پێنجوێنی: بارزانی رەزامەندی نیشانداوە بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکانی پەکەکە و پارتی

18-04-2014
رووداو @Rudawkurdish
محەممەد ئەمین پێنجوێنی
محەممەد ئەمین پێنجوێنی
نیشانەکردن کانتۆن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

سیاسەتمەدارێکی کورد و نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، رایگەیاند، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و PKK.

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان PYD- PKK و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی کۆبووەتەوە.

محەممەد ئەمین پێنجوێنی هەروەها رایگەیاند، کە لەسەر داوای PKK، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پارتی کۆبووەتەوە و نێچیرڤان بارزانیش ئامادەیی خۆی و پارتەکەی دەربڕیوە، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی PKK.

بە پێی گوتەکانی پێنجوێنی، کە بە کەسێکی نزیک لە ئۆجەلان دەناسرێ، بەرپرسانی پارتی کریکارانی کوردستان هەموو کات ئامادەن لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.

هەروەها هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان EGRK لەبارەی هەوڵەکانی محەممەد ئەمین پێنجوێنی بۆ نێوانگیری لەنێوان پارتی و پەکەکە رایگەیاند، هەر کاتێک پێویست بکات، ئێمە ئامادەین لەگەڵ برایانمان لە باشووی کوردستان کۆببینەوە، ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ ئەوان نییە.

عەبدولسەلام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاند، "دەمانەوێ برایانمان هاوکاریمان بکەن بۆ پاراستنی دەستکەوت و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە