رووداو - سۆران
کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکەی خورماتوو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن ، هاوکارییان بکرێت.
سەید عومەر ، کە وەک چێشتلێنەر لە فەوجی 116ـی خورماتوو کاریکردوە، لە شەوی 26-1-2017، دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەریان بەدیل گیرا.
وەک خێزانەکەی دەڵێن، سەید عومەر بیرکۆڵ و نابیستە، گوێی لە شەڕ و تەقە نەبووە، چەند چەکدارێکی داعش دزەیان کردووەتە نێو بارەگای پێشمەرگە و لە چێشتخانەکەدا بردوویانە.
سەید عومەر پێنج منداڵی هەیە دوو کچیان نابیست و بیرکۆڵن، لە خانوویەکی کرێدان لە سۆران، چوار رۆژە منداڵەکانی بەردەوام لە بەردەرگای ماڵەکەیاندا چاوەڕێی هەواڵی خێرن.
شه‌مس حاجی، هاوژینی پێشمه‌رگه دیله‌كه بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تا بڵێیت فه‌قیرحال بوو ، هه‌ستی به زۆر شت نه‌ده‌كرد، ئه‌و نه‌یده‌توانی چه‌ك هه‌ڵبگرێت، به‌ڵكو بۆ چێشت لێنان ببوو به پێشمه‌رگه، تاوەکو مووچه‌یەک بۆ ئێمه په‌یدا بكات و كرێی خانووی لێ بده‌ین و پێی بژین، ئێستاش دوای خوای گه‌وره چاوم له سه‌رۆك و حكومه‌ته هه‌وڵی ئازاد كردنی بده‌ن".
هالیا و دالیا هاوشێوه‌ی باوكیان نابیستن و ته‌نها به زمانی جه‌سته له باره‌ی باوكیانه‌وه ده‌دوێن، دونیا كه توانای ئاخاوتنی هه‌یه و ئه‌ویش دونیایەک نیگه‌رانی لێ به‌دی ده‌كرێت و به‌ر له رۆشتن باوكی به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێداوه بۆ جه‌ژن.
دونیا سه‌ید، كچی پێشمه‌رگه دیله‌كه دەڵێت "كه‌ڕۆیشت به‌ڵێنی پێمان‌دا بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان بێته‌وه، كه‌چی نه‌هاتووەتەوە، داواكارم له وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه و حكومه‌تی هه‌رێم باوكم بۆ بهێننه‌وه".
ئەو خێزانە داواش لە هۆزە عەرەبەکانی حەویجە دەکەن هاوکارییان بن و نەهێڵن داعش هەمان مامەڵەی پێشمەرگە دیلەکانی پێشووی لەگەڵ بکات.
سه‌ید عومه‌ر ته‌مه‌نی 39 ساڵه‌و خاوه‌ن 5 منداڵه، 14 ساڵه پێشمه‌رگه‌یه شه‌وی 26 ئه‌م مانگه له دوز خورماتوو له كاتی هێرشێكی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به دیل ده‌گیرێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ