رووداو دیجیتاڵ
ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق رایگەیاند، دوای سێ ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی رووسیا دژی وڵاتەکەی، ئۆکرانیا هێشتا بەردەوامە لە "خۆڕاگری" و هیچ رێگەیەک نییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە.
باڵیۆزەکە لە بووڵتەنی نوورۆژی دووشەممەی رووداو، کە نالین حەسەن پێشكێشیکرد، باسی لەوە کرد "لە ساڵی 2014ـەوە کە رووسیا کریمیای داگیر کرد، بە گشتی نزیکەی 18٪ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە داگیرکراوە".
بە گوتەی ئیڤان دۆڤهانیچ "رووسەکان دەیانویست هەموو ئۆکرانیا لە چەند هەفتەیەکدا بگرن و کیێڤی پایتەختمان لە سێ رۆژدا داگیر بکەن، بەڵام سێ ساڵە داگیرکاریی سەرانسەری بەردەوامە و هێشتا نەیانتوانیوە ئۆکرانیا داگیر بکەن".
سەبارەت بە زیانەکانی شەڕ، باڵیۆزەکە رایگەیاند لە ساڵی یەکەمی داگیرکاریی سەرانسەریدا لە 2022، نزیکەی سێیەکی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی لەدەست داوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، بازرگانیی لەگەڵ عێراق لە 700 ملیۆن دۆلارەوە لە 2021 دابەزیوە بۆ 200 ملیۆن دۆلار لە 2022، بەڵام لە 2024دا گەیشتووەتەوە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار.
باڵیۆزی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە ناکرێت باوەڕ بە رووسەکان بکرێت و گوتی "بەڵێنی هەموو شتێک دەدەن، بەڵام هەمیشە درۆ دەکەن". هەروەها رایگەیاند "بۆ ئاشتیی بەردەوام، گەرەنتی راستەقینەی ئاسایش پێویستە... چونکە بەبێ ئەم گەرەنتییانە، هەر ئاگربەستێک تەنیا وەستانێکی کاتی دەبێت پێش هێرشێکی دیکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باڵیۆزەکە رایگەیاند، حکومەتەکەی بڕیاریداوە کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر بکاتەوە و هیوادارە لە ئەمساڵدا بکرێتەوە، کە دەبێتە هۆی ئاسانکردنی پرۆسەی پێدانی ڤیزا بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: سێ ساڵ بەسەر شەڕی ئۆکراینا و رووسیادا تێپەڕی، هەستی ئێوە چۆنە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: دەتوانم پێتان بڵێم سێ ساڵ شەڕ بۆ هەر گەلێک زۆر دژوارە، بۆ ئۆکرانییەکانیش هەروەها. پێش سێ ساڵ کاتێک بەیانی زوو بەهۆی هاتنی دەنگێکی سەیرەوە لە خوار ماڵەکەمەوە لەخەو هەستام و هێلیکۆپتەری سەربازیی رووسیم بینی، باوەڕم بە چاوەکانم نەدەکرد. بێگومان باوەڕیشم نەدەکرد ئەم شەڕە ئەوەندە درێژە بکێشێت. بەڵام لەم سێ ساڵەدا، دەتوانم هەستی ئۆکرانییەکان تەنیا بە یەک وشە وەسف بکەم: خۆڕاگری. ئێمە دەجەنگین، ئامادەین بجەنگین و دەجەنگین، چونکە ئێستا هیچ رێگەیەک نییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ وڵاتەکەم. بە راشکاوی، رێگەچارەیەکمان نییە.
رووداو: تائێستا قەبارەی زیانەکانی شەڕ بۆ ئۆکراینا چەند بووە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: زۆر دژوارە ئێستا باسی بکەین، چونکە دوای شەڕەکە دەتوانین زیانە راستەقینەکان هەڵبسەنگێنین. بەڵام ئێستا دەزانین کە بەشێکی زۆری ژێرخانی ئۆکرانیا، پیشەسازی و توانا ئابوورییەکان بەهۆی دوژمنکارییەکانی رووسیاوە زیانیان پێگەیشتووە. بەڵام لەوەش خراپتر لەدەستدانی گیانە. هەزاران هاووڵاتی لەم شەڕەدا گیانیان لەدەست داوە. ملیۆنان ئۆکرانی بوونەتە پەنابەر. بۆیە گەڕاندنەوەی وڵات بۆ ژیانی ئاسایی دوای شەڕ ئەرکێکی زۆر قورس دەبێت. بەڵام زووە باسی ژمارەی دیاریکراوی زیانەکانمان بکەین.
رووداو: چەند لە خاکی ئۆکراینا لەدەستچووە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە ساڵی 2014ـەوە کە رووسیا کریمیای داگیر کرد، بە گشتی نزیکەی 18٪ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن دوژمنکارییەکانی رووسیاوە داگیر کراوە. بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە لە سێ ساڵی دوژمنکاریی تەواو، رووسەکان دەیانویست هەموو ئۆکرانیا لە چەند هەفتەیەکدا بگرن و کیێڤی پایتەختمان لە سێ رۆژدا داگیر بکەن. بەڵام وەک دەزانین، سێ ساڵە داگیرکاریی سەرانسەری بەردەوامە و هێشتا نەیانتوانیوە ئۆکرانیا داگیر بکەن.
رووداو: جیهان تاوەکو چەند لەگەڵ ئێوە هاوسۆز بووە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا بێوێنەیە. بە شانازییەوە دەڵێم، هەموو وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکان پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن، بەو شێوەیەی کە دەتوانن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ئۆکرانیا دەجەنگێت و ئێمە یارمەتیی نێودەوڵەتی وەردەگرین، تەنانەت کەلوپەلی سەربازی و چەکیش، بەڵام دەتوانم بڵێم چەک ناجەنگێت، سەربازەکان دەجەنگن و سەربازی ئۆکرانی لە پۆڵا دروستکراوە. بێگومان بە چەک و چەکی مۆدێرنەوە، سەربازەکانمان زۆر باشتر دەجەنگن. بەڵام بەبێ سەرباز، ئەم چەکانە تەنیا پارچە ئاسنن. ئۆکرانییەکان دەجەنگن و پشتیوانیی جیهانی دیموکراسیمان هەیە.
رووداو: لە سێ ساڵی رابردوودا چیتان لەدەستداوە و دەستکەوتەکانتان چی بووە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئۆکرانیا هەزاران هاووڵاتی، بەشێکی گرنگی خاکەکەی و ژێرخانی لەدەست داوە. بەڵام گرنگترین شتمان بەدەستهێناوە. بۆ جیهانمان سەلماند کە ئۆکرانیا دەوڵەتێکی بەهێز، سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە. پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بێوێنەمان بەدەستهێناوە، سوپاکەمان بەهێزتر کردووە و بووینەتە نەتەوەیەکی یەکگرتووتر.
رووداو: بۆچی سەرۆکی ئۆکراینا رەتیدەکاتەوە بەشداری لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا بکات؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئۆکرانیا هەمیشە پشتیوانی بیرۆکەی ئاشتی بووە، بەڵام نەک بە نرخی خۆبەدەستەوەدان یان دەستبەرداربوون لە خاک. سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی فۆرمۆلای ئاشتی پێشنیار کرد. پلانێکی 10 خاڵی کە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی رووسیا، گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاک و دادگاییکردنی بەرپرسانی تاوانی جەنگی لەخۆ دەگرێت. هەر دانوستاندنێک تەنیا لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی دەکرێت.
رووداو: زانیاریت لایە کە رووسیا و ئەمریکا لەسەر چی رێککەوتوون؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئۆکرانیا چاودێرێکی ناچالاک نییە و تائێستا من لە رای تایبەتی خۆمدا زۆر دڵنیام، کە رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا نییە. لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە: تەواو ناکرێت دانوستاندن بکرێت و رێککەوتن لەگەڵ رووسەکاندا بدۆزرێتەوە. دەوڵەتی رووسیا دەوڵەتی درۆزنانە، بە زمانێکی سادە دەوڵەتێکی تیرۆریستە. بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەو لایەنە نێودەوڵەتییەی متمانە بە رووسەکان دەکات. باوەڕ دەکەم زۆر زوو هەموو ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دانوستاندن بکەن یان لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەگەڵ رووسیادا بدۆزنەوە، قووڵ پەشیمان دەبنەوە. هەروەها دەمەوێت زیاد بکەم کە ئێمە دیالۆگی بەردەواممان لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان هەیە، بەڵام داهاتووی ئۆکرانیا تەنیا لەلایەن گەلی ئۆکرانیاوە دیاری دەکرێت. ناکرێت بێ ئۆکرانیا بڕیار لەسەر ئۆکرانیا بدرێت.
رووداو: ئۆکراینا لەبواری بەرهەمی نێوخۆیی وەکو گەنم و زەیت وڵاتێکی دەوڵەمەندە؛ بەگشتی ئەو شەڕە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمەکانی ئۆکراینا داناوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە ساڵی یەکەمی داگیرکاریی سەرانسەریدا لە 2022، نزیکەی سێیەکی کۆی بەرهەمی ناوخۆییمان لەدەست دا. بەڵام بەهۆی یارمەتیی نێودەوڵەتی و گونجاندنی کاروکاسبی، ئابووری نیشانەی چاکبوونەوەی پیشان داوە. سەرەڕای ئەوەی بەندەرەکانمان لەلایەن رووسیاوە گەمارۆدراون و ژێرخان وێران کراوە، ئۆکرانیا بەردەوامە لە هەناردەکردنی بەرهەمی خۆراک، کانزاسازی و خزمەتگوزارییەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، لە کاتێکدا بەدوای بازاڕی نوێدا دەگەڕێت. دەتوانم پێتان بڵێم تەنانەت لەم کارە زۆر دژوار و سەختەدا، ئێمە بەردەوامین لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتیی ئێمەیە. بۆ نموونە، بەرهەم بۆ خەڵکی فەلەستین دەنێرین. لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، ئۆکرانیا یارمەتییەکی مرۆیی گەورەی پێشکەش بە خەڵکی سووریا کرد، بە بەرنامەی "خۆراک لە ئۆکرانیاوە". بۆیە تەنانەت لەم شەڕە دژوارەدا، کاتێک هەست بە مەترسی دەکەین، یارمەتیی خەڵکانی دیکە دەدەین کە لە ئێمە زیاتر ئازار دەچێژن.
رووداو: پەیوەندیی ئۆکراینا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە چی ئاستێکدایە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: خۆشحاڵم بڵێم کە هەست بە تێگەیشتنی تەواو لە عێراق دەکەم و حکومەتی عێراق پشتیوانی ئەرکەکەم دەکات کە زۆر گرنگە بۆ من، چونکە ئەمە دووەم ئەرکمە لە وڵاتە جوانەکەتان. یەکەم جار وەک دیپلۆماتێکی گەنج 18 ساڵ لەمەوبەر هاتم، لە 2006. بێگومان دەتوانم بەراوردی دۆخی وڵاتەکەتان بکەم لە نێوان 18 ساڵ لەمەوبەر و ئێستا. دەتوانم پێتان بڵێم کە پێشکەوتنێکی بەرچاوە. خۆشحاڵم بە بینینی منداڵی زۆری دڵخۆش لە شەقامەکانی بەغدا. بەڕاستی رێزم بۆ ئەمە هەیە و زۆر دڵنیام کە عێراق داهاتوویەکی گەشاوەی دەبێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بە شانازییەوە دەڵێم کە حکومەتەکەم بڕیاری پەسند کردووە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیمان لە هەولێر و هیوادارم ئەمساڵ شەرەفمەند بم بە کردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیمان لە هەولێر کە یارمەتیمان دەدات پەیوەندییە ئابووری، کولتووری و مرۆییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش پەرە پێ بدەین.
رووداو: ئەگەر لە هەولێر ڤیزا بۆ گەشتی ئۆکراینا دەربکەن، مەرجەکانی چی دەبێت؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: بێگومان رێوشوێنی تایبەتمان هەیە وەک هەر وڵاتێکی دیکە و ئێستا بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێویستە بێن بۆ بەغدا بۆ داواکردنی ڤیزا یان چاوەڕێی کونسووڵەکەمان بکەن، کە دوو یان سێ مانگ جارێک سەردانی هەولێر دەکات، واتە زۆر بە دەگمەن. ئێستا، کاتێک کونسووڵخانەی گشتیمان لە هەولێر دەکەینەوە، باوەڕ دەکەم داواکردنی ڤیزای ئۆکرانی زۆر ئاسانتر دەبێت.
رووداو: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئۆکراینا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق چەندە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە ساڵی 2021، پێش داگیرکاریی تەواوی رووسیا، بازرگانیی دووقۆڵیمان نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بوو. ساڵی دواتر، کاتێک داگیرکاریی تەواو دەستی پێکرد، سێ هێندە کەمی کرد، نزیکەی 200 ملیۆن، شتێکی وا، یان تەنانەت زیاتر. ئێستا، دەتوانم پێتان بڵێم کۆمەڵگەی بازرگانیمان، کۆمەڵگەکانی هەردوو وڵات هەوڵدەدەن هاوکارییەکانیان بەردەوام بکەن و ئێستا مەزەندەی بەهای بازرگانی لە نێوان وڵاتەکانمان دەکەین، مەبەستم لە 2024، زیاتر لە 300 ملیۆن. کەواتە لەسەرخۆ، بەڵام بە متمانەوە بازرگانیمان لە نێوان ئۆکرانیا و عێراق زیاد دەکات.
رووداو: سێ ساڵە ئۆکراینا لە شەڕدایە، کوردیش بۆ ماف و بەرگری لە خاکی خۆی زۆری شەڕ کردووە، پەیامت بۆ کورد چییە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: پەیامەکەم زۆر سادە دەبێت، وەک پەیامەکەم بۆ ئۆکرانییەکان: رێز لە رابردووتان بگرن و باوەڕتان بە داهاتووتان هەبێت.
رووداو: ئێوە داوای چی گەرەنتییەک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: من راستبینم. چاوەڕێی ئەوە ناکەم شەڕ سبەی یان دوو سبەی کۆتایی بێت. باوەڕم بە سەرکەوتنی ئۆکرانیا هەیە، چونکە ئێمە بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین. دەزانن، منیش سەرباز بووم. رۆژی دوای داگیرکاریی تەواوی رووسیا، پەیوەندیم بە سوپاوە کرد و وەک سەربازێکی ئاسایی جەنگام. بریندار بووم، بەڵام ئێستا زاواکەم لە جیاتی من دەجەنگێت. بۆیە ئێمە بەهێزین و متمانەمان بە خۆمان هەیە بۆ جەنگان و بەرگریی لە وڵاتەکەمان. تەواو دڵنیام کە ئۆکرانیا ئەم شەڕە دەباتەوە و وەک نەتەوە و وڵاتێکی خاوەن سەروەری، دیموکراسی و ئازاد دەمێنینەوە.
رووداو: زۆر سوپاس، لە کۆتاییدا ئەگەر پەیام یان قسەیەکت هەیە فەرموون؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: وەک پێشتر پێمگوتن، تەواو ناکرێت باوەڕ بە رووسەکان بکرێت. بەڵێنی هەموو شتێک دەدەن، بەڵام هەمیشە درۆ دەکەن، درۆ دەکەن و درۆ دەکەن. چەندین جار هەوڵی واژۆکردنی رێککەوتنمان لەگەڵ دا. هەر جارێک زیاتر و زیاتر هێرشیان دەکردە سەرمان. بۆیە بۆ ئاشتیی بەردەوام، گەرەنتی راستەقینەی ئاسایش پێویستە، ئاسایشی راستەقینە. ئەمەش بە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئۆکرانیا و پابەندبوونی روونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بۆ رێگریکردن لە دوژمنکارییەکانی داهاتوو. چونکە بەبێ ئەم گەرەنتییانە، هەر ئاگربەستێک تەنیا وەستانێکی کاتی دەبێت پێش هێرشێکی دیکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. ئەوان هەرگیز ناوەستن.
رووداو: زۆر بەخێربێن بەڕێز ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق کە لە بەغداوە میوانی ئێمە بووی؛ زۆر سوپاس.
ئیڤان دۆڤهانیچ: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ