رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک چالاکڤانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی راکێشانی پشتیوانیی خەڵکی کەنەدا بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەدەن. ئەو چالاکییە بە هەوڵی ژمارەیەک ژنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڤانکۆڤەری کەنەدا بەڕێوەدەچێت. ئەوە لە کاتێدایە کە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکەن دەستبەسەکراوەکان سزا نەدات.
تەڵا خۆشکەلام، چالاکڤانی مافی ژنان دەڵێت، "دەستبەندمان دروستکردووە بە ناوی ژینا و بە دیاری دەیدەین بە خەڵک. کارتی کریسمسمان دروستکردووە کە وەکو ساڵی نوێ پیرۆزباییان لێ دەکەین، بەڵام لەنێویدا باسی شەهیدەکانمان کردووە."
ئەوان دەیانەوێت دەنگی دەستگیراوەکان و ئەو خۆپێشاندەرانەش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیێنن.
گوڵاڵە زەمانی، چالاکڤانی مافی ژنان باسی لەوە کرد، "چالاکییەکمان رێکخستووە بۆئەوەی بتوانین پاڵپشتی لە گەلەکەمان بکەین لەو کەسانەی کە ئێستا لەژێر مەترسیی لەسێدارەدانن، لەو کەسانەی کەوا شەهید بوون، ناویان بانگ بکەین و دەمانەوێ لەو رێگەیەوە سەرنجی ئەوان بۆ لای خۆمان رابکێشین بۆئەوەی ئەوان بتوانن پاڵپشتی لە ئێمە بکەن."
خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی جیهانیشدا پشتیوانی زۆری لێکراوە. کریستوفێر بەرگەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی رابردوو گوتی: "ئێمە گرنگی بە دانوستاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی نادەین، بەڵکو گرنگی بەو خەڵکە دەدەین کەوا لەپێناو ژیان و ئازادیدا راپەڕیون و بۆ راگرتنی ستەم لەسەر خەڵک، گەمارۆ دخەینە سەر ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش داوای لە تاران کرد سزای سێدارە رابگرێت و دەڵێت، خۆپێشاندان و لابردنی لەچک تاوان نییە.
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتیشی، "بە فەرمی داوام لە باڵیۆزی ئێران کرد چەند داواکارییەکی حکومەتی ئیتاڵیا بگەیێنێتە حکومەتەکەی. یەکەم داواکاریش دەستبەجێ راگرتنی سزای لەسێدارەدان و هەروەها راگرتنی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بوو. ئێمە داوامان کردووە کە ژن رووبەڕووی کوشتن نەکرێتەوە تەنیا لەبەرئەوەی لەچک ناپۆشن. داوا دەکەین ئەو گەنجانەی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا نەسەپێندرێت. کچان لەسەر شەقامەکان نەکوژرێن، ئەم رێکارانە کە شەرم دەکەم دووبارەی بکەمەوە، تووندوتیژیی سێکسی دژی کچان کارێکە جێگەی شەرمەزاری و قبوڵکراو نییە".
بەرپرسانی ئێران ئێستا پێداگری لەسەر سزادانی خۆپێشاندەران دەکەنەوە. محەممەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتیی ئێران دەڵێت، ئەو کەسانەی تاوانی قورسیان هەیە، سزانامەیان بۆ دەرکراوە و هەندێک لە تۆمەتبارانی "ئاژاوەکانی" ئەم دواییەش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکرێت. بەلای هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەو رێکارانە کاریگەرنین و ناڕەزایەتییەکان وەک ئاگری بن خۆڵەمێشە و کۆتاییان نایەت.



