سەقامگیربوونی نرخی نەوت رێككەوتنەكەی ئۆپێك رادەگرێ

14-11-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت ئۆپێك
A+ A-

رووداو - هەولێر

 تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دوو رووداوی گەورە بازاڕی وزەیان هەژاند، یەكەمیان سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بوو لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و رۆژی هەشتی تشرینی دووەمیش، بازرگانانی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چاوەڕێی كۆبوونەوەی چارەنووسسازی ئۆپێكیان دەكرد كە بڕیار بوو سێ هەفتە دوای سەركەوتنەكەی ترەمپ بەڕێوەبچێت. كۆبوونەوەكە لە رۆژی 30ی مانگ بەڕێوەچوو. ئۆپێك لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رێككەوت. پرسیارەكە ئەوەیە رێككەوتنەكەی پارساڵ چ ئاماژەیەكی بە ئۆپێك داوە و هەنگاوەكانی داهاتووی رێكخراوەكە چی دەبێت؟

بڕیار وایە لە 30ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وڵاتانی ئۆپێك و 10 وڵاتی دەرەوەی ئۆپێك (كە لە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێناندا بەشدارن) جارێكی دیكە لە ڤییەنا كۆببنەوە. ساڵێك لەمەوبەر سەركەوتنی ترەمپ (كە سیاسەتی وزەكەی بۆ ئۆپێك ترسناك بوو) ئۆپێك و چاودێرانی بازاڕی وزەی نیگەران كردبوو، ئەمجارەیان ناسەقامگیریی نێوخۆی سعودیە باڵ بەسەر كۆبوونەوەكەدا دەكێشێ. بەم حاڵەشەوە جیاوازیی سەرەكیی كۆبوونەوەكەی ئەمساڵ لەگەڵ پارساڵ ئەوەیە كۆمەڵێك چاوەڕوانی و گەشبینی نوێ هاتووەتە ئاراوە. 

بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی كۆتایی ئەم مانگەدا هەڵسەنگاندێك بۆ كاریگەریی رێككەوتنەكەی ساڵی پار بكرێت. ئەندامانی رێكخراوەكەش لە كاتێكدا روو لە ڤییەنا دەكەن كە لە یەك هەفتەی رابردوودا نرخەكانی نەوت بۆ یەكەمجار لە تەمووزی 2015ەوە بۆ سەرووی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەتەوە. بە گوێرەی داتاكان، زێدەباری ئەمبارەكانی نەوت كەمبووەتەوە و هاوسەنگییەكی مامناوەند لە نێوان داوا و خستنەڕووی نەوتدا هاتووەتە ئاراوە. 

ئەم هۆكارانە وایان كردووە وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت پێچەوانەی پارساڵ بە گەشبینییەوە لە كۆبوونەوەكەی 30ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕوانن. زۆرینەی وەبەرهێنەران چاوەڕێ دەكەن ئۆپێك و 10 وڵاتەكەی دیكە نەك هەر رێككەوتنەكە بپارێزن، بەڵكو ماوەكەی بۆ كۆتایی 2018 درێژ بكەنەوە. مانگی ئایاری ئەمساڵ ئۆپێك و 10 وڵاتە هاوكارەكە رێككەوتن لەسەر ئەوەی ماوەی رێككەوتنەكە بۆ مانگی ئاداری 2018 درێژ بكەنەوە.

مانگی رابردوو، محەممەد باركیندۆ، ئەمینداریی گشتیی رێكخراوی ئۆپێك رایگەیاند "كە بازاڕ خەریكە هاوسەنگ دەبێتەوە، سەقامگیری دەگەڕێتەوە و رێگایەكی رۆشن لەبەردەم ئۆپێكە كە لە سێ ساڵی رابردوودا بەخۆوەی نەبینیوە". مەبەستی باركیندۆ دابەزینی ئاستی نەوتی زێدەباری ئەمبارەكانی جیهان بوو.

سڤێتلانا پاراسكۆڤا، راوێژكاری كۆمپانیای نەوتی دایڤێرجێنت، پێیوایە ئۆپێك نابێت لەڕادەبەدەر جەخت لەسەر كاریگەرییەكانی رێككەوتنەكە لە یەك ساڵی رابردوودا بكاتەوە، چونكە كۆمەڵێك فاكتەری دیكە لە دەرەوەی رێككەوتنەكەی ئۆپێك، یاریدەدەری نرخەكانی نەوت بوون، لەوانەش بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەكراوی گەشەی ئابووریی جیهان كە بووەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی داوا لەسەر نەوت، گەشەی هێواشتری نەوتی لیتەی ئەمریكا، دروستبوونی كۆمەڵێك بارگرژی لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست وەكوو پەلاماردانی كەركووك و هەڵمەتەكەی حكومەتی سعودیە لەدژی شازادە و بەرپرسانی حكومەت.

پاراسكۆڤا پێشبینی دەكات ئەگەر نەوت هەتا رۆژی كۆبوونەوەكەی كۆتایی ئەم مانگە لە نێوان 57 بۆ 63 دۆلار بمێنێتەوە، ئەستەمە ئۆپێك بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی پێشوو بدات، لەبەر ئەوەی درێژكردنەوەی ماوەی رێككەوتنەكە دەكرێت نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەرز بكاتەوە و ئەمەش هێزێكی زیاتر بە نەوتی لیتەی ئەمریكا دەدات كە تاوەكو ئێستا كەمتر لە چاوەڕوانییەكان گەشەی كردووە. 

شارەزایانی نەوت پێیانوایە لەبەرچاونەگرتنی هۆكارەكانی دیكە، لەوانەش بەرزبوونەوەی ئاستی داوای سەر نەوت، دەكرێت لە داهاتوودا بەرهەمهێنەرانی نەوت تووشی شۆكی گەورە بكاتەوە. ستیفن برێنۆك، شارەزای نەوت لە كۆمپانیای (PVM)ی بەریتانی، بە رۆژنامەی (فاینەنشڵ تایمز)ی بەریتانی راگەیاند "هیچكەس باسی بەرزبوونەوەی ئاستی داوا ناكات، لەكاتێكدا ئەو فاكتەرە رۆڵی سەرەكی لە گەڕانەوەی باڵانسی بازاڕەكانی وزەدا هەبووە".

رووسیا و سعودیە دوو بەشداری سەرەكیی رێككەوتنەكەی ئۆپێك و 10 وڵاتەكەی دیكەی دەرەوەی ئۆپێكن. هەردوو وڵاتەكەش بە رێژەی جیاواز ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئامادەن رێككەوتنەكە تاوەكوو كۆتایی ساڵی داهاتوو درێژ بكرێتەوە، بەڵام ژمارەیەك دەنگۆ لە ناوەوەی ئۆپێك ئاشكرای دەكەن ئەگەر نرخەكان وەكوو ئەوەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوە رێكخراوی ئۆپێكیش دەست لە دۆخەكە نادات و كارتی درێژكردنەوەی ماوەی رێككەوتنەكە بۆ وەختێكی پێویستتر هەڵدەگرن. ئێد مۆرس، لێكۆڵەر لە كۆمپانیای سیتی گروپ، بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاندووە "ئۆپێك یان ئەوەتا بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی رێككەوتنەكە بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دوادەخات، یانیش تەنیا سێ مانگی دیكە دەخاتە سەر ماوەی ئێستای كارپێكردنی رێككەوتنەكە".

هەفتەی پێشوو، ئەلێكساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند "ئەگەر بینیمان بازاڕ هاوسەنگی بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئەوە رێككەوتنەكە درێژ دەكەینەوە، بەڵام كەسمان نازانین نرخەكانی نەوت لە پێنج مانگی داهاتوودا چییان بەسەر دێت".

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل رێككەوتن، مانگی دواتر 10 وڵاتی دیكەی دەرەوەی ئۆپێك هاتنە نێو رێككەوتنەكە و بەڵێنیان دا ئەوانیش 600 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەیان كەم بكەنەوە. بڕیار بوو رێككەوتنەكە هەتا ناوەڕاستی 2017 كاری پێ بكرێت، بەڵام پێش ئەو وادەیە بڕیاریان دا رێككەوتنەكە بۆ ماوەی نۆ مانگی دیكەش درێژ بكەنەوە.

هەرچەندە ژمارەیەك لە بەرپرسانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك دەیانەوێت ئەو هەستە بە بازاڕ بدەن كە دەكرێت ماوەی رێككەوتنەكە لە كۆبوونەوەی كۆتایی ئەم مانگە درێژ بكرێتەوە، بەڵام تێگەیشتنی گشتیی ئۆپێك ئەوەیە كە باشترە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ هەموو بژارەكان بە كراوەیی بهێڵرێنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە