چەند رێگەیەکی سرووشتی بۆ درێژبوونی باڵای منداڵ

25-04-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن باڵا
A+ A-

د. دەوەن دڵشاد عەبدوڵڵا*

رووداو- هەولێر


کاتێک باسی درێژی باڵای منداڵ دەکرێت، جۆرەها فاکتەر کاریگەرییان دەبێت لەسەر درێژبوونی منداڵ لە نێوانیاندا فاکتەری بۆماوەیی بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی زانینی درێژبوونی منداڵ دادەنرێت، لەپاڵ فاکتەری بۆماوەیی، خواردنی تەندروست زۆر گرنگە بۆ ئەوەی منداڵەکەت بە تەواوی لە درێژبوون نەوەستێت و گەشە بکات. 
هۆڕمۆنی گەشە کە لە خانەکانی مێشک دەردەدرێت وا لە منداڵ دەکات کە باڵای درێژبێت، کاتێک کە منداڵ خواردنی تەندروست دەخوات رێژەی دەردانی ئەم هۆڕمۆنە زیاددەکات کەواتە درێژی باڵای زیاتردەبێت.

ئەو خۆراکانەی کە یارمەتی درێژبوونی باڵا دەدەن
1- شیر
شیر دەوڵەمەندە بە کالسیۆم کە یارمەتی درێژبوون و بەهێزبوونی ئێسکەکانی جەستە دەدات.
ڤیتامین A لە شیردا یارمەتی ئێسک دەدات لە هەڵمژینی کالسیۆم. شیر سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە کە یارمەتی گەشەی خانەکانی لەش دەدات، پێویستە منداڵ لە رۆژێکدا دوو پەرداخ شیری گونجاو بۆ تەمەنی خۆی بخواتەوە¬.

2- میوە و سەوزە
خواردنی خۆرەها میوە و سەوزە فاکتەری گرنگی گەشە و پێشکەوتنی منداڵن. رێژەیەکی باش لە ریشال، ڤیتامینەکان، پۆتاسیۆم و ترشی فۆلیکی تێدایە.

3- دانەوێڵە
دانەوێڵەکان سەرچاوەی گرنگی وزەن، هەروەها سەرچاوەی ریشال، ڤیتامینەکان، ئاسن، مگنیسیۆم و سیلینیومن، دانەوێڵە سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ منداڵی پێگەیشتوو.

4- شۆفان
کاریگەری شۆفان لەسەر درێژبوونی منداڵ سەرسورهێنەرە، سەرچاوەی گرنگی پڕۆتینی رووەکییە یارمەتی زیادبوونی گەشەی ماسوولکەکان دەدات و رێژەی چەوری لەشی کەم دەکاتەوە.
پێویستە منداڵ بەیانیان شۆفان بخوات بۆ ئەوەی گەشەیەکی تەندروستی هەبێت.

5- هێلکە
ئەمەیان سەرچاوەی گرنگی پڕۆتینەکان و ڤیتامین B12ـە، رێگە بە منداڵەکەت بدە رۆژانە لانیکەم ١ هێلکە بخوات، ئەگەر دەتەوێت درێژی باڵای باش بێت.

6- گۆشتی مریشک
خواردنی مریشک لەلایەن منداڵەوە دەبێتەهۆی گەشەکردنی ماسولکەی لەش و شانەکانی لەش چونکە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین.

7- سۆیا
دەنکە سۆیا دەوڵەمەندە بە پرۆتینەکانی رووەکی کە گرنگن بۆ گەشەی ئێسک و شانەکانی لەش.

8- شیرەمەنییەکان
پەنیر و ماست لە نموونەی شیرەمەنییەکانن کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکانی A,B,D,E و هەروەها کالسیۆم. ڤیتامینD  و کالسیۆم یارمەتی درێژبوونی باڵا دەدەن.

9- گۆشتی سوور
یەکێکە لە سەرچاوە هەرە دەوڵەمەندەکانی پڕۆتینی ئاژەڵی. پێویستە منداڵ رێژەی دیاریکراو لە گۆشتی سوور بخوات، خواردنی زۆری گۆشتی ئاژەڵ دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیسترۆڵ.

10- ماسی
ماسی سەلمون و تونا دوو جۆری ماسین کە دەوڵەمەندن لە ڤیتامین D و پڕۆتین، کاریگەرییان زۆرە لەسەر درێژبوونی باڵای منداڵ. 

هەندێک رێگەی دیکە هەن کە جگە لە خۆراک، دەتوانین  هەیە کە دەتوانی پەیڕەویان بکەیت بۆ درێژبوونی باڵای منداڵ. 

پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر ¬رۆژی لەدایکبوونی منداڵ دەبینیت کە گەشەی منداڵ سست بووە و دیسانەوە گەشەی درێژبوون زیاددەکاتەوە کاتێک منداڵەکەت دەگاتە قۆناخی پێگەیشتن.

کچ زیاترین کاتی درێژبوونی باڵای لە نێوان ٨-١٣ ساڵی تەمەنییەتی لە کاتێکدا کوڕ لە ١٠-١٥ ساڵیدا زۆر باڵای زیاد دەکات.


هەندێک رێگەی سروشتی کە یارمەتی باڵا دەدەن کە تەندروست زیاد بکەن.

1- پێویستە منداڵ کاتی نوستن و هەستانی رێکخراو بێت و شەوان لانیکەم ١٠ کاژێر بخەوێت. هەروەها دەبێت رۆژانە لە هەمان کاتدا بخەوێت لە رۆژانی پشوودا هەر هەمان کات بخەوێت و هەڵبستێت لە خەو.
2- پێدانی خواردنی دەوڵەمەند بە پڕۆتین، ئەگەر منداڵەکەت خواردنی سستە پێویستە لە نێوان ژەمەکان خواردنی سوکی پڕ پڕۆتینی پێ بدەیت وەک چەرەز.

- پێویستە یارمەتی منداڵەکەت بدەیت کە رۆژانە وەرزش بکات.

3- خواردنی جۆرەها خواردن وەکو میوە و سەوزە، شیرەمەنی، گۆشت و شلەمەنی بەشێوەی رێک و پێک.


*پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە