بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات

18-09-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لە مانگی ئابدا، نەك هەر بەرز بووەتەوە، بەڵكو بە زیادەوە ئەو بۆشاییەی پڕكردووەتەوە كە بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو وڵاتی ئێران و ڤەنزوێلا دروستبووە، بە جۆرێك ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان بەهۆی ئۆپێك و بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا بۆ یەكەمجار لە مێژوودا گەیشتووەتە 100 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

هەفتەی رابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لە مانگی ئابدا بە بڕی 420 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە. بەشی زۆری ئەو بەرزبوونەوەیەش لە عێراق، لیبیا، نایجیریا و سعوودیەوە بووە. لە بەشێك لە راپۆرتی ئاژانسەكەدا هاتووە كە زیادبوونی بەرهەمی رۆژانەی ئۆپێك: "بە زیادەوە ئەو بۆشاییە پڕ دەكاتەوە كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران پەیدا دەبێت".

وەك زۆربەی جاران جیاوازییەكی گەورە لە ژمارەكانی ئۆپێك و (IEA)دا بەدی دەكرێ، لە راپۆرتی مانگانەی ئۆپێكدا كە چوارشەممەی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێ كە بەرهەمی رۆژانەی رێكخراوەكە لە مانگی ئابدا 278 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند كە وڵاتەكەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و گروپی 5+1 دەكشێتەوە و سزا ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتەش جارێكی دیكە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە. بڕیارە سزاكانی سەر پیشەسازیی نەوتی ئێران لە رۆژی چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بە تەواوەتی بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە 3.63 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەو پێیەش بە رێژەی 150 هەزار بەرمیل لە چاو مانگی پێشتر دابەزیوە، ئاستی هەناردەی رۆژانەی ئێرانیش 280 هەزار بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە 1.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. (IEA) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كڕیارەكانی نەوتی ئێران لە چین و هیندستان كەم بوونەتەوە، ئاستی نەوتی ئەو وڵاتەش لە مانگی ئایارەوە بەبڕی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمی كردووە.

راپۆرتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئێستا ڤەنزوێلا بە نیوەی توانای خۆی لە سەرەتای 2016 نەوت بەرهەمدێنێ. بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ڤەنزوێلا لە نێوان ئادار تاوەكو ئابی ئەمساڵ بەبڕی 250 هەزار بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە 1.24 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئاژانسەكەش پێیوایە ئەگەر دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە بەم شێوازەی ئێستای بەردەوام بێ، ئەوە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ڤەنزوێلا رۆژانە تەنیا یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێ. دۆخی ئاڵۆزی سیاسی، ئیدارەی خراپ و نەبوونی وەبەرهێنان هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتەن.

بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بەرهەمی نەوتی خاوی سعودیە لە مانگی ئابدا بەرزبوونەوەیەكی 70 هەزار بەرمیلی بە خۆیەوە بینیبوو و گەیشتبووە 10.42 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. بەرهەمی رووسیا لە هەمان مانگدا 11.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بووە و بەرهەمی رۆژانەیان لە چاو ساڵی رابردوو 300 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە.

نرخەكانیش بەرزدەبنەوە؟

 ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە كە بارەگای سەرەكی لە پاریسە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "دۆخەكە سەختتر بووە، ئەگەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا و ئێران لە دابەزین بەردەوام بێ، بازاڕەكان دۆخیان سەخت دەبێ و نرخەكانی نەوت بەرز دەبنەوە". مەگەر ئەوەی بەرهەمهێنان لە شوێنێكی دیكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

ناوەڕاستی ئەمساڵ ئۆپێك و 10 وڵاتە هاوپەیمانەكەی دەرەوەی رێكخراوەكە بڕیاریان دا رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل زیاتر نەوت بەرهەمبهێنن، بەڵام ئاژانسە نێودەوڵەتییەكە هۆشداری دەدات كە دیار نییە كەی هەموو ئەو وڵاتانە دەتوانن جارێكی دیكە بە هەموو توانای راستەقینەی خۆیان نەوت بەرهەمبهێنن. ساڵ و نیوێك پێش ئەو بڕیارە، ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە تێكڕای بەرهەمی رۆژانەیان بە بڕی 1.8 ملیۆن بەرمیل كەم بكەنەوە. 

بەگوێرەی مەزندەكان ئۆپێك دەتوانێ 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنێ. لە چەند ساڵی رابردوودا نەوتی لیتەی ئەمریكا بە فاكتەری سەرەكی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی جیهان لە قەڵەم دەدرا، بەڵام شارەزایان پێیانوایە ژێرخانی ئێستای نەوتی ئەمریكا توانای ئەوە بەو وڵاتە نادات قەرەبووی كەمبوونەوەی نەوتی بازاڕەكان بكاتەوە. رووسیا رایگەیاندووە كە دەتوانێ 300 هەزار بەرمیلی دیكەش بخاتە سەر بەرهەمی رۆژانەی ئێستای، بەڵام چاودێرانی بازاڕی نەوت پێیانوایە بۆ ئەم مەبەستە رووسیا دەبێ تاوەكو ساڵی داهاتوو چاوەڕێ بكات.

هەفتەی رابردوو نرخی یەك بەرمیل نەوتی ئۆپێك لە لەندەن گەیشتە 80 دۆلار، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكاش لە 70 دۆلار نزیك بووەوە. بەو پێیەش نرخەكانی نەوت لە چاو مانگی ئابی 2017 بە رێژەی 45% بەرز بووەتەوە. 

ناكۆكییە ئابوور و بازرگانییەكانی ئەمریكا لەگەڵ چین، كەنەدا و یەكێتیی ئەوروپا، قەرزەكانی حكومەتی چین و دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان لەو وڵاتە، دەكرێ هەڕەشەی گەورە لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵی 2019دا دروستبكەن، بەو حاڵەشەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەكات ئاستی داوای سەر نەوت لە ساڵی داهاتوودا بە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا گەشە بكات، لە كاتێكدا هەمان ژمارە لە ساڵی 2018 دا نزیكەی 1.4 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێكدا. 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وڵاتانی بەرهەمهێن ئەگەر بە هاوئاهەنگی لەسەر قەرەبووكردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا كار نەكەن، ئەوە دەچینە قۆناغێكەوە كە زۆر هەستیارە بۆ بازاڕی نەوت، چونكە تێیدا سنووری نەوتی 70 بۆ 80 دۆلاری تێدەپەڕێنین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە