لە عەفرین ژنێکی کورد دوای ئەوەی ماڵەکەی دەستی بەسەرداگیرا، بە جەڵتە گیانی لەدەستدا

08-11-2023
سینا سۆما
مەلەک خەلیل ئیبۆ، دایکی 7 منداڵ بووە
مەلەک خەلیل ئیبۆ، دایکی 7 منداڵ بووە
نیشانەکردن ژن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژنێکی بەساڵاچووی کوردی تەمەن 63 ساڵان لە گوندی عەلی جارۆی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، دوای دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و باخە زەیتوونەکەی لەلایەن گرووپێکی چەکداری سووری سەر بە تورکیا، تووشی جەڵتەی مێشک بوو و گیانی لەدەستدا.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو پیرەژنە کوردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2023، لە گوندی عەلی جارۆی ناحیەی بلبلێ سەر بە هەرێمی عەفرین، مەلەک خەلیل ئیبۆ لە خەمی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی و تاڵانکردنی باخە زەیتوونەکەی لەلایەن چەکدارانی گرووپی لیوای سقوور ئەلشامەوە، تووشی جەڵتەی مێشک بوو و گیانی لەدەستدا."
 
مەلەک خەلیل ئیبۆ، دایکی 7 منداڵ بووە و 8 ساڵ لەمەوپێش هاوژینەکەی کە ناوی مەنان ئیبراهیم بووە، گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژنە عەفرینییە، ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی ناوچەی شەهبا لە باکووری رۆژئاوای شاری حەلەبی سووریا ببوو و، هاوینی ساڵی 2022 گەڕابووەوە گوندی خۆی لە ناحیەی بلبلی عەفرین.
 
سەرچاوەکە گوتی "کەسێک بە ناوی ئەسمەر، کە بەرپرسی ئابووریی لیوای سقوور ئەلشامە، دەستی بەسەر ماڵ و موڵک و کێڵگەی دارە زەیتوونەکانی ئەم ژنە کوردەدا گرتووە، سەڕەرای ئەوەی ژنەکە گەڕابووەوە گوندی خۆی، بەڵام ماڵ و موڵکەکەیان بۆ نەگەڕاندبووەوە. لەبەر ئەوەش مەلەک خەلیل ئیبۆ بە جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستداوە."
 
لەمان خەلیل، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین بە رووداوی رایگەیاند "ئەو ژنە کوردە پێش ئەوەی بە جەڵتەی مێشک گیان لەدەست بدات، لە لایەن چەکدارانەوە هەڕەشەی لێکرابوو."
 
گوندی عەلی جارۆ بە جارێش دەناسرێت، دەکەوێتە دووریی 5 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی ناحیەی بلبلی هەرێمی عەفرین.
 
سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی ئەو پیرەژنە کوردە دەڵێت، ئەو ژنە بەساڵاچووە کوردە پێش گیانلەدەستدانی وەسیێتی کردبوو بۆ دوایین جار تەرمەکەی ببرێتە ماڵەکەی، کە دەستی بەسەردا گیراوە و بە هەوڵی پیاوماقوڵانی گوند، ئەو فەرماندەیەی دەستی بەسەر ماڵەکەیدا گرتووە، بەوە رازی بووە. 
 
لیوای سقوور ئەلشام، بەشێکە لە هێزی سوپای نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ساڵی 2012 لە جەبەل زاویە لە دەوروبەری شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا دامەزراوە. ژمارەی چەکدارەکانی 2500 چەکدارە.
 
فەرماندەی ئەو هێزە کەسێکە بە ناوی حەسەن حەجی عەلی، کە خەڵکی گوندی کەنسەفرە لە پارێزگای ئیدلب. لیواکە بەشداری لە شەڕی داگیرکردنی عەفریندا کردووە و، ئێستا ژمارەیەک گوند لە ناحیەکانی ماباتا، بلبل و راجۆ لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارکردنی تیمەکە

لە سلێمانی شوێنەوارێکی لۆلۆییەکان دەدۆزرێتەوە؛ مێژووەکەی سێ هەزار و 500 ساڵە

تیمێکی شوێنەوارناسی کنە و پشکنین لە ناوچەیەکی شوێنەواریی نزیک سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دەکەن. بۆیان دەرکەوتووە شوێنەواری کۆشکێکی لۆلۆییەکانە، مێژووەکەی بۆ سێ هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.