خوێندنی باڵا: ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یان زیاتریان لە ئێواران دەخوێنن 50٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت

04-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن خوێندنی باڵا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕی 50٪ داشکاندن لەکرێی خویندن بۆ ئەو خێزانانە دەکرێت، کە دوو خوێندکار یان زیاتریان بەشێوەی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، هەروەها شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی بەغدا دەکات بەمەبەستی دانپێدانانی ئەو زانکۆیانەی، تائێستا لەلایەن بەغداوە دانیان پێدا نەنراوە.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، لەدوایین سەردانی شاندی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق بۆ هەولێر، ماوەی هەفتەیەک مانەوە، هەموو ئەو دەرچووانەی ناویان هەبوو، کۆدەکانیان کاراکرا، ئەو دەرچووانەی دادەمەزرێن بەگوێرەی پێویستیی فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق دادەمەزرێن و مەرج نییە ببنە میلاکی وەزارەتی خوێدنی باڵای عێراق.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی کۆدیان بۆ کاراکراوە، لە چەند توێژێکن، سێ دەرچووی یەکەمی سەر زانکۆ و پەیمانگەکان، هەزار و 856 کەس، هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، 224 کەس کۆدیان بۆ کاراکراوە، هەروەها ئەمڕۆ گشتاندن بۆ دوو هەزار و 139 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی سەردانی شوێنەکانیان بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.
 
لەبارەی شوێنی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە، د. توانا نەجەف دەڵێت، ئەو کەسانە بەگوێرەی پێویستیی فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی دادەمەزرێن و ئەوانەشی کە دامەزراندنەکە گرتوونیەتییەوە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوە بووە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بن.
 
تائێستا چەند زانکۆیەکی حکومی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدانەنراوە، ئەوەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی دەرچووانی ئەو زانکۆیانە بێبەش ببن لە دامەزراندنەکە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "هەر زانکۆیەک لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانی پێدانەنرابێت، دامەزراندن نایانگرێتەوە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بەهۆی دانپێدانەنانی زانکۆکەیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە گردبوونەوە و داوایانکرد بگوازرێنەوە بۆ سەر زانکۆی سلێمانی.
 
د. توانا نەجەف گوتیشی "ئەو زانکۆیانەی تائێستا دانیان پێدانەنراوە، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی چەرموو، زانکۆی راپەڕێن (چەند مەرجێکی ماوە دانی پێدابنرێت)ـن، کە بەزووترین کات لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو زانکۆیانەی عێراق تائێستا دانی پێدانەناون."
 
بەشێک لە کەسوکاری ئەو خوێندکارانەی زیاد لە خوێندکارێکیان لە زانکۆ حکومییەکان بە سیستمی ئێواران دەخوێنن، لەرێگەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن هاوشێوەی سیستمی پارالێل داشکاندن لە کرێی خوێندن بیانگرێتەوە.
 
د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بەگوێرەی گشتاندنێکی نوێ کە ئەمڕۆ ئاراستەی زانکۆکان دەکرێت بڕیاردراوە؛" هەر خێزانێک دوو خوێندکار یان زیاتریان بەشێوەی سیستمی پارالێڵ یان ئێواران بخوێنن، داشکاندنیان بۆ دەکرێت بە بڕی 50٪ بۆ هەر یەکێکیان، ئەم داشکاندنە لەدوای ئەو داشکاندنە گشتییە دەکرێت کە بەڕێژەی 45٪ بۆ کرێی خویندن لە زانکۆ حکومییەکان بڕیاری لێدراوە، بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2023 جێبەجێدەکرێت."
 
چەند خویندکارێک پەیوەندییان بە رووداو کردووە دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری خویندنی باڵا هەیە بۆ ئەوەی زانکۆکان بە دینار کرێی خوێندن وەربگرن، بەڵام بەشێکیان هێشتا بە دۆلار مامەڵە دەکەن.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی خویندنی باڵا دەڵێت، "زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2013 دامەزراون، بەگوێرەی یاساکە، زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان 100٪ سەربەخۆن لەرووی کارگێڕی و داراییەوە، ئێمە وەکو وەزارەت دەتوانین چاودێریان بین چەند خوێندکار وەردەگرن."
 
توانا نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، دەتوانن زانکۆکان پابەند بکەن بە دینار مامەڵە بکەن، گشتاندنیان بۆ هەموو زانکۆ ناحکومییەکان کردووە کە هەموو مامەڵە داراییەکانیان بە دینار بێت، بەڵام ناتوانن بڵێن دەبێت دۆلار بە 132 هەزار هەژمار بکەن."
 
 
دەقی هەڤپەیڤین بە دەنگ:
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن