نرخی نەوت لە مانگی ئایاردا چۆن دەبێت؟

03-05-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەڵبەز و دابەزی نرخەکانی نەوت لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا بە دابەزینی رێژەیی نرخی نەوت لە دوایین رۆژەکانی مانگی نیسان کۆتایی هات. لە دوایین رۆژی مانگی ئاداردا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 52.83 دۆلار بوو، بەڵام لە دوایین رۆژەکانی مانگی نیساندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 51.73 دۆلار بوو.

نرخەکانی نەوت لەو مانگەدا گۆڕانکاریی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برێنت لەو مانگەدا 56.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بووە کە لە رۆژی 11ی نیسان تۆمار کراوە. نزمترین نرخیش 51.44 دۆلار بووە کە سێ رۆژ بەر لە کۆتایی مانگی نیسان بووە. لە هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا نرخەکانی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام روویان لە هەڵکشان بووە، لە ماوەی یەک هەفتەدا لە 53.12 دۆلارەوە (لە رۆژی 3ی نیسان) بۆ 56.23 دۆلار (لە رۆژی 11ی نیسان) بەرزبووەتەوە. بەڵام لە دوای ئەو هەفتەیە نرخەکانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین بووە.

ئەو هۆکارانەی وایانکرد نرخی نەوت لە مانگی نیساندا هەڵکشێ و دابەزێ، لەو مانگەشدا هەن، بەڵام بازاڕی نەوت لە مانگی ئایاردا چاوی لەسەر دوو رووداوی گەورەیە کە دەکرێ کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر نرخەکانی نەوت دابنێن.

کۆبوونەوەی ئۆپێک

رۆژی 25ى ئایار، وەزیرانی نەوت و وزەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەکە لە ڤیەننا کۆدەبنەوە. چاوەڕێ دەکرێ لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان راگرتنی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.

تەمەر ئیسنەر، بەڕێوەبەری بەشی وزەی کۆمپانیای راوێژکاری بازرگانی نەزدەک، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی مارکێت وۆچ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە "کۆبوونەوەکەی ئۆپێک گەورەترین پاڵنەری نرخەکان دەبێ لە مانگی ئایاردا. لێدوانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و رووسیا سەبارەت بە پابەندییان بە درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتنەکە لە سێ هەفتەی یەکەمی ئەو مانگەدا بازاڕەکانی نەوت دەجووڵێنێ".

 زۆربەی وڵاتانی بەشداری رێککەوتنەکە لە ئێستاوە پشتگیری لە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە (واتە هەتا کۆتایی 2017) دەکەن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئۆپێک و ژمارەیەک وڵاتی دەرەوەی ئۆپێک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیل کەم دەکەنەوە. رێککەوتنەکە، کە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێ، لە مانگی یەکەمی 2017ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە کۆتایی مانگی حوزەیران ماوەکەی تەواو دەبێ، بۆیە هەموو چاوەکان لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەی داهاتوودا لەسەر کۆبوونەوەکەی ئۆپێک دەبێ.

نەوتی لیتە و ئاستی نەوتی ئەمبارەکان

لە پاش بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بۆ سەرووی 40 دۆلار، پیشەسازیی نەوتی لیتەی ئەمریکا خەریکە سەرلەنوێ هەڵدەستێتەوە. جاراند ریستاد، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی وزەی ریستاد ئێنێرجیی نەرویجی، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند "ئەگەر نرخەکانی نەوت لە نێوان 50 بۆ 55 دۆلار بمێننەوە، چاوەڕێ دەکرێ تێکڕای گەشەی مانگانەی بەرهەمی نەوتی لیتەی ئەمریکا لەمساڵ و ساڵی داهاتوودا هەتا 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بچێت". پێشتر ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) پێشبینی کردبوو ئەو ژمارەیە بۆ ئەمساڵ 29 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بۆ ساڵی داهاتوو 57 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بێ.

ئەو جۆرە داتا و مەزندانە تەنیا کاریگەریی راستەوخۆ و کورتخایەن لەسەر بازاڕەکانی وزە دانانێن، بەڵکو دەکرێ کاریگەری لەسەر بڕیاری کۆبوونەوەکەی 25ی مانگیش دابنێن کە یان ئەوەتا کۆتایی بە رێککەوتنەکە بهێنن، یان رێژەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانیان کە لە رێککەوتنەکەی تشرینی دووەمدا هاتووە، دابەزێنن.

ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکەی ئۆپێک  کەمکردنەوەی ئاستی نەوتی کۆگاکان بوو، بۆیە داتا و مەزندەکان لەو بارەیەوە کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخەکانی نەوت دادەنێن.

هەڵبژاردنەکانى ئێران

شەش رۆژ بەر لە کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی ئۆپێک، لە ئێران خولی دوازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێ، کە تێیدا حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران، چانسی سەرکەوتنی لە هەر پێنج کاندیدەکەی دیکە زیاترە. تەمەر ئیسنەر دەڵێت هەتا ئێستا هەڵبژاردنەکانی ئێران وەکوو هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخەکانی نەوت پشتگوێ خراوە.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئاکامی چاوەڕواننەکراو لە هەڵبژاردن و گشتپرسییەکان بەدیکراوە، لەوانەش گشتپرسیی جودابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و گشتپرسیی هەمواری دەستووری ئیتاڵیا لە 2016 و گشتپرسیی هەمواری دەستووری تورکیا لە مانگى رابردوو.

ئیسنەر دەڵێت وەبەرهێنەرەکان بە نیگەرانییەوە چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن، لەبەر ئەوەی "ئەگەر یەکێک لە کاندیدەکانی باڵی موحافەزەکار لە هەڵبژاردنی ئێراندا سەربکەوێت (ئیبراهیم رەئیسی یان محەممەد باقر قالیباف)، ئەوە نرخەکانی نەوت بەرز دەکاتەوە، چونکە لەگەڵ سەرکەوتنی موحافەزەکارەکاندا چاوەڕێ دەکرێ ئەمریکا سزا ئەتۆمییەکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە". کە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی ئێرانەوە هەیە.

ئێستا ئێران پاش سعودیە و عێراق، سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکە. ئێران کە ماوەی ساڵێک و سێ مانگە سزا ئەتۆمییەکانی لەسەر هەڵگیراوە و بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرزکردووەتەوە، لە رێککەوتنەکەی ئۆپێکدا بەشدار نییە.

قەیرانی نیمچە دوورگەى کۆریا

ئەگەری شەڕ لە نیمچە دوورگەی کۆریا ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترە. ئەو ناوچەیەی کە مەترسی لەسەرە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی داخوازیی لەسەر نەوت دادەنرێ. ئەگەر شەڕ لەو ناوچەیە رووبدات چالاکی و گەشەی ئابووری هەر یەک لە وڵاتانی کۆریای باشوور، چین و ژاپۆن رادەوەستێ. چین دووەم ئابووری و دووەم بەکارهێنەری نەوتی جیهانە و رۆژانە 11.32 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێنێ کە بەشی زۆری لە دەرەوە هاوردە دەکات. چین رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێ و حەوت ملیۆن بەرمیلەکەی دیکەی لە دەرەوە دەهێنێ.

ژاپۆن سێیەم وڵاتی هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هارودە دەکات، زۆربەشى لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاوردە دەکرێ. ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی راستەوخۆ مەترسی هێرشی مووشەکی و ئەتۆمیی کۆریای باکووری لەسەرە.

کۆریای باشوور دەیەم وڵاتی هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا. ساڵی 2016 رۆژانە زیاتر لە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکارهێناوە. نزیکەى 82%ى نەوتی ئەو وڵاتەش لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەندامانی ئۆپێکەوە دابین دەکرێ.

شەڕ و کێشە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

لە هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە یەمەن و لێدانی بنکەی شوعەیرات لە رۆژئاوای سووریا، نرخەکانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. لە دوایین رۆژەکانی ئەم مانگەشدا کێشەی نێوان حکومەت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی لیبیا، نرخەکانی نەوتی بەرزکردەوە. 

ئۆپێک نزیکەى 35%ى نەوتی جیهان دابین دەکات، خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانیشە. هەر بۆیە ئاساییە وەبەرهێنەران نیگەران بن لەوەی ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت هەبێ. هەتا ئێستا دیار نییە هەنگاوی داهاتووی ئەمریکا لە سووریا چی دەبێ، یان کێشەکەی نێوان حکومەت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی لیبیا بە کوێ دەگات کە لەسەر دەسەڵاتی واژۆکردنی گرێبەستەکانی نەوتە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە