بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کچانی وڵاتەکەی راپ دەڵێت

30-12-2013
رووداو @Rudawkurdish
مەیامی راپەر
مەیامی راپەر
نیشانەکردن میسڕ گێچەڵی سێکسی
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژەیەکی زۆری ژنانی میسر تووشی گێچەڵی  سێکسی دەبنەوە، کچێکی گەنجی میسری  بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کچانی وڵاتەکەی راپ دەڵێت، بەڵام ئەوەی ئەو لە راپەرەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە مەیام مەحموودی 18 ساڵ باڵاپۆش و لەچک لەسەرە، ئەو کچە  بووەتە سەرنجی خەڵک، چونکە ئەو باڵا پۆش و راپەرە.

راپەر  مەیام مەحموود دەڵێت "زۆر پێم دەڵێن نابێت راپ بلێم و حیجاب بپۆشم، بەڵام من گووتومەو دەیڵێمەوە راپ و حیجاب دووشتن پەیوەندیان بەیەکەوە نییە، من  لەو باوەڕەدام کە شێوەی دەرکەوتنم نابێت کار لە کارەکەم بکات، بۆ دەبێت کارێک نەکەم کە حەزم لێیەتی بەهۆی شێوەی دەرکەوتنم، ئاین و باوەڕم رێگرنییە  لەکارەکەم".

مەیام  یەکەمی بەرنامەی ئارەب گۆت تالێنتی كەناڵی MBC نەبوو، بەڵام گەیشتە چارەکی کۆتایی، لەوەش گرنگتر ئەو بە راپ پەنجەی خستە سەر چەندین کێشەی ژن و کچ لە وڵاتانی عەرەبی و هەوڵدەدات بەرێگە تایبەتیەکەی خۆی کێشەکان چارەسەر بکات.

مەیام گوتیشی "دەمەوێت بە کچان بلێم ئەوان بە تەنیا نین، ئێمە کێشەکانمان یەکە، بەڵام نابێت بێدەنگ بین، دەبیت دەنگمان بەرز بێت".

بەهۆی ئەو کێشانەی تووشی وڵاتەکە بووە، میسر ماوەی سێ ساڵە  لەرووی سیاسییەوە زۆرترین چاوی لەسەرە،  بۆیە کەمترین شت باس بکرێت، مافی ژنە لەو وڵاتە. بەوهۆیەشەوە  مەیام  کە قوتابی قۆناخی یەکەمی کۆلێژی رامیاری و ئابوورییە لە زانکۆی  6 ئۆکتۆبەر، دەیەوێت دەنگی کچان بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانیان بەرز بکاتەوە.

ئەو کچە راپەرە تێکستی گۆرانییەکانی خۆی دادەنێت و هەندێک جاریش کچانی خاوەن کێشە، کێشەکان بە نووسین  دەدەن  بە مەیام.

بەگوێرەی دواین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەورەترین کێشەی ژنان لە میسر کێشەی گێچەڵی سێکسییە. ئەو راپۆرتە  دەڵێت  لە 99% ی ژنان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.

کاربەدەستان و پیاوانی ئایینی میسر بۆ گێچەڵی سێکسی بەهانەیان هەیە، ئەوان دەڵێن تیکەڵبوونی ئافرەت لە گەڵ پیاو هۆکارە.

بەهۆی دەرکەوتنی  مەیام  لە دوا بەرنامەی ئارەب گۆت  تالێنت، مەیام بەنامە هەڕەشەی لێکرا، بەڵام  ئەو رەتیدەکاتەوە  واز لەو کارە بێنێت.

مەیام هاورێکانی  دەزانن وڵاتەکەیان رۆژانی خۆش تێناپەرێنێت، بەڵام بڕیاریانداوە کە داهاتوویان بەباشترین شێوە بنیاد بنێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە