کارگەی جگەرەی سلێمانی دەکرێتە سەنتەرێکی هونەری

27-07-2018
وەزارەتی پیشەسازی کارگەکە رادەستی وەزارەتی رۆشنبیری دەکات
وەزارەتی پیشەسازی کارگەکە رادەستی وەزارەتی رۆشنبیری دەکات
نیشانەکردن وەزارەتی رۆشنبیری سلێمانی
A+ A-

رووداو-سلێمانی

کارگەی جگەرەی سلێمانی ماوەی 15 ساڵە بە تەواوی لەکارکەوتووە و بەرپرسانی وەزارەتی پیشەسازی و رۆشنبیری هەرێمی کوردستانیش رێککەوتوون، کارگەکە بکرێتە سەنتەرێکی هونەری.


بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەڵێن، بە نیازن گەورەترین سەنتەری هۆنەری لە ئاستی عێراق لەنێو کارگەی جگەرەی سلێمانی بکەنەوە و بۆ دەستنیشانکردنی بەشەکانیشی بڕیارە کۆنفرانسێکی تایبەت بەڕێوەببەن. 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەشێک لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە هونەرییە دەستیپێکردووە. لە مەراسیمی کردنەوەی شانۆی رۆمانیدا وەزیری رۆشنبیری ئەو چاوەڕوانییەی هونەرمەندانی سلێمانی رەواندەوە کە ساڵانێکە داوا دەکەن کارگەی جگەرە بکرێتە ناوەندێکی هونەری.

کارگەکە دەکرێتە گەورەترین سەنتەری هونەری لە عێراقدا و لەگەڵ مۆزەخانەی سەرا 7 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە، چەندین هۆڵی  شانۆ، سینەما و ستۆدیۆی میوزیک و کتێبخانە و چەند ناوەندێکی فێرکاری هونەریی تێدا بنیات دەنرێت و دەکرێتە ناوەندێک بۆ فێستیڤاڵە هونەرییە گەورەکان.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاتێک تاپۆکە تەواوبوو کۆنفرانسێک بکەین بە ئامادەبوونی رۆشنبیرانی سلێمانی و ئەوانەی ئەهلی هونەرن و پەیوەندیان هەیە بە کایەی هونەریەوە، داوایان لێبکەین لەو کۆنفرانسەدا رای خۆیان بڵێن چۆن بکرێت یاخود سلێمانی چی پێویستە، بەڕای من سلێمانی ئێستا پێویستی بە هۆڵی دیکەی سینەما هەیە، پێویستی بە مۆزەخانەیەکی مۆدێرن هەیە، پێویستی بە کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی هەیە، پێویستی بە زۆر شتی دیکەیە کە دەبێت ئەو کۆنفرانسە یەکلایی بکاتەوە".

زەوی کارگەکە موڵکی وەزارەتی پیشەسازییە و بۆ گۆڕینی بە ناوەندێکی هونەری، دەبێت زەوییەکەی بکرێت بە ناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، ئێستا بەشێکی زەوییەکە موڵکدارێتییەکەی گوازراوەتەوە و بەشەکەی دیکەشی کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەو کاتە دەبێت کە داواکاریی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانی جێبەجێکرا.

محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری پیشەسازی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی خۆمان لاریمان نییە لەبەر ئەوەی بۆ پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی کولتووری و رۆشنبیرییە بۆ شارەکە و هەرێمی کوردستان، بەڵام داواکاریی ئەوەمان هەبووە ئێمە ئەم فەرمانگانە کە ساڵانێکە لێرەداین مافی خۆمانە وەک هەموو فەرمانگەکانی دیکە شوێنێکی گونجاو و شیاومان بۆ دابنێن بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بگوازینەوە بۆ ئەوێ و تیایدا ئیش و کارەکانی خۆمان بکەین".

کارگەی جگەرەی سلێمانی لە ساڵی 220-ەوە لەکار کەوتووە و ساڵانی دواتریش ئامێرەکانی فرۆشران، زەوییەکەی نزیکەی 25دۆنمە و چەندین هۆڵی گەورەی تێدایە، بۆ گۆڕینی بە سەنتەرێکی هونەریش رووکاری دەرەوەی تەلارەکانی وەک بەشێک لە مێژووی شارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ناوەوە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە