گرووپی ڤاگنەر: بەبێ تەقە سەرۆکایەتیی سوپای رووسیامان لە هەرێمی رۆستۆڤ گرت

24-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، بەبێ تەقەکردن، سەرۆکایەتیی سوپای رووسیایان لە هەرێمی رۆستۆڤ کۆنترۆڵکردووە. باسیش لەوە دەکات خەڵک پاڵپشتییان دەکەن، چونکە دەزانن ڤاگنەر بۆ دادوەری دەجەنگێت.

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، 24-6-2023، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی رێکخراوی ڤاگنەر رایگەیاند، سەرۆکایەتیی سوپای رووسیایان لە هەرێمی رۆستۆڤ "بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک کۆنترۆڵکردووە". ئەمە لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانیی هەمان رۆژ هێزەکانی گرووپی ڤاگنەر چوونە نێو شارەکە و دوو بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەیەکی جەنگییان کۆنترۆڵکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، هێزەکانی ڤاگنەر ئێستا لە رێگەی ئەوتۆبانی M-4 کە هەرێمی رۆستۆڤ بە مۆسکۆ دەگەیێنێت، هەوڵی گەیشتن بە مۆسکۆ دەدەن.
 
ژمارەیەک ڤیدیۆی جۆراوجۆریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە گوایە سوپای رووسیا هێرشی ئاسمانی بۆسەر کاروانی هێزەکانی ڤاگنەر لەسەر ئەو رێگە سەرەکییە دەکات.
 
هەروەها ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی دیکە لە تویتەر و فەیسبووک بڵاوبوونەتەوە کە دیمەنی بەربوونەوەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر نیشاندەدەن. بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانە، فڕۆکەکان، فڕۆکەی سوپای رووسیان و لەلایەن گرووپی ڤاگنەرەوە بەردەدرێنە خوارەوە.
 
پریگۆژین لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تەلەگرام دەڵێت، "بۆچی خەڵکی ئەم وڵاتە پاڵپشتیمان دەکەن؟ چونکە دەزانن ئێمە شەڕ بۆ دادپەروەری دەکەین."
 
بە گوێرەی گوتەکانی پریگۆژین بێت، ئەم هەوڵەی پریگۆژین بۆ کودەتای سەربازی نییە، بەڵکو بۆ گۆڕینی سەرکردایەتیی وەزارەتی بەرگریی رووسیایە. پریگۆژین، لەماوەی رابردوودا سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتەی بە "ترسنۆک، گەندەڵ، خیانەتکار، ناپاک و درۆزن" ناوبردووە.
 
هەر ئەمڕۆش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هێرشەکەی پریگۆژینی بە "خیانەت و ناپاکی" ناوبرد. پریگۆژین وەڵامی دایەوە و گوتی: پووتین "بە هەڵەداچووە".
 
ئەو سەرکردە سەربازییە لە پەیامەکەیدا بۆ پووتین دەڵێت، ناپاکیی راستەقینە لە نێو سوپای رووسیادایە، نەوەک گرووپی ڤاگنەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا

ترەمپ: دادوەری کەیسەکەم گەندەڵ و سەرلێشێواوە

دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە. ترەمپ لە 15یەم رۆژی دادگاییەکە گوتی، "دادوەرەکەم گەندەڵ و سەرلێشێواوە."