رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تـووند دەداتە ئیدارەی ترهمپ لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران. گراهام دەڵێ، ئەگەر ئەم رێککەوتنە رێگە بدات تاران بە بەهێزی بمێنێتەوە و کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بکات، ئەوا "بەنزین بە ئاگری ململانێکان لە عێراق و لوبناندا دەکات."
لیندزی گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنەکە لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە نەتوانرێ تەنگەی هورمز لە "تیرۆری ئێران" بپارێزرێ و ئێران توانای تێکدانی ژێرخانی نەوتی کەنداوی هەبێت، ئەوا تاران وەک هێزێکی باڵادەست دەردەکەوێ؛ هەروەها گوتی: "ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، لە داهاتوودا دەبێتە مۆتەکە بۆ ئیسرائیل."
ئەو سیناتۆرە ئەمریکیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئامانجەکانی جەنگ بەدەست بهێندرێن و گوتی: "مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت کە بۆچی ئەم جەنگە هەر لە سەرەتاوە دەستی پێکرد؟ گومانم هەیە کە چۆن ناتوانرێ رێگری لە ئێران بکرێ کێشە بۆ تەنگەی هورمز دروست بکات."
گراهام باس لەوە دەکات کە هەر رێککەوتنێک رێگە بە مانەوە و بەهێزبوونی ئێران بدات، هێزێکی زۆرتر دەبەخشێتە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران و گوتی: "رێککەوتنێک کە رێگە بدات ئێران لە داهاتوودا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی لەدەست بێت، حیزبوڵڵا لە لوبنان و میلیشیا شیعەکان لە عێراق زۆر بەهێز دەکات."
هەر لەو بارەیەوە تێد کروز، سیناتۆری کۆماری لە بازنەی تێکساس رایگەیاند کە "زۆر نیگەرانە" لەو راپۆرتانەی باس لە رێککەوتن لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
تێد کروز ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە دەبێتە "هەڵەیەکی کارەساتبار" ئەگەر هەر رێککەوتنێک ببێتەهۆی ئەوەی ئێران بتوانێت یۆرانیۆم بپیتێنێت، چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات و کۆنترۆڵی کاریگەری بەسەر تەنگەی هورمزدا هەبێت.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەو سیناتۆرە پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشە سەرەتاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و داوای لە ترەمپ کرد "پابەندی ئەو هێڵە سوورانە بێت کە چەندین جار رایگەیاندوون."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا تێچووەکەی بۆ واشنتن گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار، ئەوە بە گوێرەی پێنتاگۆن.
ترهمپ رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنەکە لەنێوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێرانە، بەڵام گراهام و بەشێک لە کۆمارییەکان نیگەرانن لەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لە ژێر گوشاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی سازش بۆ تاران بکات.
تەنگەی هورمز کە پێنجیەکی (20٪)ی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، ئێستا بووەتە چەقی ململانێی نێوان هەردوو وڵات و هەر ئەنجامێکی ئەم گفتوگۆیانە نەخشەی سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دەکێشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ