕوانەبوو بە سەروەریی یاسا.
 
لە باکووری ئینگلتەرا کاتێک کوردێک بە کۆڵانێکی شارۆچکەی (کارلیسل)دا دەڕوات، لەگەڵ دوو منداڵ تووشی شەڕ دەبێ. بەوهۆیەشەوە پۆلیس دەستگیری دەکات و کار دەگاتە ئەوەی دادگایی بکرێ. کەسوکاری منداڵەکان دەڵێن کوردەکە دژە ئینگلیزە و هەوڵیداوە لە منداڵەکانیان بدات. هەروەها تفی پێداکردوون. بەڵام دادوەر پێی گرنگ بووە قسەی کوردەکەش ببیستێ و دوای ئەوە بڕیارێکی سەرنجڕاکێشی داوە. 
 
پێش ئەوەی بزانن بڕیارەکە چییە، با بەکورتی باسی رووداوەکەتان بۆ بکەم. لە پەڕاوی دادگاییدا ناوی کوردەکە بە سام ئاری هاتووە و گوتراوە کە هاووڵاتیی بەریتانیایە و لە کوردستان لەدایکبووە. سام بەهۆی ئەوەی شۆستەی شەقامەکە داخراوە، دەچێتە سەر جادە و لەپڕ پایسکلێک رووبەڕووی دێت، کە منداڵێک لێیدەخوڕێت و خەریک دەبێ خۆی لێبدات. ئەویش تووڕە دەبێ و دەچێ بە دایکی منداڵەکە، کە لەوکاتەدا لە دەرەوە بووە، دەڵێت سەرزەنشتی منداڵەکەی بکات. 
 
دایکەکە، کە خانمێکی سپی پێستی بەریتانییە، گوێی ناداتێ و هیچ ناڵێت. سامیش بەتووڕەیی شوێنەکە بەجێدەهێڵێ. ئێوارە، کە بە هەمان شەقامدا دەگەڕێتەوە، منداڵەکان رێگەی پێدەگرن و بەردبارانی دەکەن. سام تووڕە دەبێ و دوایان دەکەوێ. دوای ئەوە باپیری منداڵەکان دێت و لەگەڵ کوردەکە دەکێشن بە سەروگوێی یەکتردا.
 
پاش ئەوە نەنکی منداڵەکان تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکات و سکاڵا دەکات. پۆلیسیش دێن و کوردەکە دەستگیر دەکەن. لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا ماڵباتە بەریتانییەکە و منداڵەکانیشی باسی ئەوە دەکەن کە کوردەکە جنێوی بە ئینگلتەرا داوە و قسەی رەگەزپەرستانەی کردووە. منداڵەکان دەڵێن سام هەوڵیداوە لێشیان بدات. جگە لەوەش چەقۆیەکیان لە جانتاکەیدا دۆزیوەتەوە.
 
بەڵام دادوەر گوێ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەگرێتەوە کە نەنکی منداڵەکان کردوویەتی. لەوێ نەنکەکە قسە بە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت و دەشڵێت: چۆن دەکرێ رێگە بدرێت کەسێکی کۆچبەر بە گەڕەکێکی سپی پێستەکاندا هاتوچۆ بکات؟ ئەم قسانە و ئەو هەڵسوکەوتەی دایکەکە و منداڵەکان و باپیریان کردوویانە، وادەکات دادوەر پرسیاری زۆرتر لە کوردەکە بکات. ئەویش روونیدەکاتەوە کە بۆیە بەو کۆڵانەدا رۆیشتووە، چونکە لە پارکێکی نزیک ئەوێ لەگەڵ هاوڕێکانی سەیرانیان کردووە. چەقۆکەش بۆ وردکردنی خەیار و تەماتە و دروستکردنی زەڵاتە بووە.
 
لەکۆتاییدا دادوەر حوکمی بێگوناهیی کوردەکە دەدات و دەڵێ ئەوەی ماڵباتە ئینگلیزەکە کردوویانە تۆنێکی رەگەزپەرستانەی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە