ترەمپ: بە 10 خراپترین سەرۆکی ئەمریکا هێندەی بایدن زیانیان بە وڵات نەگەیاندووە

06-01-2024
لهۆن نەسرەدین
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بایدن و ترەمپ
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بایدن و ترەمپ
نیشانەکردن دۆناڵد ترەمپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ویلایەتی ئایۆوا دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتەکە کرد، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی بەربژێرێكی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و لەبارەی بایدن گوتی زیاتر لە هەر 10 خراپترین سەرۆکی ئەو وڵاتە، زیانی بە ئەمریکا گەیاندووە.
 
ویلایەتی ئایۆوا یەکەمین ویلایەتی ئەمریکایە هەڵبژاردنی بەرایی بەربژێری کۆمارییەکان تێیدا دەکرێت، کە لە 15ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گوتی "10 رۆژی دیکە خەڵکی ئەم ویلایەتە بەشداری لە گرنگترین دەنگدانی ژیانیان دەکەن."
 
لە هەڵمەتەکەدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر بایدن و بە هەڕەشە لەسەر دیموکراسیی ئەمریکا ناوی برد و گوتی، "تەماشای 10 خراپترین سەرۆکەکانی ئەمریکا بکەن، هەموویان بە ئەندازەی بایدن زیانیان بە ئەمریکا نەگەیاندووە. ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی، حکومەتی ئەمریکا وەک چەک بەکاردەهێنن، کەچی دەڵێت ' ترەمپ هەڕەشە لە دیموکراسیی دەکات'." 
 
بایدنیش چووەتە کەشوهەوای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە. لە گوتارێكی تووندیدا لە ویلایەتی پێنسیلڤینیا کە هاوکات بوو لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە؛ هێرشی کردە سەر ترەمپ و، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی بە دەنگدان بۆ پاراستنی دیموکراسیی ئەمریکا ناو برد.
 
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "دەنگی لایەنگرانی ترەمپ کە راستی هێرشەکەی شەشی کانوونی دووەمی سەر کۆنگرێس دەزانن، هەر ئەو دەنگانەن کە دیموکراسییەتی ئەمریکایان پەراوێز خستووە، دەنگدانی ئەمجارەمان لەسەر دیموکراسییە، ئازادیمان لەسەر کارتی دەنگدانە."
 
سەرووی 91 کەیس لە دژی ترەمپ لە دادگە جوڵێندراون، دووانیان لە دادگەکانی هەردوو ویلایەتی کۆلۆرادۆ و مەینن کە ترەمپ لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان لەو دوو ویلایەتە بێبەش دەکەن و بڕیارە دادگەی باڵای ئەمریکا، لە شوباتی ئەمساڵدا یەکلاییان بکاتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ترەمپ بە 30 خاڵ لەپێش بەهێزترین بەربژێرە کۆمارییەکانە و لە بەرامبەریشدا 53٪ـی ئەمریکییەکان ئەدای بایدن بە خراپ هەڵدەسەنگێنن و بە شیاوی سەرۆکایەتیی نازانن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتەیەکە زیلینکسی سەرقاڵی گەشتکردنە بەنێو وڵاتانی ئەورووپادا

وڵاتانی رۆژئاوا ناکۆکن لەبارەی گواستنەوەی جەنگ بۆ نێو رووسیا و پووتین هەڕەشە دەکات

وڵاتانی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە. مژاری کۆبوونەوەکەیان چڕکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ ئۆکراینا و شێوازی وەڵامدانەوەی ‌هێرشەکانی رووسیا.