رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی یەیڵ لە نیویۆرک رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، کۆنفرانسێکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردی سازکرد و تێیدا پەیامێکی سەرۆک مەسعود بارزانی خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی جینۆسایدی گەلی کورد کرد و ئاماژەی بە چەندین تاوانی بەرنامەدانراودا کرد، کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە نێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003 کران، لەوانە جینۆسایدی کوردی فەیلی، بێسەروشوێنکردنی هەشت هەزار بارزانی، کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال کە بووە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتیی کورد.
سەرۆک بارزانی گوتی: "ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا بەسەر گەلەکەماندا هات، هەوڵێکی داڕێژراو بوو بۆ لەناوبردنی کولتوور و مێژوو و ناسنامەی کورد".
هەروەها سوپاسی سەنتەری توێژینەوەی جینۆسایدی کرد و داوای کرد "جیهان دەبێت ئەم کارەساتانەی لەبیر بێت بۆ ئەوەی هەرگیز دووبارە نەبنەوە".
سەرۆک بارزانی هیوای خواست کە ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی دەستپێکی هەوڵی زانستیی فراوانتر و هەنگاوێک بەرەو چەسپاندنی راستی، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی مێژوویی.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی، رایگەیاند: "گەلی کورد پێویستی بە هەوڵی ئەکادیمی و زانستی جیدی هەیە بۆ ئاشکراکردنی تاوانە رێکخراو و پلاندانراوەکان کە بەرامبەری کراوە. نابێت ئەم تاوانانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لەبیر بکرێن، دەبێت لە بیر و هۆشماندا بمێننەوە. جیهان دەبێت ئەم کارەساتانەی لەبیر بێت بۆ ئەوەی هەرگیز دووبارە نەبنەوە. پێویستە هەموومان پێکەوە دژی هەر جینۆسایدێکی داهاتوو بۆ سەر گەلەکەمان، یان هەر نەتەوە یان ئایینێکی دیکە، لە هەر شوێنێکی جیهان بوەستینەوە."
دەقی پەیامەکە:
لە سەدەی بیستەمدا، کوردەکان قوربانیی سەرەکیی جینۆسایدەکان بوون، ئەوەش بەهۆی سیاسەتە داڕێژراوەکانی دەوڵەتی عێراقەوە. ئەم سیاسەتانە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، لە ساڵی 1968 تاوەکو 2003 گەیشتنە لوتکەی خۆیان.
لە ساڵانی 1979 و 1980ـدا، دەیان هەزار کوردی فەیلی دەستگیرکران و بێسەروشوێن بوون، هەروەها رەگەزنامەی عێراقییان لێ سەندرا. زۆرینەشیان بە زۆرەملێ رەوانەی ئێران کران.
لە ساڵی 1983ـدا، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەکۆمەڵدا، هەشت هەزار پیاو و ژن و منداڵی بارزانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەعسەوە دەستگیر کران. ئەوانیش بێسەروشوێن کران و هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.
لە نێوان ساڵانی 1978 و 1988ـدا، بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایە سەر. هەزاران هاوڵاتیی کورد بەهۆی گازەوە خنکێنران و بریندار بوون. لە 16ی ئاداری 1988دا، شاری هەڵەبجە بە چەکی کۆکوژ هێرشی کرایە سەر، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5,000 هاوڵاتیی کوردی بێتاوان. پیاوان و ژنان و منداڵان لە چەند خولەکێکدا کوژران، هەروەها هەزارانی دیکەش بریندار بوون. لە هەمان ماوەدا، هەڵمەتی جینۆسایدی ئەنفال دەستی پێکرد، کە سەرتاپای ناوچەکەی گرتەوە.
لەو کاتەدا، زیاتر لە 182,000 هاوڵاتی – بەبێ رەچاوکردنی رەگەز و تەمەن و ئایین - وەکو بەشێک لە هەڵمەتی ئەنفال کوژران. لە هەوڵێکی رێکخراودا بۆ لەناوبردنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، چوار هەزار و 500 گوند تەختی زەوی کران.
سەرباری ئەم تاوانە راستەوخۆیانە، بە درێژایی سەدەی بیستەم، سیاسەتێکی سیستماتیکی پاکتاوی رەگەزی و راگواستنی زۆرەملێ و دەربەدەری لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا ئەنجام درا، یان ئەوەی من ناوی دەنێم تەعریبی زۆرەملێ. ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان و وێرانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکەی. هەموو گوندە کوردییەکان کرانە ئامانج بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کوردی. گەلی کورد، کە هەزاران ساڵە لە خاکی خۆیدا ژیاوە، خاوەنی کولتووری پێکەوەژیانە.
ئەمڕۆ، ئێمە میوانداریی کۆنفرانسێک دەکەین لە کوردستان، کۆنفرانسێک بۆ پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکان، کە پێموایە دەستپێشخەرییەکی گرنگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ناوچەکەدا، خەڵک هەمیشە پێکەوە بە ئاشتی ژیاون، وەکو هاوڕێ.
بەڵام ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا بەسەر گەلەکەماندا هات، هەوڵێکی داڕێژراو بوو بۆ لەناوبردنی کولتوور و مێژوو و ناسنامەی کورد. تەنیا ئامانج لە جینۆسایدەکە لەنێوبردنی کورد بوو. ئامانج لە جینۆسایدەکە لەناوبردنی ئیرادەی گەلی کورد بوو، کە تەنیا داوای ئازادی و ژیانێکی باشتریان دەکرد. ئەوان تەنیا دەیانویست بە ئاشتی بژین و هیچ تاوانێکیان نەکردبوو.
گەلی کورد ژمارەیان دەگاتە دەیان ملیۆن و خاوەنی مێژوو و ناسنامەیەکی کۆنن. ئەوان یەکێکن لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان، بەڵام لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بێبەش کراون. نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وای کردووە کوردەکان بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشەی لەناوبردنی ببنەوە و بەرگەی ستەم و زۆرداریی جۆراوجۆری تاوانباران بگرن.
ئەمڕۆ سوپاسی سەنتەری توێژینەوەی جینۆساید دەکەین بۆ هەنگاوە گرنگەکانیان، من دڵنیام دامەزراوە فەرمییەکانی کورد ئامادەن بۆ دابینکردنی هەموو زانیاری و بەڵگەنامەی پێویست بۆ سەلماندنی راستییەکان. بۆ بەڵگەنامەکردنی هەموو ئەم تاوانانە، ئێمە پشتگیری ئەم هەوڵە مەزنانە دەکەین.
گەلی کورد پێویستی بە هەوڵی ئەکادیمی و زانستی جیدی هەیە بۆ ئاشکراکردنی تاوانە رێکخراو و پلاندانراوەکان کە بەرامبەریان کراوە. نابێت ئەم تاوانانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لەبیر بکرێن، دەبێت لە بیر و هۆشماندا بمێننەوە. جیهان دەبێت ئەم کارەساتانەی لەبیر بێت بۆ ئەوەی هەرگیز دووبارە نەبنەوە. پێویستە هەموومان پێکەوە دژی هەر جینۆسایدێکی داهاتوو بۆ سەر گەلەکەمان، یان هەر نەتەوە یان ئایینێکی تر، لە هەر شوێنێکی جیهان بوەستینەوە.
پێویستیمان بە هەوڵ و پشتیوانی دامەزراوەکانی وەکو زانکۆی یەیڵ هەیە، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە سەلماندنی راستییەکان دەربارەی جینۆسایدی گەلەکەمان. هیوادارین ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی دەستپێکی هەوڵی زانستیی فراوانتر لەسەر جینۆساید، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی زانستی لەنێوانماندا. لەوەش زیاتر، هەنگاوێک دەبێت بەرەو چەسپاندنی راستی و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی مێژوویی، کە سێ پێوەری سەرەکین بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر.
دووبارە سوپاستان دەکەم،
مەسعود بارزانی
23ـی نیسانی 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ