رووداو - هەولێر
تەها سۆڵەیی، لە ماڵپەڕی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی وتارێكی نووسیوە و باس لە باخو هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەكەی خەلیفە عوسمانی كوڕی عەففان دەكات.
خەلیفە عوسمانی كوڕی عەففان، خەلیفەی سێیەمی مسوڵمانان و هاوەڵی پێغەمبەر (د.خ)، لە سەردەمی خۆی بیرەئاوێك دەكڕێ و بە تێپەڕبوونی كات، دەوروبەری بیرە ئاوەكە دەبێتە باخچە و دوای ئەو هەموو ساڵە، ئەو باخچەیە بەرهەمی هەیە و داهاتەكەشی دەچێتە ژمارە حیسابێكی بانكی، كە بە ناوی خەلیفە عوسمان كوڕی عەففانەوەیە و وەزارەتی ئەوقاف سەرپەرشتی دەكات.
ئەو باخە لە ژێر چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵە و ساڵانە نیوەی داهاتی دار خورماكانی دەدرێتە منداڵە بێ باوك و هەژارەكان و نیوەكەی دیكەی دەچێتە ئەو ژمارە بانكییەی، كە دەوڵەتی سعودیە بە ناوی خەلیفە عوسمان كردوویەتیەوە.
هەر لە داهاتی ئەو باخەی كە بە ناوی خەلیفە عوسمانەوەیە، هوتێلێكی پێنج ئەستێرە لە ناوەندی شاری مەدینە دەكرێتەوە و تاپۆكەشی هەر بە ناوی خەلیفە عوسمانەوەیە.
چیرۆكی ئەو باخە:
دوای ئەوەی مسوڵمانان كۆچیان كرد بۆ شاری مەدینە، خەلیفە عوسمانی كوڕی عەفان لە دەوروبەری مەدینە بیرەئاوێك دەكڕێ، چونكە مسوڵمانە كۆچكردووەكان حەزیان بەو ئاوەی ناو شاری مەدینە نەبووە. دواتر خەلیفە عوسمان بیرە ئاوەكە دەكاتە وەقف بۆ مسوڵمانان. بە تێپەڕبوونی كاتیش، دەوروبەری بیرەئاوەكە دەبێتە باخی خورما و دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانیش گرنگی زۆریان بەم باخە داوە، تا گەیشتووەتە سەردەمی دەوڵەتی سعودیە، كە بڕیاری داوە ئەم باخە بە ناوی خەلیفە عوسمان تاپۆ بكرێت و نیوەی داهاتەكەی لە منداڵە بێ باوك و هەژارەكاندا خەرج بكرێت، نیوەكەی دیكەش لە وەبەرهێنان خەرج بكرێت.



کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ