رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان، لە پێکدادانی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و پاسەوانانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دوو کەس کوژران کە هۆکاری شەڕەکەش ناکۆکی بووە لەسەر ئاو.
میدیای فەرمیی ئێران لە زاری قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێرانەوە، تاڵیبانی تۆمەتبار کرد بەوەی بەیانیی رۆژی شەممە، لەسەر سنووری نێوان پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێرانی و پارێزگای نیمرۆزی ئەفغانی، تەقەیان لە پاسەوانی سنووری ئێران کردووە.
تاڵیبانیش ئێرانی بە دەستپێشخەریکردنی لە شەڕەکە تۆمەتبار کردووە. عەبدولنافیع تاکۆر، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، "لە پێکدادانەکەدا، لە هەر لایەک کەسێک کوژرا و ژمارەیەکیش بریندار بوون."
میدیای ئێرانیش رایگەیاند، ئێران "زیانی گیانی و مادیی گەورەی" لە تاڵیبان داوە. وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرکردەکانی هەردوولا تێبینیی ئەم بابەتەیان کردووە و ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. ئەمارەتی ئیسلامی، نایەوێت لەگەڵ دراوسێکەی بکەوێتە جەنگەوە."
میدیای خۆجێیی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، شەڕەکە لە نزیک ناوچەی کانگ-ی پارێزگای نیمرۆزی ئەفغانستان دروستبووە و بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەهۆی شەڕەکە هەڵاتوون.
ئەم پێکدادانە دوای ئەوە دێت کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەم مانگە هۆشداریی بە تاڵیبان دا لەوەی مافی ئاوی ئێران لە رووباری هیرمەند پێشێل نەکات.
ماوەی نزیکەی 30 ساڵە وشکەساڵی بووەتە کێشە بۆ ئێران، بەڵام لەم 10 ساڵەی رابردوودا، تووندتر بووە، ئەمە وەکو ئاژانسی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی باسی دەکات.
ئاژانسی کەشناسیی ئێران دەڵێت، ئێستا نزیکەی 97%ی وڵاتەکە رووبەڕووی جۆرێک لە جۆرەکانی وشکەساڵی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ