رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووند دەکاتە سەر دانوستاندنکارانی ئێران و دەڵێت، تاران بۆ رێککەوتن "دەپاڕێتەوە"، بەڵام لە راگەیاندنەکاندا پێچەوانەکەی نیشان دەدات. ترەمپ هۆشداریشی دا کە ئەگەر بە زوویی پێشنیازەکەی واشنتن پەسند نەکەن، "رێگەی گەڕانەوە نامێنێت و دەرەنجامەکەشی باش نابێت."
رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لەبارەی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە تروس سۆشیەڵ رایگەیاند: "دانوستاندنکارانی ئێران زۆر جیاواز و سەیرن؛ ئەوان بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لێمان دەپاڕێنەوە، کە دەبێت هەرواش بکەن، چونکە لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێندراون و چانسی گەڕانەوەیان نییە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان دەڵێن، "تەنیا سەیری پێشنیازەکە دەکەین"، بەڵام ترەمپ دەڵێت "ئەمە هەڵەیە" و دەشڵێت: "باشترە بە زوویی جیددی بن، پێش ئەوەی کات بەسەربچێت، چونکە کاتێک ئەوە روویدا، ئیدی رێگەی گەڕانەوە نییە و ئەوەش جوان نابێت."
پێشنیازە 15 خاڵییەکە و نێوەندگیریی پاکستان
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوو وڵات چڕبووەتەوە. ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پشتڕاستیکردەوە وڵاتەکەی نێوەندگیریی سەرەکیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات.
وەزیری دەرەوەی پاکستان، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیە، رایگەیاند: "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لە رێگەی ئەو نامانەوە بەڕێوەدەچێت کە پاکستان دەیانگوێزێتەوە." ئاشکراشی کرد، ئەمریکا پێشنیازێکی"15 خاڵی" پێشکەش کردووە و ئێستا تاران خەریکی تاوتوێکردنیەتی.
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی پاکستان، تورکیا و میسڕیش پاڵپشتی لەم دەسپێشخەرییە دەکەن.
سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ و بەرپرسانی پاکستان، تاران هێشتا بە فەرمی دانوستاندن رەتدەکاتەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەوان تەنیا لە رێگەی "وڵاتانی دۆستەوە" نامە دەگۆڕنەوە و گوتی: "ئێستا سیاسەتی ئێمە بەردەوامبوونە لە بەرگری. مەبەستمان نییە دانوستاندن بکەین و تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێک نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ