رووداو دیجیتاڵ
دادگایەک لە ئەمریکا بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ رێگریکردن لە کارکردن و دابەزاندنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک راگرت.
کارڵ نیکۆلاس، دادوەری دادگای واشنتن بە شێوازی کاتی بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ رێگریکردن لە دابەزاندنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لە ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی راگرت.
بڕیارە ئەمڕۆ بە شێوازێکی فەرمی بڕیاری دادوەر کارڵ نیکۆلاس رابگەیێنرێت.
ئیدارەی ترەمپ بە بڕیارێک رێگری لە کارکردنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لە ئەمریکا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە مامەڵەی نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیای بایت دانس، خاوەنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک نەگەیشتە قۆناخی کۆتایی.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد ، کە پابەند دەبێت بە بڕیاری دادگا و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای واشنتن دەیگرێتەبەر.بەڵام هاوکات دادگاکە رەتیکردەوە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا هەڵپەسێرێت کە تایبەتن بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی تیکتۆک کە بڕیارە لە 12ی مانگی 11ی ئەمساڵەوە بچنەبواری جێبەجێکردنەوە.
ئیدارەی ترەمپ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین بە سیخوڕیکردن لەسەر بەکارهێنەران تۆمەتبار دەکات.



