شانۆیی 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ' لە سلێمانی نمایشدەکرێت

24-05-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ' هۆرێن غەریب سۆران عوسمان 'دوا رۆژەکانی بابلۆ'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە سەرەتای حوزەیرانی داهاتوو، نمایشی شانۆیی 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ' لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری سلێمانی دەستپێبکات و نمایشەکە بۆ رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت. 
 
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆیی 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ' بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئیلهامی ئەم شانۆییە لە دەقێکی شیعریی ماردین ئیبراهیمی شاعیر وەرگیراوە و دەرهێنەر هۆرێن غەریب کاری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بۆ شانۆ و دەرهێنانی کردووە، هەروەها کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ کاری بەرهەمهێنانی شانۆییەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
بەرهەمە شانۆییەکە لە 2ـی حوزەیرانی 2023 دەستپێدەکات و رۆژانە لە کاژێر 5:00ـی ئێوارە لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایشدەکرێت.
 
بەرهەمهێنەری 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ'، راشیگەیاند، لەم بەرهەمە شانۆییەدا ژمارەیەک ئەکتەری دیار رۆڵدەگێڕن، لەوانە، پێشڕەو حوسێن، تاهیر عەبدولواحید، رووبار ئەحمەد، سەوسەن عومەر، میران شێرزاد و ژمارەیەکی دیکە لە ئەکتەرانی لێهاتووی بواری شانۆ.
 
چیرۆکی بەرهەمە شانۆییەکە، لەوێوە دەست پێدەکات کە بەهۆی جەنگەوە شارۆچکەیەک وێران دەبێت و جەنگ سەرتاپای شارۆچکەکە دەکات بە وێرانە، تێیدا باس لە رافائیل دەکات کە جەنگاوەرێکە لەدوای هەموو جەنگێک دڕندانەتر دەردەکەوێتەوە، بە زۆر کوڕەکەی رەوانەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هاوژین و کچانی رافائیل بێ ئاگان لەو هەموو جەنگە بێهودانەی پیاوان هەڵیدەگیرسێنن. کۆڵەکەی ماڵەکە لەسەر پشتی دایکەکە وەستاوە و لەو ساتەی بڕیار دەدات بڕوات و سەری خۆی هەڵبگرێت هەموو شتەکان وێرانتر دەبن و شیرازەی ماڵەکە دەپچڕێت. لێرەشەوە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەرهێنەر بینەران ئاوێتەی شانۆییەکە دەکات و دەیانکات بە بەشێکی دانەبڕاو لە رووداوەکانی دواتری 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ'.
 

سۆران عوسمان، خاوەنی کۆمپانیای 'سۆ مارکێتینگ'ـە، جگە لە کاری پرۆدیوسەری بۆ شانۆیی 'تۆ مەچۆ بۆ شەڕ'، لە 2022 شانۆیی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ'ـی بەرهەمهێنا کە بە یەکێک لە پڕبینەرترین بەرهەمە شانۆییەکان لەسەر ئاستی باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکە بووە لە هەولێر. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە