رووداو - هەولێر
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت، ئەوەی لە کەرکووک روویدا بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە بووە. دەشڵێت بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و "ئاگادارنین حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بەشداری ئەو رووداوانە بووبن".
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، رایان دیلن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماژەی بە بارگرژییەکانی کەرکووک کرد و رایگەیاند: "لە 16ی ئۆکتۆبەر بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێک لەنێوان هێزەکانی عێراق و خاڵەکانی پشکنینی کورد گرژی روویدا، ئەوەی روویدا بەهۆی لێکتێنەگیشتنەوە بوو، ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە".
رایان دیلن دەڵێت "ئێستاش سەرکردەکانی ئێمە لەگەڵ هەردوو لایەن هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە گفتوگۆدان، داوا لە هەردوو لا دەکەن خۆیان لە بارگرژییەکان بەدوور بگرن، ئەو بارگرژیانەی هەبوون وایکرد چاوەکان لەسەر داعش لابچن، کە داعش یەکێکە لە هەڕەشە گەورەکان لەسەر عێراق".
گوتەبێژی هاوپەیمانان دەشڵێت "ئەو راپۆرتانەی لە لایەنە کوردی و عێراقییەکانەوە پێمانگەیشتووە، ئەوەی ئێمە بینیمان رادەستکردنێکی ئاشتییانەی ئەو ناوچانەبوو کە دەکەونە دەوروبەری کەرکووک، ئەوەی لە سەربازگەی کەیوان روویدا هێزەکانی دژەتیرۆر چوونە ئەوێ، هاوکات هاوئاهەنگیەکی باش هەبوو لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزە ئەمنییەکانی کورد بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەیان رادەست بکەن بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزن".
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی کەرکووکیش، گوتەبێژی هاوپەیمانان گوتی "ئێمە هەمان شتمان بینی، ئەو راپۆرتانەی بەدەست ئێمە گەیشتووە باس لەوە دەکرێت هەندێک شت روویداوە، بەڵام بە فەرمی بە ئێمە نەگیشتووە تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بۆ کراوە، لەوەش دڵنیابووینەوەتەوە بەڵێ لە هەردوو لا کوژراو هەبووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئێمەش ئەمە بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە بووە لە هاوئاهەنگییەی کراوە بۆ رادەستکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی پێشمەرگە بووە بە هێزە عێراقییەکان، بارگرژییەکانیش لەو کاتەدا روویداوە".
سەبارەت بە بەشداری سوپای پاسدارانی ئێران لەو هێرشەی کرایە سەر کەرکووکیش دەڵێت: "بەپێی ئەو راپۆرتە فەرمیانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون، ئەو لایەنانەی بەشداریان کردووە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونە، لەوانە دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، تاوەکو ئێستاش هیچ راپۆرتێکمان بەدەستنەگەیشتووە کە حەشدی شەعبی یاخود سوپای پاسداران بەشداریان کردبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ