گالەری

28-11-2025
8 Photos
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا

رووداو دیجیتاڵ / وێنە: AFP

گوتەبێژێکی حکومەتی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند، ئەو ئاگرەی لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون کەوتبووەوە، کۆنترۆڵکرا. هەروەها 128 کەسیش بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی، 28ی تشرینی دووەمی 2025، گوتەبێژێکی حکومەتی هۆنگ کۆنگ بڵاویکردەوە، کاژێر 10:18ـی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هۆنگ کۆنگ (4:18ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر) توانیان ئاگری باڵەخانەکان کۆنترۆڵ بکەن. 
 
ئاگرەکە رۆژی چوارشەممە کەوتەوە و حەوت باڵەخانەی نیشتەجێبوونی گرتەوە، بەهۆیەوە 900 کەس دەربەدەر بوون.
 
دوێنێ، جۆن لی، سەرۆکى حکومەتی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەیەکى تەواو لەسەر رووداوەکە دەکەین، تاوەکو بزانین هۆکارى ئاگرەکە چییە. هێزەکانى پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە تیمێکى تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوەیەکى چڕ دەستپێکردووە. دۆسیەکە بێگومان دەچێتە دادگا."
 
ئاگرەکە سەرەتا لە چەند ئەسکەلەیەکى کرێکاریی بیناسازى کەوتووەتەوە، دواتر تەشەنەى کردووە بۆ چەند شوقەیەک. حکومەت سێ کەسى سەر بە کۆمپانیایەکى بیناسازى بە تۆمەتی کەمتەرخەمی دەستگیرکرد.
 
بەهۆى گەورەیی ئاگرەکە، خەڵکی سڤیلیش چووبوون بۆ یارمەتیدانى تیمەکانى فریاگوزاری.
 
چیی یەکێکە لە خۆبەخشەکان و رایگەیاند: "وەک خۆبەخش هاتووینەتە ئێرە، کارى وەکو هەڵگرتنی ئاو و گواستنەوەى کەلوپەل و دابەشکردنى خواردن دەکەین، بۆ ئەوانەى ئاگرەکە کارى لێکردوون."
 
تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 128 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان نزیکەی 270 کەسیش بێسەروشوێنن.