سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر دەوامی فەرمانبەران چەند بڕیارێک دەردەکات

05-04-2019
عومەر شایان
نیشانەکردن حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پابەندنەبوون بە دەوامی فەرمی بووەتە دیاردە و چەند بڕیارێک لەوبارەوە دەردەکات.


لە نووسراوێکدا بۆ گشت وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی پێوەیە، سەرۆکوەزیران داوادەکات رێکارەکانی تایبەت بە مۆڵەتی فەرمانبەران تووندوتۆڵ بکرێن و هەر فەرمانبەرێک بەبێ هەبوونی پاساوی رەوا بۆ ماوەی 30 رۆژ لەکار دابڕا، دەبێ فەرمانی لەکارلادانی بۆ دەربکرێت.

لە نووسراوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتەکان لەبارەی پابەندنەبوونی فەرمانبەران بە دەوامەوە هاتووە: "بەپێی زانیاری و بەدواداچوونمان لە زۆربەی وەزارەت و دام و دەزگا حکومییەکان فەرمانبەران وەکو پێویست پابەندنین بە دەوامی فەرمییەوە، بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمی و نەگرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر بەو فەرمانبەرانە، پابەندنەبوون بە دەوامی فەرمی بووەتە دیاردە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی و رێگرە لە بەردەم بەرێکۆوپێکی بەڕێوەچوونی کاروباری هاووڵاتیان، لە هەمانکاتدا نادادپەروەری لە مووچە و ئیمتیازات و ساردبوونەوەی ئەو فەرمانبەرانەی بەشێوەیەکی رێکوپێک دەوام دەکەن و دڵسۆزانە ئەرکەکانی سەرشانیان رادەپەڕێنن، لێدەکەوێتەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو دیاردەیە بە مەترسیدار ناودەبات و رایدەگەیێنێت، هەرچەند ئەم دیاردەیە پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بوونی هەبوو، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی قەیران و پەیڕەوکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرز و مەترسیدار، بەجۆرێک کە بەهیچ شێوەیەک پابەندبوون بە دەوامی فەرمی بەدی ناکرێت.

سەرۆکوەزیران رایدەگەیێنێت بە لەبەرچاوگرتنی باشبوونەوەی دۆخی دارایی هەرێم و نەمانی سیستەمی پاشەکەوت و، بۆ بەرژەوەندی گشتی و راییکردنی کاروباری هاووڵاتیان، پێویستە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەت رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پابەندکردنی فەرمانبەرانیان بە دەوامی فەرمییەوە بەپێی کاتەکانی دیاریکراو و رۆژەکانی دەوامەوە بەو شێوەیەی کە یاسا دیاریکردووە، بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- تووندوتۆڵکردنی رێکارەکانی تایبەت بە مۆڵەتدانی فەرمانبەران.
2- گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە پابەندنابن بە دەوامی فەرمییەوە.
3- پابەندبوونی تەواو بە بڕیاری ژمارە 1ـی ساڵی 2002ـی پەرلەمانی کوردستان بەوەی کە هەر فەرمانبەرێک بەبێ هەبوونی پاساوی رەوا بۆ ماوەی 30 رۆژ لەکار دابڕا دەبێ فەرمانی لەکارلادانی بۆ دەربکرێت.
4- هەر وەزارەت و دامودەزگایەک ناو و ژمارەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە زیادن لە میلاکیان ئامادەبکەن، لەگەڵ جیاکردنەوەی ناو و ژمارەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە تەنها مووچە وەردەگرن و هیچ شوێن و ئەرکێکیان نییە و بەهیچ شێوەیەک دەوام ناکەن و، بۆ ئەو سەرۆکایەتییەی بنێرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە