رووداو دیجیتاڵ
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوە و بازرگانیی هەنگاریا دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک پابەندی رێککەوتنی کۆچی یەکێتیی ئەورووپا نابێت و ئاماژە بەوەش دەکات: "هاوشێوەی ساڵی 2025، لە ساڵی 2026ـیشدا رێگە نادەین یەک کۆچبەریش بێتە نێو هەنگاریا."
پیتەر سیارتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، یەکێک لە گەورەترین ململانێ سیاسییەکانی ساڵی 2026 "راپەڕینی هەنگاریا" دەبێت دژی رێککەوتنی کۆچ کە بڕیارە لە هاوینی ئەو ساڵەدا بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سیارتۆ گوتی، هەرچەندە لەسەر کاخەز، ئەم رێسا نوێیە بە مەبەستی "کاراترکردنی سیستمی پەنابەریی ئەورووپا" داڕێژراوە، بەڵام لە کردەوەدا هیچ مانایەکی دیکەی نابێت جگە لە دانانی دووڕیانێک بۆ هەنگاریا: دەبێت پارە بدات بە وڵاتانی دیکە یان دەبێت خۆی کۆچبەران قبووڵ بکات.
پیتەر سیارتۆ نووسیویەتی: "زۆر روونە کە ئێمە رێگە نادەین یەک کۆچبەریش بێتە ژوورەوە. ئەوانیش ئەوە دەزانن، بەڵام ئەوە بە تەواوی بێمانایە کە دەیانەوێ ئێمەی هەنگاری ناچار بکەن کە پارە بدەین."
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە بە خەرجیی خۆمان و بە ملیاران یۆرۆ بەربەستمان دروستکردووە و زیاتر لە 10 ساڵە پارێزگاری لە سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتییەکە دەکەین. ئێمە رۆژانە بە بڕی 1 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێین تەنیا لەبەرئەوەی رێگە نادەین کۆچبەرانی نایاسایی بێنە نێو وڵاتەکەمانەوە."
پیتەر سیارتۆ دەڵێ: "هیچ رێکارێک لە رۆژئاوای ئێمە نەگیراوەتەبەر و خۆپاراستن لە کۆچبەران شیاو یان خوازراو نییە. ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە دۆخی ئەمنییان هێندە تێکچووە کە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیان لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە، هەر بۆیەش ئێستا دەیانەوێ بەپێی رێککەوتنی کۆچ خۆیان لە کۆچبەران رزگار بکەن."
ئەو بەرپرسە هەنگارییە گوتیشی: "ئێمە لە ساڵی 2026 دەڵێین نەخێر بۆ ئەمە و هەر لە ئێستاوە پێشبینی دەکەین هەنگاریا رێکارەکانی رێککەوتنی کۆچ جێبەجێ نەکات."
سیارتۆ هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و ئاسایشی وڵاتەکەی و گوتی: "ئێمە کۆچبەرمان ناوێت و نامانەوێ پشووەکانی کریسمس و جەژنەکانمان لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بەسەر بەرین."
رێککەوتنی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک کە پەرلەمانی ئەورووپا و حکومەتەکانی وڵاتانی ئەندام لەسەری رێککەوتوون، بە مەبەستی یەکخستنی رێکارەکانی پەنابەری، خێراکردنی بڕیارەکان لە سنوورە دەرەکییەکان و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی پەناخوازان لە نێوان وڵاتانی ئەندام.
ئەم رێککەوتنە چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەم وڵاتان، وەک وەرگرتنی پەناخواز، پێدانی هاوکاری دارایی و پێشکێشکردنی پشتگیریی مەیدانی. چاوەڕوان دەکرێ لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ بکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ