لەدوای هێرشەکانی ئازەربەیجانەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخیان جێهێشتووە

27-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن ئەڵمانیا - کۆچبەران کۆچبەران ئیتاڵیا شەری نێوان ئازەربەیجان و ئەرمینیا هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەلایەن سوپای ئازەربەیجانەوە، زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی ئەرمەنی کە دانیشتووی هەرێمەکەن، ناوچەکەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، حکومەتی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 243 ئەرمەنی دانیشتووی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ هەڵاتوون و روویان لە شارەکانی ناوەندی ئەرمینیا کردووە، نازلی باخداساریان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیاش دەڵێت، ئەو کەسانەی هەرێمەکەیان جێهێشتووە، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ناوچەکە دەبن و زۆرینەیان کریستیانی ئەرمەنین.
 
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوول، رێڕەوی لاچینیان کە تاکە رێگەی بەستراوی هەرێمەکەیە بە ئەرمینیا، لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە کرایەوە و لەو کاتەوەشەوە نزیکەی نیوەی ئەرمەنییەکانی دانیشتووی هەرێمەکە کە 120 هەزار کەسن، ئاوارە بوون و روویان لە ئەرمینیا کردووە. 
 
سەرەڕای شەپۆلی ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچەکە، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان دڵنیاییان داوەتە هاووڵاتیانی ناگۆرنۆ قەرەباخ و رایانگەیاند، ئەوان ژیانیان پارێزراوە و "رێگەنادەن رووبەڕووی پێشێلکاریی بکرێنەوە."
 
رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2023، لە دوای ئۆپەراسیۆنێکی 24 کاژێری لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە، ئاگربەست راگەیێندرا و جوداخوازەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ رێککەوتن بە رادەستکردنەوەی چەکەکانیان و لکاندنەوەی هەرێمەکە بە خاکی ئازەربایجان. 
 
ئازەربایجان و ئەرمینیا لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا، دوو جەنگیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو هەرێمە کردووە. هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر دۆخی مرۆیی هەرێمەکە دەربڕیوە. هەرچەندە ئەو هەرێمە لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا بووە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە هەر بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجان ناسێندراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوول، پاسەوانانی سنووری ئازەربایجان رایانگەیاند لە رێڕەوی لاچین، روبن ڤاردانیان، بەرپرسی یەکەمی ئیدارەی ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخیان دەستگیر کردووە، کە ویستوویەتی بەرەو ئەرمینیا هەڵبێت. 
 
ڤاردانیان سەرمایەدارێکی ناسراوی ئەرمەنیە، لە تشرینی دووەمی 2022 بۆ شوباتی 2023، سەرۆکی حکومەتی جوداخوازەکانی قەرەباخ بووە.
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی ئازەربایجان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنە یەک رۆژییەکەیاندا بۆ سەر ناگۆرنۆ قەرەباخ، 192 سەربازیان کوژراون و 511ی دیکەشیان برینداربوون، لە بەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی ناگۆڕنۆ - قەرەباخ رایانگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، لانیکەم 200 کەسیان کوژراوە کە 10ـیان سڤیل بوون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتەیەکە زیلینکسی سەرقاڵی گەشتکردنە بەنێو وڵاتانی ئەورووپادا

وڵاتانی رۆژئاوا ناکۆکن لەبارەی گواستنەوەی جەنگ بۆ نێو رووسیا و پووتین هەڕەشە دەکات

وڵاتانی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە. مژاری کۆبوونەوەکەیان چڕکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ ئۆکراینا و شێوازی وەڵامدانەوەی ‌هێرشەکانی رووسیا.