رووداو - هەولێر
نوێنەری نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە دوای سەردانەکەی بۆ شاری دهۆک رایگەیاند، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پاراستنی خێزان و منداڵە ئاوارەکانی سووریا و عێراق کەمتەرخەمە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، گەشتەکەی ئەنجێلینا جولی بووە مانشێتی لاپەڕەی یەکەم لە زۆرینەی رۆژنامەو گۆڤارەکانی جیهان، هەر خۆشی وتارێکی سەبارەت بەو سەردانە بڵاوکردەوەو تێیدا نووسی "کاتێک چیرۆکەکانم دەبیست نەمدەتوانی هیچ بڵێم، بەجۆرێک خەمباربوون کە ناخی مرۆڤیان دەهەژاند".
لە ماوەی دواییدا، جولی هەڵگرتنەوەو بەخێوکردنی منداڵێکی سووری بەناوی موسا راگەیاند، ئەم سەردانەشی دەنگۆی ئەوەی دروستکرد کە ناوبراو بەنیازبێت منداڵێکی كوردی ئێزدی بەخێو بکات و بیکات بەیەکێک لە خانەوادەکەی خۆی، ئەم بابەتەش چەندین رۆژە لە میدیا عەرەبیی و جیهانییەکان دەنگدانەوەی هەیە.
لەبارەی ئەم بابەتە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەکانی جولی، بەمیدیاکانی راگەیاندووە "دەنگۆی لەخۆگرتنی منداڵێکی ئێزدی لە لایەن ئەنجێلینا جوولی و براد بێتەوە دوورن لە راستی، ئەم دوو ئەستێرەیە هیچ نیازێکی لەو جۆرەیان نییە".
لە ٢٥/١/٢٠١٤ ئەنجێلنا جولی، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمەریکی، هاوکات نوێنەری نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران سەردانی چەند کەمپێکی سنووری پارێزگای دهۆکی لە هەرێمی کوردستانی کرد، دواتریش چاوی بەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوت و دوای گەڕانەوەشی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە هاوکاری پێویست بگەیێننە ئاوارەکانی عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ