رووداو - هەولێر
کەمپی ئاوشڤتیز ترسانکترین کەمپی جەنگی جیهانی دووەم بوو، کە تەنها لەو کەمپەدا زیاتر لە یەک ملیۆن جولەکە کوژران، ئەو کەمپە لەلایەن نازییەکانەوە پڕدەکرا لە خەڵکی جولەکە و دوای ماوەیەک پێش ئەوەی کۆمەڵێکی دیکەی جولەکە بهێنن، ئەوانەی پێشتر لەوێبوون دەیان کوشتن، بۆ کوشتنیشیان چەندەها جۆر تەکنیکیان بەکاردەهێنا.
27ی کانوونی دووەم حەفتایەمین رۆژی ئازادکردنی ئەو کەمپەیە لەلایەن هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە کە لە ساڵی 1945 ئازادکرا. رۆژی 27ی کانوونی دووەم و رزگارکردنی ئاوشڤیتز بووە بە یادی کارەساتی هۆڵۆکۆست لە جیهاندا.
لیۆنتی براندت کە ئێستا تەمەنی 91 ساڵە، یەکێک بووە لە یەکەمین سەربازەکانی یەکێتی سۆڤیەت کە سەرەتا رۆشتوونەتە ناو کەمپەکەوە و هەموو ئەو رەوشە خراپەیان بینیوە کە خەڵکی نێو کەمپەکە ناچارکراون تێیدا بژین.
براندت باس لەو رەوشە خراپە دەکات کە لەو کاتەدا بینیویانە و دەڵێت بە جۆرێک رەوشەکە خراپبووە کە تەنانەت ناتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، ئەو ئاماژەی بەوەکردووە کە خەڵکی ناو کەمپەکە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر خۆیان نەشوشتبوو و بۆنی کوژراوەکان لەو شوێنە تووشی شۆکی دەکردی.
ئەو میلیۆن کەسەی لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا لەو کەمپە کوژران، بە چەندی شێواز لەلایەن نازییەکانەوە کوژران، لەوانە خستنە ناو کوورەی ئاگر، یان دەرزی لێدان بۆ ئەوەی بە نەخۆشییەوە بمرن، یان لەبرسا کوشتن و چەند جۆری دیکەی کوشتن. ئەوانەشی کە رزگارکران، تەنها چەند هەزار کەسێک بوون کە زۆربەیان نەخۆش و پەککەوتە بوون.




