زانكۆی كالابریای ئیتاڵیا پڕ دەبێ لە كورد

27-07-2018
شوان سدیق
نیشانەکردن زانکۆ ئیتاڵیا کوردستان
A+ A-

رووداو- رۆما

رێكار پێنج ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ژمارەیەك گەنجی دیكەی باشووری كوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكدا بە مەبەستی خوێندن رووی لە ئیتاڵیا كرد، ئەوان قۆناغی ئامادەییان بڕیوە و ئێستا بە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا بڵاوبوونەتەوە، زۆربەشیان روویان لە زانكۆی كالابریا كردووە، بەڵام دوودڵن لەوەی درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن یان بگەڕێنەوە بۆ كوردستان.

قوتابییەكان كە ژمارەیان 40 قوتابییە، پێشتر بەپێی رێككەوتنی حكومەتی ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان روویان لە ئیتاڵیا كردووە. ناوەندێك لە ئیتاڵیا بەناوی "ئیسكاپی" سەرپەرشتی قوتابییەكان دەكات. ئەوان بە مەبەستی خوێندن لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار روویان لە قوتابخانەكانی هەرێمی كالابریای ئیتاڵیا كردبوو. ئەو قوتابیانە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا رووبەڕووی زەحمەتی زۆر بوونەوە، بەڵام توانیان قۆناغی ئامادەیی بە سەركەوتوویی ببڕن و بگەنە زانكۆ.

قوتابییەكان لەناوەڕاستی مانگی ئایاری 2013 وە رەوانەی ئیتاڵیا كراون، لە سێ ناوچەی جیاواز لە نزیك شاری كۆسینزای سەر بە هەرێمی كالابریا نیشتەجێ كراون. خەرجی و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینكراوە، بەڵام پێنج ساڵ ژیان لە ناوچەیەكی بچووك كە هەر وەكو گوند وایە، ئەوانی بێزار و بیتاقەت كردووە، لەگەڵ ئەوەش توانیویانە بەهەر جۆرێك بێ‌ ئەو پێنج ساڵە بخوێنن و ئاستی زانستییان بۆ زانكۆ و پلە باڵاكانی دیكەی خوێندن بەرز بكەنەوە. ئەگەر زانكۆش تەواو نەكەن، پێشوەختە لەبوارێكدا خوێندوویانە دەتوانن پیشەییانە كار بكەن.

رێكار محەممەد، كاتێك لە سلێمانییەوە رووی لە ئیتاڵیا كرد، تەمەنی 18 ساڵان بوو، دوای پێنج ساڵ مانەوە ئێستا بە زمانی ئیتاڵی قسە دەكات. ئەو دەڵێت: "گەیشتن بەم قۆناغە كارێكی ئاسان نییە. ئەو پێنج ساڵە لێرە، بەهۆی دووری لە كەسوكار زەحمەتێكی زۆرمان چەشت، چونكە كێشەی سەرەكی ئێمە كەمئەزموونی بوو، پاشان خوێندنیشمان لە دەرەوەی شار تەواو كرد و تێكەڵبوونمان لەگەڵ كۆمەڵگای ئیتاڵی قورس بوو، بێگومان ئەوەش ناخۆشە".

ئەو كە ئێستا لە زانكۆی كالابریا ناوی گەڕاوەتەوە، چاوەڕێ‌ دەكات دەرگای زانكۆ بكرێتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەكەی بدات. لەگەڵ ئەویش بەشێكی زۆر لەو قوتابیانە كە ناویان تۆمار كردووە لە زانكۆ، ناویان گەڕاوەتەوە، حكومەتی ئەو وڵاتەش پابەندە بەجێبەجێكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزرای بۆیان تا كۆتایی خوێندنی زانكۆ.

لە زانكۆی كالابریا، ئەو كۆلیژانەی كە قوتابیانی كورد ناویان تێدا تۆماركردووە، زۆرتر بەشەكانی دەرمانسازی، بیناسازی، هونەر و زانستە سیاسییەكان و چەند بوارێكی دیكەن. لەسەر ئاستی ئیتاڵیا ئەمە یەكەمجارە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی كورد لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە وەردەگیرێن.

قوتابییەكان بڕیاریانداوە بەر لە دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندن بگەڕێنەوە كوردستان، بەڵام هەندێك لەو قوتابیانەی كە لە چوارچێوەی پرۆگرامە هاوبەشەكەی وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی ئیتاڵیا لە ئامادەییەكانی ئیتاڵیا دەیانخوێند، هەر لە ئێستاوە نەخشیان بۆ ئایندەی خۆیان كێشاوە و دەڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان دایاننامەزرێنێ‌، بۆیە چیدی خەرجی لە خوێندن ناكەن و ئەوەی لە ئیتاڵیا فێری بوون، لەمەودوا لە كوردستان مومارەسەی دەكەن.

ئەو قوتابیانە لەسەر ئەو بنەمایە هێنرابوون كە لە ئیتاڵیا بەشێوەیەكی زانستی فێری پیشەیەك بكرێن، ئەوان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لە بواری كشتوكاڵ، دارتاشی و گەشتوگوزار خوێندوویانە. ئەوان چاویان لەوەیە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی پێنج ساڵەیان لە ئیتاڵیا وەربگرێ‌.

زانكۆی كالابریا سەر بە پارێزگای كۆسینازایە و كەوتووەتە سەنتەری شارۆچكەی ریندە، زانكۆكە كە حكومییە، لە ساڵی 1972 دامەزراوە و یەكێكە لە زانكۆ باشەكانی هەرێمی كالابریای ئیتالیا.

لە ئیتاڵیا زۆرتر گرنگی بە خوێندنی تەندروستی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار دەدرێ‌، ساڵانە چەندین قوتابی لە وڵاتانی جیهانەوە روو لە زانكۆكانی ئیتاڵیا دەكەن.

چالاك كۆیی كە قوتابییەكی كوردە و پێنج ساڵ لە بواری كشتوكاڵ لە ئیتاڵیا خوێندوویەتی، دەڵێت زانیارییەكی باشی لە بواری كشتوكاڵ وەرگرتووە، بەڵام لەو باوەڕەدا نییە لە كوردستان سوود لە ئەزموونەكەی وەربگیرێ‌. ئەو دەڵێت: "ئێمە پێنج ساڵ لە ئیتاڵیا سەرباری كەموكوڕییەكان، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان داوە، هیوادارین حكومەت و كەرتی تایبەت لە كوردستان سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرێ‌".

چالاك ناوی لە كۆلیژی دەرمانسازی گەڕاوەتەوە، بەڵام دوودڵە لەوەی لە ئیتاڵیا درێژە بە خوێندنەكەی بدات یان بگەڕێتەوە كوردستان لە بوارەكەی خۆی كار بكات. چالاك دەڵێت: "پێش ئەوەی بێین بۆ ئیتاڵیا بەڵێنیان پێداین كە گەڕاینەوە لە بوارەكەی خۆمان كاربكەین، بەڵام بارودۆخی كوردستان زۆر گۆڕاوە و باری ئابووری خراپە، بۆیە لەو باوەڕەدانین لە كوردستان كارمان دەستبكەوێ‌".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە