ترەمپ: پێم وایە لەبارەی غەززە رێکدەکەوین

26-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ رایگەیاند، پێی وایە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە کراوە، ئەوەش دوای گفتوگۆکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی.
 
رۆژی هەینی 26-09-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێم وایە رێککەوتنێکمان هەیە." گوتیشی، "پێدەچێت لەبارەی غەززەوە رێککەوتنێکمان هەبێت. پێم وایە رێککەوتنێکە کە بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە؛ رێککەوتنێک دەبێت کە کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت."
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە لە رۆژانی رابردوودا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پلانێکی 21 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ئاشکرا کرا.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد "ئاشتی دەبێت."
 
هەفتەی رابردوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ پلانێکی ئاشتیی 21 خاڵیی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و غەززە خستووەتەڕوو و باوەڕی وایە لە رۆژانی داهاتوودا "جۆرێک لە پێشکەوتن" رادەگەیێندرێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی گەیشتووەتە "لێکتێگەیشتنی هاوبەش" لەبارەی چۆنێتیی گەیشتنە قۆناخی ئاگربەست و ئاشتیی بەردەوام لە غەززە و فەلەستین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە