کاردانەوەی لێدوانەکەی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی

21-01-2017
سیروان عەباس
  لایەنەکان هەڵویستەکەی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان بە داواکاری خۆیان دەزانن
لایەنەکان هەڵویستەکەی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان بە داواکاری خۆیان دەزانن
نیشانەکردن بارزانی داڤۆس
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی هاوبەشدا لە داڤۆس کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، رایگەیاند : جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ناکرێت، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.

پێنج قۆڵی، ناوی ئەو کۆبوونەوەیە کە ماوەیەک سیاسییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، بەڵام ئەنجامەکەی بە دڵی هیچ لایەک نەبوو. هەرچەندە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ماوەیەکی زۆرە نەکراوە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە کۆتایی ئەو شێوازە کۆبوونەوەیەی راگەیاند.

لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەو هەڵوێستەی بارزانی، هەڵوێستەکەی ئەو بە داواکاری خۆیان دەزانن لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا.

عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەمبارەیەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "هەر کۆبوونەوە و رێککەوتنێک لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت، دەبێت هەموو حیزب و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان تێیدا بەشداربن، ئەگەر کۆبوونەوەکان تەنها لەنێوان ئەو پێنج حیزبە بێت، واتای گێڕانەوەی کوردستانە بۆ خاڵی سفر". 

گوتەبێژی حیزبی شیوعی کوردستانیش پێی وایە، چارسەکردنی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها بە پێنج حیزب  ناکرێت.

هەندرێن ئەحمەد، گوتەبێژی حیزبی شیوعیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاند "پێشتر رەخنەمان لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی گرتبوو، چونکە کوردستان کۆمەڵێک لایەن و پێکهاتەی دیکەی هەیە، کە رەگ و ریشەی مێژووییان هەیە لە کوردستاندا".

هاوکات ئایدن مەعروف، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە رووداوی راگەیاند، پشتیوانی لە قسەكانی مەسعود بارزانی دەكەن لەبارەی هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی و بەشداریی هەموو لایەنەكان لە گفتوگۆكاندا.

ئایدن مەعرووف گوتی "كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لەنێوان پێنج لایەنەكە قۆرخ كرابوو، پرۆسەکەش سەركەوتوو نەبوو. بۆیە پێویستە تەواوی لایەنەكان بە پێكهاتەكانی توركمان و ئاشووری بەشداری كۆبوونەوەكان بن".


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە