رووداو دیجیتاڵ
ئێلینۆر کارۆیت، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ کاروباری وڵاتانی فەرەنسیزمان، هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و هاووڵاتییانی فەرەنسا لە دەرەوە، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی پاریس بەرامبەر جەنگی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.
مەرجەکانی فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە ئەرکە دەریایییەکان
ئێلینۆر کارۆیت رایگەیاند، فەرەنسا خەریکی وردبوونەوەیە لە دۆخەکە و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لایەنگری پێکهێنانی "ئەرکێکی نێودەوڵەتیی تەنیا بەرگرییە" بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە پاریس نایەوێ بە شێوەیەکی چالاک بچێتە نێو جەنگێکەوە کە ئامانجەکانی بە روونی دیار نین.
وەزیرە فەرەنسییەکە رەخنەی لە شێوازی دەستپێکردنی جەنگەکە گرت و گوتی، "لە بنەڕەتدا داوامان لێ نەکراوە کە ئایا دەمانەوێ بەشداری بکەین یان نا؛ هەروەها ئەم جەنگە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەستی پێنەکردووە."
کارۆیت ئاماژەی بەوەش کرد، فەرەنسا زیاتر لە 250 ساڵە هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام رێک لەبەر ئەوەی دۆستن، دەتوانن بە راشکاوی بە واشنتن بڵێین، دەبێت چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی و هەوڵی دیپلۆماسی هەبێت پێش هەر هەنگاوێکی دیکە.
دیپلۆماسی؛ تاکە رێگەی دەربازبوون
سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران، ئێلینۆر کارۆیت پشتڕاستیکردەوە کە فەرەنسا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێرانییەکان و گوتی، "ئامانجی سەرەکیمان دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانە، چونکە ئەمە تاکە رێگەی دەربازبوونە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان."
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرەنسا دەیەوێ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رابگیرێ و گواستنەوەیەکی دیموکراسی لەو وڵاتەدا رووبدات، بەڵام ئەوە تەنیا بە دیپلۆماسی دەکرێت.
کارۆیت ئاشکرای کرد کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی ناوچەکە، لەوانەش سەرۆککۆماری ئێران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی لوبنان لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بۆ راگرتنی بۆردوومانکردنی مەدەنییەکان.
پاراستنی هاووڵاتییانی فەرەنسی و کێشەی متمانە
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا باسی لەوە کرد کە نزیکەی 400 هەزار هاووڵاتیی فەرەنسی لە 15 وڵاتی ناوچەکەدا دەژین. بەهۆی جەنگەکەوە، پاریس نزیکەی 20 فڕۆکەی بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران هاووڵاتیی خۆی تەرخان کردووە. کارۆیت جەختی کردەوە کە پاراستنی هاووڵاتییانیان لە کارە لەپێشینە سەرەکییەکانە.
سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی "هەر کاتێک هەوڵ دەدەین لەگەڵ سەرکردەیەکی نوێی ئێران قسە بکەین، دەکوژرێت"، کارۆیت ئاماژەی بەوە کرد کە رێگەی دیپلۆماسی هەمیشە قورسترە، بەڵام تەنیا رێگەی بەردەوامە گوتی، "تۆ ناتوانیت هەرچەندە بتەوێت بۆردوومان بکەیت، ئەگەر دڵنیا نەبیت کە کەسێکت هەیە دواتر قسەی لەگەڵ بکەیت."
نەوتی تەنگەی هورمز و بەرژەوەندییەکان
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئێلینۆر کارۆیت ئەو پاساوەی ئیدارەی ئەمریکای رەتکردەوە کە دەڵێت ئەورووپا زیاتر لە ئەمریکا پشتی بە نەوتی تەنگەی هورمز بەستووە. کارۆیت گوتی، "20%ی بازرگانیی نەوتی جیهان لەو تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت، بۆیە هەموومان پشتمان پێی بەستووە."
وەزیرە فەرەنسییەکە جەختی کردەوە، هەمووان بەرژەوەندییان لە ئاشتیدایە و ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان ئێران و رووسیا کرد، کە بە گوتەی ئەو "پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیە" و کاریگەریی لەسەر جەنگی ئۆکرایناش هەیە، کە دواجار کار دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
پرسیار: تاوەکو ئێستا چیتان لە ئەمریکا نەبیستووە کە رێگر بووە لەوەی بڵێن "بەڵێ، کەشتییەکانمان دەهێنینە ناوچەکە و هاوکار دەبین لە پاراستنی گواستنەوەی سووتەمەنی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە"؟ چاوەڕێی بیستنی چی دەکەن؟
ئێلینۆر کارۆیت: ئێستا ئێمە خەریکی شیکردنەوەی دۆخەکەین. وەک گوتم، ئێمە لەگەڵ ئەرکێکی نێودەوڵەتین کە تەنیا مەبەست لێی بەرگری بێت، بۆ نموونە بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان، بەڵام نامانەوێ بە شێوەیەکی چالاک بچینە نێو جەنگێکەوە کە ئامانجەکانیمان بە روونی بۆ دەرنەکەوتووە، کە لە بنەڕەتدا داوامان لێ نەکراوە ئایا دەمانەوێ بەشداریی تێدا بکەین یان نا، و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشدا دەستی پێنەکردووە. ئێمە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین، زیاتر لە 250 ساڵە هاوپەیمانین، بەڵام رێک لەبەر ئەوەی هاوپەیمان و دۆستین و بۆ ماوەیەکی زۆرە پێکەوەین، دەتوانین بە راشکاوی قسە لەگەڵ یەکدی بکەین و داوا بکەین کە پێش چوونە نێو ئەم دۆخە، چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی و دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان هەبێت.
پرسیار: تەمومژێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چۆن بوون. سەرۆک ترەمپ دەڵێ دانوستاندنەکان گرنگن و بەرەو پێش دەچن، بەڵام ئێرانییەکان زۆر بە کەم دەری دەخەن. ئایا فەرەنسا لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ ئێرانییەکان؟
ئێلینۆر کارۆیت: بەڵێ، لە راستیدا وەک گوتم، ئامانجی سەرەکیمان دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانە، چونکە ئەمە تاکە رێگەی دەربازبوونە. ئێمە لێرە نین بۆ رەخنەگرتن یان تەنیا قسەکردن لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک چەمکێک؛ ئەمە بە راستی تاکە رێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو هێورکردنەوەیەی گرژییەکانمان دەستکەوێت کە پێویستە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک. ئێمە دەمانەوێ بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران رابگیرێن. دەمانەوێ دڵنیابینەوە کە گواستنەوەیەکی دیموکراسی لە ئێران روودەدات. من خۆم بە شێوەیەکی کەسی بەشدار بووم لە بەرگری لە مافەکانی ژنان لە ئێران، بەڵام دەبێ بە شێوازێک ئەنجامی بدەین کە کاریگەر بێت، تاکە رێگەش دیپلۆماسییە. بۆیە سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ هەموو سەرۆکەکانی ناوچەکە، لەوانەش سەرۆککۆماری ئێران قسەی کردووە بۆ داواکردنی هێورکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی بۆردوومانکردنی مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا. شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەی "کۆمەڵەی حەوت" (G7) کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، راگەیێندراوێکی هاوبەش لەسەر گرنگیی پاراستنی مەدەنییەکان و راگرتنی بۆردوومانکردنی مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا هەبوو.
پرسیار: بەڵام چۆن دەتوانن پارێزگاری لە سەتان هەزار هاووڵاتیی فەرەنسی لە ناوچەکەدا بکەن، کاتێک ئێران بە ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا مووشەک دەهاوێژێ و هێرش دەکاتە سەر قەتەر و ئیمارات؟ چۆن پارێزگاری لە فەرەنسییەکان دەکەن؟
ئێلینۆر کارۆیت: باشە، ئەوە کاری رۆژانەی من بووە لە هەفتەکانی رابردوودا و پێموایە بۆ زۆر لە ئەندامانی دیکەی حکومەتەکانی جیهانیش وا بووە، چونکە وەک گوتم، 400 هەزار فەرەنسی لەو 15 وڵاتەدا دەژین و زۆرێکیان کاتێک جەنگ دەستیپێکرد، ویستیان بگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا. بۆیە ئێمە نزیکەی 20 فڕۆکەمان تەرخان کرد بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران فەرەنسی بۆ نیشتمان و دڵنیابوونەوە لەوەی ئاسمانی ناوچەکە کراوە بێت بۆ ئەوەی ئێستا بتوانن بگەڕێنەوە. ئەوانەشی کە ماونەتەوە، ئەو کەسانەن کە لەوێ دەژین و چاوەڕێ دەکەن بزانن دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئێمە ئەوەندە چالاکانە کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین، چونکە دووبارەی دەکەمەوە، کارە لە پێشینە سەرەکییەکەمان، وەک چۆن دڵنیام بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش وایە، پاراستنی هاووڵاتییانمانە.
پرسیار: دیپلۆماسی چۆن دەتوانێت کار بکات کاتێک دوایین جار کە دیپلۆماسی هەبوو، کاتێک کۆبوونەوە هەبوون و گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان ئێرانییەکان و ئەمریکییەکاندا لە ئارادا بوو، رێک لە نێوەندی ئەو دانوستاندنەدا بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێرانیان دا و ئەم جەنگەیان دەستپێکرد؟ کەواتە متمانە چۆن دەگەڕێتەوە؟ جگە لەوەش، تەنانەت سەرۆک ترەمپ گوتی "ئێمە نازانین؛ هەر کاتێک هەوڵ دەدەین لەگەڵ سەرکردەیەکی نوێی ئێران قسە بکەین، دەکوژرێ". بۆیە لە لایەنی ئەمریکاوە و لە روانگەی سەرۆک ترەمپەوە جۆرێک لە سەرلێشێوان هەیە کە بە وردی کێ بڕیار بەدەستە.
ئێلینۆر کارۆیت: باشە، سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە گفتوگۆدایە و ناڵێم ئەو گفتوگۆیانە ئاسانن. بێگومان لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهووش قسە دەکات. هەروەها لەگەڵ سەرۆک عەون لە لوبنان قسە دەکات. هۆکاری ئەوەی ئێمە لە قسەکردن لەگەڵ هەمووان بەردەوامین ئەوەیە کە دەبێت لەسەر رێبازە سەرەکییەکان هاوڕا بین. یەکێکیان پاراستنی مەدەنییەکانە. ئەوی دیکەیان دەستپێکردنەوەی بازرگانییە. دانەیەکی دیکەش چارەسەرکردنی شێوازی مامەڵەی ئەتۆمیی ئێرانە. ناڵێم ئەمە ئاسانە. لە راستییدا هەمیشە رێگەی دیپلۆماسی قورسترە، بەڵام تاکە رێگەی بەردەوام و هەمیشەیییە. تۆ ناتوانیت هەرچەندە بتەوێ بۆردوومان بکەیت ئەگەر دڵنیانەبیت لەوەی گواستنەوەیەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دوای ئەوە، ئەگەر دڵنیانەبیت کە کەسێکت هەیە قسەی لەگەڵ بکەی، ئەوا نازانیت کەی ئەنجامەکان دەردەکەون. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە خاوەنی ئەم هەڵوێستەین. مەبەستەکەم ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵ ئێوە نین، ئێمە وەک گوتم هاوپەیمانین، بەڵام لایەنگری رێبازە دیپلۆماسییەکانین.
پرسیار: رای تۆ چییە لەسەر ئەو پاساوەی ئیدارەی ئەمریکا کە دەڵێت ئەورووپا زۆر زیاتر پشتی بەو نەوتە بەستووە کە لە تەنگەی هورمزەوە دێت وەک لە ئەمریکا؟ هەر بۆیە ئەورووپا دەبێت زیاتر تێوەبگلێت لە پاراستنی ئەو تەنگەیە.
ئێلینۆر کارۆیت: باشە، 20%ی بازرگانیی نەوتی جیهان لە رێگەی ئەو تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت، بۆیە لە راستیدا هەموومان پشتمان پێی بەستووە. هەروەها پشتمان پێی بەستووە، چونکە بەرژەوەندیمان لە ناوچەکەدا هەیە و ئەمریکاش چەندین بەرژەوەندیی لە ناوچەکەدا هەیە. ئێمە هاوبەشێکی جێگەی متمانەین. رێککەوتن و هاوبەشیمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە و دەمانەوێت پابەندیان بین. بۆیە پێموانییە لۆژیکی بێت پۆلێنکردن بۆ ئەوە بکەین کێ زیاتر پشتی پێ بەستووە. پێموایە هەموومان بەرژەوەندیمان لە ئاشتیدایە. ئاشتی لەوێ، و هەروەها ئاشتی لە ئۆکراینا؛ بێگومان ئێمە لە ئۆکرایناوە نزیکترین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر ئەم جەنگانە بەردەوام بن کاریگەرییان لەسەر ئەمریکاش دەبێت، هەروەها دەبێت بیر لەو پەیوەندییە بکەیتەوە کە لە نێوان ئێران و رووسیادا هەیە کە پەیوەندییەکی راستەقینەیە و سەلمێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ