چیرۆکی رزگاربوونی یانەیەکی کوردی-سوێدی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەڵمانییەکە

26-03-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داڵکورد
A+ A-

رووداو ـ سوێد

 لە خولەکی کۆتاییدا، ٢٥ کەس لە یانەی داڵکوردی سوێد بڕیاری سوارنەبوون لە فڕۆکەی جێرمانوینگس دەدەن. ئێستاش هەندێکیان لە شۆکی کەوتنەوە خوارەوە و رزگاربوون لە مردنێکی مسۆگەردا ناتوانن قسەبکەن.


 بۆ ماوەی هەفتەیەک و بە مەبەستی ئەنجامدانی کامپێکی راهێنان لە بەرشەلۆنا یاریزان و راهێنەر لە گەڵ دوو بەڕێوەبەرانی یانەی داڵکورد، یانە تاقانەی کوردی لە سوێد، گەشت دەکەن.

 لە کاتی گەڕانەوەدا، دەبێ ترانسێتێک لە دۆسلدۆرف بکەن، بەڵام چارەنووس لە مردن رزگاریان دەکات. رەمەزان کزڵ، سەرۆکی یانەی داڵکورد بە "تۆڕی میدیایی رووداو"ی راگەیاند:"ئێمە ئێستاش یەقین ناکەین، بە چ شێوەیەک ئێمە و یانەکەمان لەم مردن و کارەساتە مسۆگەرە رزگاربووین".

 پێویست بوو گرووپە ٢٥ کەسییەکەی یانەکەمان پێکەوە بگەڕێنەوە، چونکە مەبەستی ئێمە لەو کامپە ئەوەیە کە پێکەوە راهێنان بکەین و ئەو هەموو ماوەیە پێکەوە بەسەرببەین".

ئەو کەسانەی لە نێو گرووپی داڵکورددا بوون تەنیا کورد نەبوون، بەڵکو کەسانی دیکەش لە نەتەوەی دیکەش لەگەڵ ئەو یانەیە یاری تۆپێ پێ دەکەن، لەمبارەوە رەمەزان کزڵ دەڵێت:"٦ کەس لەو گرووپەی ئێمە کورد بوون، ئەوانەی دیکە خەڵکی سوێد، نێجیریا، مەکدۆنیا، ئینگلیز، فەلەستین، بۆسنیا و شێلی لە نێواندا بوون".

عادل، کوڕی رەمەزان کزڵ، یەکێک بوو لەوانەی کە بڕیاری گۆڕینەوەی گەشتکردن بە فڕۆکەیەکی دیکە دەدەن، دوای ئەوەی گەیشتووەتە سوێد، هەواڵی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی جێرمانوینگس دەبیستێت و تا ئێستاش لە شۆکدایە.

هۆکاری سوارنەبوونی ئەندامانی یانە کوردی ـ سوێدییەکە لەو فڕۆکەیەدا لەلایەن باوکی عادل، کە لە نێو کوردانی سوێد بە موختار دەناسرێت بۆ "رووداو" دەگێردرێتەوە "لە بەرئەوەی پێویست بوو لە دۆسلدۆرف ٩ کاژێر چاوەڕێ بکەن تاوەکو لەوێوە گەشت بۆ سوێد بکەن بۆیەش ئەوان بڕیار دەدەن ئەو هەموو کاتە لە ئەڵمانیا نەمیننەوە سەرەڕای ئەوەی شوێنی هەر هەموویان لە نێو فڕۆکەکەدا بوو".

 بۆ سێ گرووپ خۆیان دابەش دەکەن دوانیان دەچنە سویسرا و یەکێکیشیان دێتەوە ئەڵمانیا، بەڵام کاتی ترانسێت کەمتر بوو بەمەش لە مردنێکی مسۆگەر، کە "ئێمە ئێستاش بڕوا ناکەین، رزگار بووین".

 یانەی داڵکورد، لە ساڵی ٢٠٠٤لە لایەن رەمەزان کزڵ-ی کوردی باکووری کوردستان دامەزراوە و لە پلەی سێیەمە "سێیەمین لیگا"ـی سوێد یاری دەکات. بە یەکێک لە یانە هیوابەخشەکان بۆ داهاتووی وەرزشی تۆپی پێ لە سوێد دادەنرێت.

 لە ١٢ـی نیسان یارییەکانی خوولی پلەی سێیەم دەستپێدەکات، لە رەنگدانەوەی ئەم رووداوە لە سەر دەروونی یاریزانەکان، بەڕێوەبەرانی یانەکە لە کارتێکردنی نەرێنی لە ئەنجامەکان دەترسن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە