مێرکڵ و ماکرۆن سیاسەتەکانی کۆچبەری و دارایی ئەوروپا یەکدەخنەوە

20-06-2018
لهۆن نەسرەدین
هەردوولا هاوڕان لەسەر زیاترکردنی ژمارەی پاسەوانانی دەریایی ئەوروپی
هەردوولا هاوڕان لەسەر زیاترکردنی ژمارەی پاسەوانانی دەریایی ئەوروپی
نیشانەکردن ئەڵمانیا فەرەنسا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لە باکووری بەرلین، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە و هەردووکیان لەسەر یەکخستنەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر پرسی کۆچبەران و چەندین دۆسیەی دیکەی جیهان، رێککەوتن.


ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی "من دەتوانم بە بەڵێیەکی روون وەڵام بدەمەوە، هەموو ئەوانەی ئێمە لەسەری رێککەوتووین لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیا و پەرلەمانیشەوە پشتگیری دەکرێن. من لەگەڵ پەرلەمانتاراندا سەبارەت بەم ئاراستەیە قسەم کردووە، بۆیە من گەشبینم".

هەفتەی داهاتوو، یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی سەرۆک و سەرکردەکانی لووتکەیەک دەبەستێت کە بە یەکلاییکەرەوە دادەنرێت، بەتایبەتی لەبارەی دۆسیەی پەنابەر و کۆچبەراندا کە ئێستا بووەتە بابەتی گەرمی وڵاتانی یەکێتییەکە.

 وەزیری ناوخۆ دوو هەفتەی لەبەردەم مێرکڵ داناوە تاوەکو لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کۆچبەران رێکبکەوێت و بەپێچەوانەوە ئەو ناچارە وەک وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، کۆچبەر و پەنابەران لەسەر سنووری وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە و دەربکات.

هۆرست سیهۆفەر، وەزیری نوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت "ئێمە خۆشحاڵ دەبین ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بە ئەنجام بگەین، چ لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا یان لەڕێگەی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکانەوە. هیوای سەرکەوتن بۆ ئەنگێلا مێرکڵ دەخوازم لە گەیشتن بەو رێککەوتنانە، بەڵام ئێمە هاوکات پابەندین بەوەی کە ئەگەر ئەو رێککەوتنانە روو نەدەن، ئەوا ئەگەری گەڕاندنەوەی کۆچبەران راستەوخۆ لەسەر سنوور، زۆرە".

مێرکڵ و ماکرۆن کە نوێنەری دوو وڵاتە زلهێزەکەی یەکێتی ئەوروپان، سەبارەت بە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەر و کۆچبەران کە بەرۆکی یەکێتییەکەی گرتووە، کۆکن.

هەردووکیان دەڵێن، پێویستە قەیرانی کۆچبەران لە سەرچاوەوە چارەسەربکرێت و هەروەها داواکردنی مافی پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی لەدەرەوەی خاکی یەکێتییەکە ئەنجام بدرێت، هەروەها هەردووکیان رووی دەمیان کردە وڵاتانی ترانزێت بەتایبەتی لیبیا و داوایان لێکرد کۆنترۆڵی زیاتری کەنارە دەریاییەکانی بکات، جگە لەوەش مێرکڵ و ماکرۆن هاوڕان لەسەر زیاترکردنی ژمارەی پاسەوانانی دەریایی ئەوروپی بۆ نزیکەی 10 هەزار پاسەوان کە بە پاسەوانانی فرۆنتیس ناسراون.

هاوکات سەبارەت بەو پەنابەرانەی کە داوای مافی پەنابەرێتیان لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رەتدەکرێتەوە، دادگای باڵای یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە تێیدا ماف دەداتە هەموو پەنابەرێك کە داواکەی رەتکراوەتەوە، جارێكی دیکە لەلای دادگایەک داوای پەنابەری بکاتەوە، ئەوەش پێچەوانەوەی ماوەی رابردوو بوو کە پەنابەر لەدوای رەتکردنەوەی داواکەیان دەستبەجێ لەو وڵاتەی کەتێیدا بوو، دەردەکرا.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە