نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی فەرمی بۆ عەبادی دەنێرێت

25-12-2017
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی مالیکی عەبادی
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای چەندین ساڵ لە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان نووری مالیكی، ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و سەركردەكانی باشووری كوردستان، دواجار "ئەبو ئیسرا" سەهۆڵبەندانەكەی شكاند و لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی رووداو) داوای لە بەغدا كرد لەگەڵ هەولێر دەست بە دانوستاندن و گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور بكات و لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵبدەنەوە.

  سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:  هەڤپەیڤینەكەی مالیكی لە رووداو ترسی خستووەتە دڵی عەبادییەوە

مالیكی گوتی: "هەستدەكەم زۆر نزیك بووینەتەوە لە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی، ئێستا كات لەبەرژەوەندیی چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕییەكانە. من پێموایە زۆری پێناچێت و بەمزووانە بەغدا ئەو رۆڵە دەبینێ".


دانوستاندن بەندە بە هەڵبژاردنەوە

مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری سەر بە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەدەستپێكردنی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 12/5/2018 بكرێت، دانوستاندنەكانی هەولێر و بەغدا دەكەونە دوای هەڵبژاردن، چونكە هەر لایەنێك لەگەڵ كورد رێكبكەوێت دەڵێن خائینە، كێ‌ قسە بە كورد بڵێ‌ دەنگ دێنێ‌، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت كە ئەگەرێكی بەهێزە بۆ مانگی 10 دوابخرێ، بێگومان دەست بە گفتوگۆ دەكەن".

مەسعود حەیدەر هەڤپەیڤینەكەی مالیكی لەگەڵ رووداو بە "پەیامێكی سیاسی" وەسفكرد و گوتی "دیدارەكەی مالیكی پەیامێك بوو بۆ هەرێمی كوردستان و عەبادی، مالیكی پیاوێكی بەهێزە و سەرۆكی فراكسیۆنێكی گەورەی پەرلەمانییە، بەو دیدارەی عەبادی دەترسێنێ‌، ئەمەش لە بەرژەوەندی كوردە و كاریگەریی زۆریشی لەسەر هێوركردنەوەی دۆخەكە دەبێ".
 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق: عەبادی زۆر لەخۆی بایی بووە

دوو وەزیری عێراق دێنە هەولێر

بەپێی زانیارییەكان بڕیارە هەر یەك لە قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆ و عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگریی عێراق بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن. مەسعود حەیدەر دەڵێت: "گوشارە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان كاریگەرییان لەسەر سەردانی ئەو دوو وەزیرە هەیە". گوتیشی "بەشێكیشی پەیوەندی بە هەڤپەیڤینەكەی مالیكییەوە هەیە".

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە نیەتی مالیكی بە (رووداو)ی گوت: "مالیكی پشتیوانی لە گفتوگۆ دەكات، چونكە دەزانێت هەرێمی كوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دروستبووە، دواكەوتنی گفتوگۆش كاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت".

هەر لەوبارەوە عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "چاوپێكەوتنەكەی مالیكی ترسی خستووەتە دڵی عەبادی كە رەنگە كورد هاوپەیمانێتی لەگەڵ بكات، نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیش گرنگە، چونكە پێكەوە نەبێ ناتوانن لە كوردستان و عێراق هیچ جوڵەیەك بكەن، بەشێوەیەكی گشتی پەیامەكانی مالیكی ئەرێنی بوون، بەڵام شیعەكان لە كاتی دەسەڵات و بێدەسەڵاتیدا جیاوازن".
 
پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە بەغدا: بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە زیاد نەكات، قەرزی نێودەوڵەتی وەرناگرێ

حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای پێشنیازی سڕكردنی ئەنجامی گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلول و رێزگرتن لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق، سەبارەت بە گشتپرسی ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دەربڕیوە، بەڵام بەغدا ئامادەی دانوستاندن نییە. ئەگەرچی سەرۆكی فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیكەی زلهێز داوای دانوستاندنیان لە هەولێر و بەغدا كردووە، بەڵام ئەنجامێكی نەبووە.

ئارێز عەبدوڵڵا ، عەبادی بە "پیاوێكی لەخۆبایی" وەسف دەكات كە ئامادە نەبووە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆببێتەوە. ئەو دەڵێ‌ "ئەو لەخۆباییبوونەی عەبادی دەكەوێتە ئەستۆی ئەمریكا و بەریتانیا، ئەوان وایان لێكردووە بەو ئاستە لەخۆی بایی بێت، بەڵام ئەوانیش خەریكە تێدەگەن ئەو لەخۆباییبوونەی عەبادی زەرەر لە دۆسیەكانی ئەو دوو وڵاتەش دەدات".

هەرچی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە، لووتبەرزیی عەبادی بە كاتی دادەنێت و دەشڵێت كە ئەوە ئێرانە نایەوێ‌ گفتوگۆ بكرێ "تەنیا ئەمریكا و مەرجەعی ئایینی لە نەجەف دەتوانن گوشار بخەنە سەر حكومەتی بەغدا، ئەگەرنا ئێران لەگەڵ ئەوە نییە گفتوگۆ بكرێ، بەڵكو لەگەڵ رووخاندنی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام دواجار لەبەر سومعەی خۆی و لەبەر گوشارە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتی فیدراڵی ناچارە بێتە ژێرباری گفتوگۆ".
 
وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر دەكەن


بودجەی كوردستان زیاد دەكات؟

جگە لە بەڕێوەبردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە ناكۆكییەكی گەورەی نێوان هەولێر و بەغدایە، پرسی نەوت و بودجەش خاڵێكی دیكەی ناكۆكییەكانە. لە پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراقدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی لە 17%ەوە بۆ 12% دابەزاند، دواتر پرۆژە یاساكەی لە پەرلەمانی عێراق كشاندەوە.

مەسعود حەیدەر كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، دەڵێ‌: "سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئامادە نییە قەرز بداتە عێراق ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان لە 10 تریلیۆن دینار كەمتر بێت، خۆم لە عەممانی پایتەختی ئوردن بووم و لە بەرپرسانی ئەو دامەزراوە داراییەم بیست كە ئامادەنین قەرز بدەنە عێراق، ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان زیاد نەكرێ، بۆیە بەغدا ناچارە دانوستاندن لەگەڵ هەولێر بكات بۆ ئەوەی ئەو قەرزە وەربگرێ".

بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، عێراق پێویستی بە نزیكەی 6 تا 7 ملیار دۆلارە. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانكی نێودەوڵەتی هەڕەشەیان لە عێراق كردووە ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان زیاد نەكات، ئەوا رێگا نادەن لە كۆنگرەی كۆككردنەوەی كۆمەك كە بڕیارە لە شوباتی داهاتوو لە كوەیت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە دوای شەڕی داعش ببەسترێت، یارمەتییەكان وەربگرێ.

نێچیرڤان بارزانی نامەیەك بۆ عەبادی دەنێرێ‌

بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا، فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق نامەیەكی ئاراستەی هەر یەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، دەستەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقیش داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی فەرمی ئاراستەی حەیدەر عەبادی كردووە و داوای كردووە كە ناكرێ‌ لە رێگای كۆنگرەی رۆژنامەڤانی وەڵامی یەكدی بدەنەوە، دواجار دەبێ‌ كێشەكان بە دانوستاندن چارەسەر بكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراق وەڵامی نامەكەی نەداوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە