باسك؛ وانەیەكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان

23-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن باسك هەرێمی كوردستان
A+ A-

شەهریار شێخلەر*

باسك هەرێمێكی بچووكی ئیسپانیایە‌ بە رووبەری 7.234 كیلۆمەتری دووجا و ئەژماری دانیشتووانی دەگاتە دوو ملیۆن و ‌ 133 هەزار كەس، بەڵام سەرەڕای ئەوەی تەنیا 1.4%ی وڵاتی ئیسپانیا بەرینە و 4.6%ی دانیشتووانی ئیسپانیای لەخۆگرتووە، كۆی بەرهەمی نیشتمانیی هەرێمەكە دەگاتە 66.9 ملیار یۆرۆ (لە 2014) كە دەگاتە 7%ی كۆی بەرهەمی نیشتمانیی وڵاتی ئیسپانیا و ئەوەش وای كردووە‌ هەرێمی باسك وەك یەكێك لە هەرێمە پێشكەوتووەكانی جیهان‌ بناسرێت كە شایەنی ئەوەیە وەك رووگە لەلایەن هەرێم و وڵاتە بچووكەكانی دیكەوە سەیر بكرێت و كەڵك لە ئەزموونی وەربگیردرێت.

35 ساڵ بەرەوپێشچوونی ئابووری

هەرێمی باسك لەساڵی 1980 و لەدوای وەرگرتنی سەربەخۆیی ئابووری، توانی لە ماوەی 24 ساڵدا، سەرەڕای نەبوونی سامانێكی سروشتیی گرنگ جگە لە كانزای ئاسن، كۆی بەرهەمی نیشتمانیی خۆی 10 هێندە بەرز بكاتەوە و لە شەش ملیار و 820 ملیۆن  یۆرۆ (لە ساڵی 1980 و بەپارەی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە) بگەیەنێتە 66 ملیار و 930 ملیۆن یۆرۆ (لەساڵی 2014)، هەروەها داهاتی تاكەكەس لە كۆی بەرهەمی نیشتمانی نە تەنیا لە رێژەی وڵاتی ئیسپانیا زیاترە ‌(130.7%ی وڵاتی ئیسپانیا) بەڵكوو لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو و ئەوروپاییش بەرزترە بە‌ 119%ی كۆی ئەوروپا و 111%ی فەرانسا و 114% ئاڵمانیا‌ بەراورد دەكرێت، لە كاتێكدا لە ساڵانی 1980 تاوەكوو 1990یش داهاتی تاكەكەس لە هەرێمی باسك نزمتر بووە لە تێكڕای داهاتی تاكەكەسی خەڵكی ئیسپانیا.

سەركەوتنە ئابوورییەكانی باسك بەوانە كۆتایی نەهاتووە و چەند ئامار و داتایەكی سەرنجڕاكێشی دیكەی تۆمار كردووە، وەكوو:

- بەرزكردنەوەی ڕێژەی داهات لە كۆی بەرهەمی نیشتمانی لە 4%ەوە بۆ 24%

- بەرزكردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان بۆ 6%ی كۆی بەرهەمی نیشتمانی
هەموو ئەو سەركەوتنانە سەرەڕای چەندین قەیرانی ئابووریی درێژخایەن بەدەست هاتوون كە هەندێكیان نەتەنیا هەر لەسەر باسك، بەڵكوو كاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی ئەوروپی هەبووە (وەكوو قەیرانی ئابووری 2008 و 2009 كە ئێستاش شوێنی لەسەر ئابووریی ئەوروپا دیارە)‌ و هەندێكیان كاردانەوەیان تەنیا لەسەر ئابووریی هەرێمی باسك بووە (وەكوو شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی ساڵانی دوای هەشتاكان  لەگەڵ حكومەتی ئیسپانیا لەسەر جیابوونەوە). 

چارەسەری تایبەت بۆ قەیرانی ئابووری:

وەڵامی حكومەت و خەڵكی باسك بە قەیرانە ئابوورییەكان، بە تایبەت ساڵانی 1975 تا 1990 زۆر سەرنجڕاكێشە، ئەوان هەوڵیان داوە لەجیاتی پێداگری لەسەر سیستەمی خۆیان، یاخود وەستان بۆ بەسەرچوونی قەیرانەكە …، گۆڕانكاریی بەپەلە و بەردەوام‌ بێننە ناو سیستمەكان و پیشەسازییەكان و بە ئاراستەیەك بڕۆن كە لەگەڵ حاڵەتی نوێی ئەوروپا بگونجێت و بتوانن بەردەوام بن لە سەركەوتنەكانیان. ئابووریی هەرێمی باسك بۆ ساڵانێكی زۆر تەنیا لەسەر پیشەسازیی چێكرابوو (چەند جۆرێكی تایبەت وەكوو ئاسن، كەشتیسازی و بەرهەمە پیشەسازییە گەورەكان)، بەڵام دوای ئەو قەیرانە، حكومەت و دانیشتووانی باسك، نە تەنیا گۆڕانكارییان بەسەر شێوە و بەشەكانی پیشەسازیی باسكدا هێنا، بەڵكوو گۆڕانكارییان بەسەر سنووری ئابووریەكەیاندا هێنا و لە تەنیا پشتبەستن بە پیشەسازییەوە دەرچوون و ڕوویان كردە ئەو سێكتەرە نوێیانەی ئەوروپا و وڵاتانی كڕیار پێویستیان پێی هەبوو.

یەكێك لەو نەریتانەی كە سیستمی ئابووری و پیشەسازیی باسك لەدوای ئەو قەیرانەوە خووی پێوەگرت، جووڵانی هێواش و بەردەوامی ئەو هەرێمەیە بەرەو جۆراوجۆركردنی سێكتەرەكانی ئابووری و پیشەیی بەمەبەستی پتەوكردنی ئابووریەكەیان لە بەرامبەر قەیرانەكانی داهاتوو.

دانانی ژێرخانەكانی سەركەوتن:

دانانی ژێربینای سەركەوتنەكانی هەرێمی باسك لە ساڵانی 1980ەوە دەستی پێكردووە، كاتێك سیاسەت و پلانی‌ جۆراوجۆر بۆ هەموو سێكتەرەكانی ئابووری و پیشەسازیی باسك بە وردی داڕێژران و هاتنە بواری جێبەجێكردنەوە، وەكوو:

1-سیاسەتی دامەزراوە گشتییەكان:

بەپێی ئەو بەشە، حكومەتی باسك سیاسەتی تایبەتی بۆ هەموو بەشە جیاوازەكانی كۆمەڵگا دانا، وەكوو:

سیاسەتی باج، زانكۆ، پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون و خانووبەرە، خزمەتگوزارییەكانی كۆمەڵگا و داهاتی بنەڕەتی.
2- سیاسەتی تایبەت بە ژینگە، شار و ناوچەكان
3-سیاسەتی یەكخستنی ژێرخانی كۆمەڵگا
بەپێی ئەو سیاسەتە سێ پلان لە ساڵانی 1980 تا 2000 دانراوە و جێبەجێ كراوە بۆ رێكخستنەوە و دانانی ژێرخانی كۆمەڵگا.

4- سیاسەتی پیشەسازی:

بەپێی گرنگیی سێكتەری پیشەسازی بۆ ئابووریی باسك و بوونی ژێرخانەكانی پیشەسازی، كۆمەڵە سیاسەتێك بۆ دڵنیابوون لە بەرەوپێشچوونی سێكتەری پیشەسازی و پێدانی توانای كێبڕكێ لە بازاڕی نوێدا داڕێژران و جێبەجێ كران، وەكوو:

- كۆمەڵێك سیاسەت بۆ نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی پیشەسازی و كارگە پیشەسازییەكان بە نوێترین جۆری تەكنۆلۆجی
- سیاسەتی وزە
- سیاسەتی هێشووەكانی پیشەسازی
- سیاسەتی تەكنۆلۆژی
- سیاسەتی بەجیهانیكردنی پیشەسازیی باسك
- سیاسەتی كۆمەڵگا و تەكنۆلۆجیای زانیاری ( IT)
- سیاسەتی خاك

یەكێك لە گرنگترین و سەركەوتووترین سیاسەتەكان، سیاسەتی باجە‌ كە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێكی بەرچاوی وەبەرهێنەران رووبكەنە ئەو وڵاتە و ئەوەش رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە ئاوەدانكردنەوەی سێكتەری نوێ و گەشەی ئابووریی باسك.‌ بەپێی رێككەوتنی حكومەتی باسك و حكومەتی ئیسپانیا، مافی دانان و وەرگرتنی باجە سەرەكییەكان دراوەتە حكومەتی باسك و یاسایەكی سەركەوتوو و تایبەتی بۆ داڕێژراوە و لە ساڵانی رابردووشدا بەپێی سیاسەتە ئابوورییەكانی حكومەتی باسك (لە چوارچێوەی یاساكانی یەكێتی ئەوروپادا)، گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی بەسەردا هاتووە.

پشتگیریی پلانەكان بە نەریتەكان:

حكومەت و دانیشتووانی باسك هەوڵیان داوە بە چەند نەریتێكی بەسوود، پشتگیری سیاسەت و پلانەكانی حكومەت بكەن‌، گرنگترینی ئەو نەریتانە بریتین لە:

- پێداگری لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی تەكنۆلۆجی و داهێنان
- بەردەوامبوون لەسەر چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی ژێرخان و سیستم و كارگە پیشەسازییەكان
- جێبەجێكردن و رێزلێنان لە ركابەری بێ جیاوازی
- داهێنان و گەشەپێدان بە سێكتەری خزمەتگوزاری (سێرڤس) كە ئێستا زۆرترین بەشی داهاتی باسك پێكدێنێت
- دانان و پەرەپێدان بە پاركەكانی تێكنۆلۆجی بۆ یارمەتیدانی گەشە و پێشكەوتنی ئابووری و پیشەسازی
- چەند پلانیی وەبەرهێنانی دەستپێشخەرانە بۆ دانانی ژێرخانی ئابووریی پێویست یان سازكردنی پەیوەندیی پێویست لەنێوان بەشەكانی ژێرخانی ئابووری.

دوا وتە:
هەرێمی باسك هەرێمێكی سەركەوتووە لە ناوەندی پێشبڕكێ و قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی ئابووری كە بە كەمترین سامانی سروشتی و تەنیا بە پشتبەستن بە سیاسەت و پلانی زیرەكانە و سەركەوتوو، هەوڵی هەر تاكێك لە دانیشتووان و گۆڕینی نەریت و خوویان لە بەرژەوەندیی سەركەوتنی هەرێمەكەیاندا، توانیویانە نەك تەنیا لەناو ئیسپانیا، بەڵكوو لە هەموو ئەوروپا جیاواز بن و ڕێگای سەركەوتن ببڕن.

ئەوان توانیویانە چەندین دەستكەوتی گرینگ لە بواری ئابووری و پێداویستییەكانی خوشگوزەرانی تۆمار بكەن و ببنە یەكێك لە ناوچە سەركەوتووەكانی ئەوروپا و جیهان كە دەتوانرێت وەك نموونە كەڵك لە ئەزموونی وەربگیرێت.

* ڕاوێژكاری ئابووری و بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاردۆ 0

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە