ماڵێك پڕ لە رەنگ و تابلۆ و موزیك

28-11-2017
زامدار ئەحمەد
نیشانەکردن ورمێ تابلۆ کوردستان زارا ستاوەندە
A+ A-

رووداو- ورمێ‌

لەسەر كورسییەكی رەنگ سپی بە دیار مێزێكی شێوە هێلكەییەوە دانیشتووە. خەریكە لە دروستكردنی تابلۆی "لە قاڵبدان و لە قەفەزنانی مرۆڤەكان" دەبێتەوە. سەر مێزەكەی پڕە لە كاغەزی سپی و بۆر و رەش، قەڵەم و بۆیەی رەنگاوڕەنگ، ژیان لەگەڵ تابلۆ و بۆیە، دووانەیەكی لێكدانەبڕاو و دۆستی هەمیشەیی و گرێدراوی یەكترن.

گوڵاڵە لەڕێی نمایشكردنی تابلۆ و كارە دەستییەكانی، بارودۆخی كورد و كوردستان، كولتوور و دابونەریت و ژنانی برینداری نێو كۆمەڵگە بەرجەستە دەكات.

گوڵاڵە، ناسناوی زارا ستاوەندە كە لە شاری مهاباد لەدایكبووە و ئێستا نیشتەجێی شاری ورمێیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. پتر لە 15 ساڵە وێنەی جیاواز دەكێشێ. سەرەتا بە دروستكردنی وێنەی كلاسیكی دەستیپێكرد. دوای 10 ساڵ لە كێشانی وێنەی كلاسیكی، دەستیكرد بە كێشانی وێنەی مۆدێرن "هونەری مانادار".

ستاوەند، بە جلوبەرگێكی كوردانەی شینی گوڵداری سوور و پەچەیەكی هاوڕەنگی خەتداری زێڕینی. بە دوو پەنجە قەڵەمە رەش و سپی و قاوەییەكەی دەجوڵێنێ و خەریكی وێنەكێشان دەبێت. 

لە تابلۆی پێشتریدا بەناوی "دۆخی كورد لەنێو گێژاوی جیهانی ئەلیكترۆنی"، كارەكتەری سەرەكیی نێو تابلۆكەی ژن و پیاوێكی جلوبەرگ كوردانەیە، لەنێو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی لاپتۆپ، سەتەلایت، تەلەفزیۆن، كامێرا و تەلەفۆندا، بە تێكستی "ژانی ئێمە زانین نییە، زۆریان گوت و زانیمان، ژانی ئێمە كردار بەو زانستانەیە كە نایكەین". هاوكات، بەزمانی فارسیش هەمان تێكستی نووسیوە.

گوڵاڵە، لەسەر پەڕەیەكی 20 بە 20 كار دەكات و سەرگوزشتەی سەرەتای كاركردنی بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە. ئەو 15 ساڵ لەمەوبەر، یەكەم ئەزموونی كێشانی تابلۆی تاقیكردەوە، وەك دەروازە و سەرەتایەك بۆ تێكەڵبوون بەدونیای هونەر و كێشانی تابلۆی كلاسیكی، وێنە جوانە سەرنجڕاكێشەكانی سروشت و باڵندە و گیانلەبەرەكانی هاوشێوەی خۆی دەكێشایەوە و سەرنجی بینەرانی رادەكێشا و هەموو بینەرێك جیاوازیی لەنێوان تابلۆ دروستكراو و وێنە رەسەنەكە نەدەكرد.

لەدوای 10 ساڵ وازی لە كێشانی وێنەی كلاسیكی هێنا. چونكە وەك خۆی دەڵێت، باوی ئەو تابلۆیانە بەرەو كۆتایی دەچوو، سەردەمی تەكنەلۆژیا و كامێرا و زوومی پێشكەوتوو و بەرزیی كواڵیتی ئامێرەكانی وێنەگرتن، باوی تابلۆی كلاسیكی نەهێشت، پێویستی نەدەكرد، بەدەیان كاژێر سەرقاڵی كێشانەوەی وێنەیەك بی.

زارا پێنج ساڵە مژولی كێشانی تابلۆی مۆدێرنە. لەڕێی كارە هونەرییەكانیەوە بیری خەڵك دەوروژێنێ، بینەر ئاڵوودەی وێنەی مۆدێرن دەكات و زیاتر بەرەو دونیای هونەری وێنەكێشان رایاندەكێشێ.

لە هەولێر، نمایشگا بۆ تابلۆ كلاسیكییەكانی كراونەتەوە. لە ماكۆ و مهاباد لەڕێی پێشانگاوە تابلۆ مۆدێرنەكانی نیشانی بینەران دراوە. ئەو 50 تابلۆی كلاسیك و 50 تابلۆی مۆدێرنی كێشاوە و لە پێشانگاكاندا ژمارەیەك لە تابلۆكانی فرۆشراون.

ستاوەند، پۆستەرێكی كوردستانی لەسەر قاشی زێڕ و زیوی خڕخاڵ و بەرمووری كۆنی كوردەواری و سەرپۆلەی مێخەكبەند دروستكردووە، دەخوازێ لەداهاتوودا ببێتە پۆستەری گەورە بۆ كورد و كوردستان. ئەو پۆستەرە لە قاشێك و چوار پەڕەنگی گرێدراوی قاشەكە پێكهاتووە، پەڕەنگەكان پیتی (I، I، T، S)ی  لەسەرە، بەمانای چوار پارچەی كوردستانی "ئێران، ئێراق، توركیا، سووریا" دێ. لەنێوەڕاستی قاشەكەدا، رۆژێكی زەرد هەیە و پیتی (K)ی لەنێودایە، بە مانای كوردستان، دواجار چوار پارچەی كوردستانی سەر پەڕەنگەكان، بەستراوە بە كوردستانی گەورەی قاشەكە لەنێو رووناكی خۆردا.

هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوەكانی گوڵاڵە دەبینرێ و روخسارێكی گەش و بریقەدار نیشان دەدا. لەتەمەندا 42 بەهاری بینیوە و لە زۆر بواردا كاری كردووە، نووسینی وتار، شیعر بۆ منداڵان، چیرۆك بۆ تازەپێگەیشتووان، هەشت بەرهەمی لە چوارچێوەی كتێب و نامیلكەدا چاپ كردووە.

ستاوەند، قەڵەمەكەی لەنێو دوو پەنجەیدا بوو كە داوای لە هاوژینەكەی كرد سەنتوورەكەی بێنێ و دەست بكا بە لێدانی، خۆیشی گۆرانی "هەی نابێ نابێ، چاو جوان وانابێ"ی سەید عەلی ئەسغەر كوردستانی بە هەستێكی تایبەت و دەنگێكی باڵای پڕ لە نەشئەوە گوتەوە. دوای تاوێ وەستان، گۆرانیی "لە سیلەی قەبران هاوارە، حاكم بمدە لە سێدارە"ی حەسەن زیرەكی گوتەوە و دەنگە خۆشەكەی بەنێو ماڵەكەدا بڵاوبووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە