رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی (FII Priority) لە شاری مەیامی، زنجیرەیەک لێدوانی گرنگ و هەستیاری سەبارەت بە داهاتووی جەنگی ئێران، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ و پلانەکانی بۆ ناوچەی کاریبی راگەیاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی ئێران لە قۆناخە کۆتاییەکانیەتی، "بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواو بووە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی کۆتایی نەهاتووە. دەبێت تەواو بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەو حەز ناکات ناوی "جەنگ" لەم ململانێیە بنێت و گوتی، "ئێمە پێی دەڵێین ئۆپەراسیۆنی سەربازی، نەک جەنگ."
ترەمپ ئاشکرای کرد، پێشوەختە دەیزانی ئەم جەنگە کارێکی زۆر گران نابێت، "ئێمە دەمانزانی کە ئەمە ئاسان دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی کەمترین بەرگریی لەلایەن تارانەوە دەکرد.
سەرۆکی ئەمریکا سەرسوڕمانی خۆی لە کاردانەوەی بازاڕەکان نیشاندا و گوتی، "پێم وابوو بازاڕی پشکەکان زیاتر دادەبەزن و نرخی نەوتیش زۆر لەوە بەرزتر دەبێتەوە کە ئێستا هەیە." پێوەری (S&P 500) بۆ پێنجەم هەفتەی لەسەریەک دابەزینی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە مانگی ئابی رابردووەوە. ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، ئابووریی ئەمریکا "وەک مووشەک" هەڵدەکشێت.
ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بەهۆی ئەوەی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکایان نەکرد لە جەنگی ئێران دا و گوتی، "ئەمە هەڵەیەکی یەکجار گەورە بوو کە وڵاتانی ناتۆ تێوەنەگلان. ئێمە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لە ناتۆ خەرج دەکەین، بەڵام ئێستا بەپێی رەفتارەکانی ئەوان بێت، پێم وایە پێویست ناکات چیدیکە ئەو پارەیە خەرج بکەین." بە راشکاویش پرسی، "بۆچی ئێمە لەگەڵیان بین لە کاتێکدا ئەوان لەگەڵ ئێمە نەبوون؟"
لە گوتارەکەیدا، ترەمپ لێدوانێکی چاوەڕواننەکراوی دا و گوتی، "بەم زووانە کوبا ئامانجی داهاتوومان دەبێت." پاشان بە گاڵتەجاڕییەوە رووی لە میدیاکان کرد و گوتی، "وا دابنێن من ئەمەم نەوتووە، تکایە میدیاکان ئەو قسەیەم فەرامۆش بکەن، بەڵام کوبا ئامانجی داهاتووە." چەندین جاریش ئارەزووی خۆی بۆ گۆڕینی رژێمی کۆمۆنیستی لەو دوورگەیە و تەنانەت کۆنتڕۆڵکردنی دەربڕیوە.
ترەمپ رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە دووبارە گفتوگۆکانی دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەستپێبکەنەوە. گوتیشی، "ئێستا کاتیەتی، دەبێت بچینەوە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمی" و هیوای خواست، هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەشداریی تێدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ