سەرۆکی ئەمریکا لەسەر باج سێ بڕیاری نوێی دەرکرد

22-04-2017
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن ئەمریکا ترەمپ
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەهیوای بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە هەندێ لە یاسا و رێساکانی باجی سەردەمی باراک ئۆبامای هەڵوەشاندەوە.

ترەمپ بریارێکی دەرکرد بۆ چاوخشاندنەوە بە یاسا بنەڕەتییەکانی باج کە ساڵی رابردوو لەلایەن ئۆباماوە پەسندکرابوون ، هەروەها دوو بڕیاری دیکەی دەرکرد بۆ لادانی چاکسازییە داراییەکانی ناسراو بە دۆد-فرانک کە لە ساڵی 2010دا ، دوای قەیرانی دارایی لە ئەمریکا پەسەندکرابوون بۆ سنووردارکردنی چالاکی ناوەندە داراییەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی درێژە بدەین بە نۆژەنکردنەوەی ئابوورییەکەمان. من سێ بڕیاری جێبەجێکاری واژۆ دەکەم کە زیاتر پارێزگاری لە کرێکاران و باجدەرانمان دەکات. یەکەم بڕیار، وەزیری دارایی ستێڤن منوچن رادەسپێرێت کە پرۆسەی پێدانی باج ئاسان بکات. خەڵک نازانن چۆن ئەم کارە بکەن، هیچ بیرۆکەیەکیان نییە ئەو کارە چۆن بکەن لەبەر ئەوەی زۆر ئاڵۆزن."

چاوخشاندنەوە بە یاساکانی باج، دەسەڵاتی زیاتر دەداتە ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی کە دەیانەوێت داهاتەکانیان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە زیادبکەن. هەروەها بوار بەو کۆمپانیانە دەدات کە ئاسانتر و لە ماوەیەکی کەمتردا کاروباری پەیوەست بە پێدانی باجی خۆیان رێکبخەنەوە.

ستێڤن منوچن، وەزیری دارایی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە لە قورسایی سەر شانی کۆمپانیاکان کەمدەکەینەوە کە یاسا و رێسای ئاڵۆز بۆیان دروستکردوون، بەم کارەش لەوە بەدواوە بانکەکان دەتوانن قەرزبدەن، کۆمپانیا بچووکەکان دەتوانن قەرز وەرگرن و هەلەکانی کارکردن دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە".

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند رۆژی چوارشەممە ئیدارەکەی ، چاکسازییە گەورەکانی لە بواری باجدا رادەگەیێنێت.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: "کەمکردنەوەی یاسا و رێساکان، تەنیا یەکەم هەنگاوە لە بواری چاکسازییەکانی باجدا کە ئارامی بۆ چینی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە و باجی سەر کۆمپانیاکانمان کەمدەکاتەوە کە یەکێکە لە بەرزترین باجەکان لە ئاستی جیهاندا، هەر ئەوەش بووەتە هۆکار کە ئێمە بێ بەش بین لە سەروەت و سامان و بەرهەمهێنانی زۆر."

دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکی ئەمساڵ ، وەک سەرۆکی ئەمریکا و دوای تێپەربوونی 3 مانگ، دۆناڵد ترەمپ دواجار دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکانی کردووە لەسەر کەمکردنەوەی باج کە لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنیدابوون.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە