رووداو دیجیتاڵ
پارتەکانی ئەڵمانیا لە بانگەشەکانیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کێبڕکێیانە لەسەر تووندبوون لەسەر پرسی کۆچبەری. ئەم هەفتەیە گەنجێکی کۆچبەر بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل و ئەمەش باسی کۆچبەرانی گەرمتر کرد. داتاکانیش دەریدەخەن ساڵی 2024 مافی مانەوە دراوەتە 7300 منداڵ، کە دایکیان یان باوکیان پێشتر گەیشتبێتە ئەڵمانیا.
بڕیاروایە 23ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی لە ئەڵمانیا سازبکرێن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 10 کورد لە پارتە جیاجیاکان خۆیان بەربژێر کردووە.
یەکێک لەو مژارانەی لەم هەڵبژاردنانەدا بایەخی زۆری پێدەدرێت، پرسی سیاسەتی کۆچبەرییە. پارتەکانی ئەڵمانیا کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامەیان زۆرتر پێداگیری لەسەر تووندترکردنی سیاسەتی کۆچبەری بکەن.
ئەم هەفتەیە گەنجێکی کۆچبەر بە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی منداڵ و گەورە، گەنگەشەکانی لەسەر سیاسەتی کۆچبەری گەرمتر کرد. گەنجەکە لە شاری (ئاشافبورگ)ی ئەڵمانیا منداڵێکی دوو ساڵە و پیاوێکی 41 ساڵەی کوشت؛ سێ کەسیشی بریندار کرد، کە یەکێکیان منداڵێکی دیکەی دوو ساڵە بوو، هەردوو منداڵەکەش بە بنەچە کۆچبەر بوون.
ئەم رووداوە وایکردووە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا گوشارەکان تووندتر ببنەوە، بۆئەوەی حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا رێوشوێنی تووندتر بۆ هاتنی کۆچبەران بگرێتەبەر.
بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ساڵی 2024 هەوڵی زۆر دراوە کەمترین کۆچبەری بەتەمەن گەورە سوود لە یاساکانی هێنانی ئەندامانی خێزان لەلایەن کۆچبەرانی خاوەن مافی مانەوە وەربگرن؛ بۆیە لە کۆی 12 هەزار کەس کە هێندراونەتە لای کەسوکاریان لە ئەڵمانیا، 61%یان منداڵ بوون، کە دەکاتە 7300 منداڵ.
هەروەها هەر لەو ماوەیەدا 1500 دایک و باوک هێندراونەتە ئەڵمانیا، کە منداڵەکانیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە و پێشتر گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ